دوای فەرمانی سەرۆکی حکوومەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان، زەویی سندووقی ڕێگەپێدانیان پێ دەدرێت

دوای فەرمانی سەرۆکی حکوومەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەویی سندووقی ڕێگەپێدان بۆ زەویی سندووقی دەکرێتەوە و گوتەبێژی وەزارەتی شارەوانییش دەڵێت، لیژنەیەک خەریکی جێبەجێکردنی بڕیارەکەیە.

کوردۆ شابان، گوتەبێژی وەزارەتی شارەوانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کێشەی زەویی سندووقی چارەسەر کراوە و لیژنەیەکی باڵا پێک ھاتووە بۆ گرتنە بەری ڕێکاری یاسایی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و سنووری شارەوانییەکانی دەوروبەری ھەولێر، چونکە زیاتر کێشەی زەویی سندووقی لەو سنوورانە ھەیە.”
گوتەبێژی وەزارەتی شارەوانی دەشڵێت: “چونکە ماوەیەکی زۆرە ھاووڵاتییانی ئەو سنوورانە داواکاری پێشکەش دەکەن بۆ چارەسەرکردنی زەویی سندووقی، کە مەبەست لێی ئەو زەوییانەیە سێ لایان کراوەتە خانوو دەیانەوێت ڕێگە بەوانیش بدرێت بۆ دروستکردنی خانوو.”
کوردۆ شابان ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “لیژنەی تایبەتمەند پێداچوونەوە دەکات بە ڕێنمایییەکاندا و بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەخرێتە واری جێبەجێکردنەوە، بەو ھەنگاوەش ھاووڵاتییان سوودمەند دەبن لە ڕێگەپێدان بۆ ئەو زەوییانەی سندووقین و بە ھەڵواسراوی ماونەتەوە.”