لەبەغدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبۆوە

ئەمڕۆ سێشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەسەردانێك گەیشتە بەغدا و لە میانیدا لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبووەوە.
لەوبارەیەوە نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاویكردۆتەوە كە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، محمد شیاع سودانی پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری كردووە.
بە پێی راگەیەنراوەكەی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لەدیدارێكدا سوودانی گرنگی یەك هەڵوێستی لەسەر ئاستی نیشتیمانی بەرزنرخاندووەو یەكڕیزی و هەماهەنگی بۆ رووبەرووبوونەوەی ئاڵنگاری ئابووری و باری بژێوی ژیان و خزمەتگوزاریەكان بە پێویست زانیوە، بەمەبەستی دابینكردنی ژیانێكی خۆشگوزاران بۆ هەموو هاووڵاتیان لەسەرانسەری عێراق. 
هەروەها سەرۆك وەزیرانی عێراق دووپاتی كردۆتەوە كەحكومەتی فیدراڵ پێگیرە بەدەستووری عێراقی بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵاواسراوەكان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەك كەمافی هەموو پێكهاتەكان زامن بكات. 
هەر بە گوێرەی راگەیەنراوەكە لەلای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی كردووە بەبۆنەی متمانە وەرگرتنی حكومەتەكەی و گەشبینی خۆشی راگەیاندووە بەتواناكانی حكومەتی نوێ بۆ گواستنەوەی وڵات بۆ قوناغێكی جیاوازتر كە زمانی لێكتێگەیشتن و چارەسەری تێدا زاڵ بێت. 
هەروەها لەدیدارەكەدا گفتوگۆ لەسەر پرسی ئەمنی لەناوچە سنوورییەكانی عێراق كراوەو جەختیشكراوەتەوە لەسەر هاوكاری بۆ پاراستنی سەروەری عێراق و رەتكردنەوەی بەزاندنە بەردەوامەكانی، هەروەها كاركردن لەپێناو رێگریكردن بۆ ئەوەی خاكی عێراق نەبێتە پێگەی هێرشكردن بۆ سەر هیچ وڵاتێك لەوڵاتانی دراوسێ.