سه‌رۆك بارزانی و عه‌لی قه‌ره‌داغی زمانی هه‌ڕه‌شه‌ و نكۆڵیكاری ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌

سەرۆک بارزانی له‌گه‌ڵ ئەمینداری گشتی یەکێتیی جیهانی زانایانی موسڵمان و شاندێکی هاوبەشی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی و رێکخراوی رابیتەی مرۆیی لە کوردستان كۆبووه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ سێشەممە 22ـی تشرینی دووەمی 2022، لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە دكتۆر عەلی قەرەداغی، ئەمینداری گشتی یەکێتیی جیهانی زانایانی موسڵمان و شاندێکی هاوبەشی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی و رێکخراوی رابیتەی مرۆیی لە کوردستان كرد.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی باره‌گای بارزانی، لە كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بارودۆخی عێراق و ناوچەكە تاوتوێ كراوه‌ و بیروڕا لەبارەی تەحەددی و هەڕەشەكانی بەردەم سەقامگیری و ئاشتەوایی لە ناوچەكە و جیهان ئاڵوگۆڕ كراون.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی باره‌گای بارزانیدا هاتووه‌: له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جەخت لە ڕەتكردنەوەی زمانی هەڕەشە و نكۆڵیكاری كراوه‌ و ئەوەش خرایەڕوو كە زمانی دیالۆگ و ئاشتیخوازی باشترین ڕێگەیە بۆ چارەسەركردنی كێشە و قەیرانەكانی ناوچەكە.

ئاماژه‌ به‌وه‌شدراوه‌، لە بەشێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بارودۆخی ناوخۆی كوردستان، بار و گوزەران و نیگەرانییەكانی خەڵكی كوردستان گفتوگۆی لەسەر كرا.