مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی راسپارد کە پێداچوونەوە بە هەموو ئەو شوێنە گشتی و تایبەتانەی ئەم جۆرە سیستەمە بەکاردەهێنن بکەن و لێکۆڵینەوەی جددی و ورد لە بارەی جۆری غازەکە و لایەنە جێبەجیکارەکان و هۆکارەکانی رووداوەکانی سلێمانی و دهۆک بکەن.
سەربەلەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 22ی نۆڤێمبەر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە هۆکاری رووداوەکانی تەقینەوەی غاز لە سلێمانی و دهۆک کرد.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکە، سەرۆکی حکومەت پرسە و سەرەخۆشی قووڵی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییەکان کرد و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارانی ڕووداوەکان خواست.
سەرۆکی حکومەت بە ڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە، باسی لە گیانفیدایی و قوربانیدانی رائید عەلی بەرواری جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاکەوتنی دهۆک و پۆلیسە هاوکارەکانی کرد کە لە پێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و بەتایبەتی قوتابییان، خۆیان کردە قوربانی.
سەرۆکی حکومەت لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی راسپارد کە پێداچوونەوە بە هەموو ئەو شوێنە گشتی و تایبەتانەی ئەم جۆرە سیستەمە بەکاردەهێنن بکەن و لێکۆڵینەوەی جددی و ورد لە بارەی جۆری غازەکە و لایەنە جێبەجیکارەکان و هۆکارەکانی رووداوەکانی سلێمانی و دهۆک بکەن، تا دەرکەوتنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەش، بڕیاردرا بەکارهێنانی سیستەمەکە لەو شوێنانەی بەکاردەھێنرێت، رابگیرێت.