سەرۆک بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی چین لە عێراق کۆبووەوە

سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی چین لە عێراق و شاندی یاوەری کۆبووەوە و، لە کۆبوونەوەکەدا شاندی میوان پیرۆزباییان لە سەرۆک بارزانی کرد بەبۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەی چواردەیەمینی پارتی دیموکراتی کوردستان.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی، ئەمڕۆ سێشەممە (22ی تشرینی دووەمی 2022) سەرۆک بارزانی پێشوازی لە تسوی وی، باڵیۆزی چین و شاندی یاوەری کرد.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدرا، شاندی میوان پیرۆزباییان لە سەرۆک بارزانی کرد بەبۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەی چواردەیەمینی پارتی دیموکراتی کوردستان و دووبارە هەڵبژاردنەوەی سەرۆک بارزانی وەک سەرۆکی پارتی.

شاندەکە پیرۆزباییان لە هەڵبژاردنی جێگرانی سەرۆک و سەرکردایەتییەکەی پارتیش کرد و هیوای سەرکەوتنیان خواست لەکارەکانیاندا، هەروەها پێزانینییان بۆ پەیوەندییە توندوتۆڵ و لەمێژینەی نێوان هەردوولا هەبوو کە لەسەر بنەمای رێزگرتنی هاوبەش بنیاتنراوە.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، شاندی یاوەری باڵیۆزی چین داوای پابەندبوونی بۆ جێبەجێکردنی ئەو کارنامەیە کرد کە لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقی فیدراڵدا رێککەوتنی لەسەر کراوە، ئەویش لەپێناو بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لەرێگەی دیالۆگەوە.