سلێمان تاشان – هه‌ولێر
سوپای پاسدارانی ئێران، جارێکی تر سەروەریی خاکی عێراقی پێشێل کرد و بێ ئاوڕدانەوە لە قانوون و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان، هێرشی کردە سەر قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان؛ ئەمەش نیگەرانیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدواوە بووە و هێرشەکە بە توندی سەرکۆنە کراوە و داوای ڕاگرتنی دەکرێت.
به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی دووشه‌ممە ٢١ی تشرینی دووه‌م، سوپای پاسدارانی ئێران، بۆ جاری سێیه‌م له دوو مانگی ڕابردوودا، به مووشه‌كی بالیستی و درۆنی بۆمبڕێژکراو، هێرشی كرده‌وه سه‌ر باره‌گاكانی حزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له كۆیه و كه‌مپی جێژنیكان له شارەدێی به‌حركه لە باکووری هه‌ولێر و زڕگوێز له سلێمانی.
هێرشەکەی جێژنێکان بە درۆن و هی کۆیە بە مووشەک بووە کە بارەگا و کەمپی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی لێیە و هاوکات زڕگوێزیش کە بارەگاکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشان و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی لێیە، بە درۆن هێرشی کراوەتە سەر. ئ و هێرشەش چەند سەعاتێک دوای ئەوە هات کە ئەو دوو حزبەش یەکگرتنەوەیانێ ڕاگەیاند.
لە ئەنجامی هێرشەکە پێشمەرگەیەکی حزبی دیموکرات لە کۆیە شەهید بوو. بە گشتی هێرشەکە هەڵوێستی توندی ئەمەریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و یۆنامی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لێ کەوتەوە.
هەر دوای هێرشەکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە توندترین شێوە هێرشەکەی سەرکۆنە کرد و بە پێشێلکاریی بەردەوامی سەروەریی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەلایەن ئێرانی لە قەڵەم دا و گوتی: هێرشەکە ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت و پێشێل کردنێکی ئاشکرا و زەقی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندیی دراوسێیانەیە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی داوای لە ئێران کرد ئەم شاڵاوە لە دژی ھەرێمی کوردستان ڕابگرێت، چونکە سەقامگیری ھەرگیز لەڕێگەی توندوتیژییەوە دەستەبەر نابێت. داواشی لە دۆست و ھاوبەشانی لە حکوومەتی فیدراڵی و نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد ھەڵوێستێکی ڕوون و ڕاشکاویان بەرامبەر ئەم ھێرشە بەردەوامانەی ئێران ھەبێت.
جێی باسە لەدوای هێرشەکە، به‌ریتانیا له دژی هێرشه‌كانی سوپای پاسداران بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، هه‌ڵوێستی وه‌رگرت و ڕای گه‌یاند، هێرشه‌كه بێ پاساوه و بەریتانیا لە پشتیوانیی هه‌رێمی كوردستاندا بەردەوام دەبێت. دایڤید هه‌نت، كونسوڵی گشتیی به‌ریتانیا له ڕایگەیاند: جارێكی تر دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن سوپای پاسدارانه‌وە ڕووبه‌ڕووی هێرشی مووشه‌كی و درۆن ده‌بنه‌وه. پێداگری كرد له‌وه‌ی به‌ریتانیا به‌رانبه‌ر ئه‌و ده‌ستدرێژییه بێ پاساوه، پاڵپشتی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت.
كونسوڵگەر‌یی ئه‌مه‌ریكا له هه‌ولێریش ڕایگەیاند: ئێران بەو هێرشانە ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنی خستووه‌ته مه‌ترسییه‌وه و بووه‌ته هۆی وێرانكردنی ژێرخانی عێراق. هاوکات داوای کرد ئه‌م هێرشه بێباكانه‌ی ئێران بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان بوه‌ستێنرێن.
لە لایەکی ترەوە یۆنامی، ئه‌ڵمانیا و كۆمه‌ڵێك وڵات و دامه‌زراوه‌ی تر، هێرشی ئێران بۆ سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستانیان سه‌ركۆنه كرد.
ئێران ماوەیەکە بە هەڕەشە داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان چەک بکات و لە عێراق دووریان بخاتەوە، داواکارییەک کە زیاتر بە بیانوو هەژمار دەکرێت.
ئێران هۆی خۆپێشاندان و ئاڵۆزییەکانی ناوخۆی ئێرانی گرێ داوە بە حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتێکدا ئەوان هیچ هێزێکیان ڕەوانەی ئەو دیو سنوور نەکردۆتەوە و ئەوەی لە کوردستان و تەنانەت تەواوی ئێران ڕوو دەدات خۆپێشاندانێکی جەماوەریی خۆڕسکە و ٦٧ رۆژە درێژەی هەیە.
بەر لەم هێرشەکە، عەلی عەونی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان رای گەیاندبوو ”ئه‌وه ئێمه نین كه بووینه‌ته هۆكاری نائارامی و خۆپێشاندان و تێكچوونی باری ئاسایش و ئابووریی ئێوه، ئه‌وه سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی ئێوه‌یه كه ئێوه‌ی گه‌یاندووه‌ته ئه‌م ئاسته له شكست. ئێوه ئه‌گه‌ر نه‌ك هه‌رێمی كوردستان داگیر بكه‌ن، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر هه‌موو وڵاتانی كه‌نداویش داگیر بكه‌ن كه خه‌ونیشی پێوه ده‌بینن، هه‌ر دیسان باری لارتان راست نابێته‌وه”
پێویستە بگوترێ سوپای پاسداران لە ١٤ی ئەم مانگەش هێرشی مووشه‌كیی ودرۆنی كردبووه سه‌ر بنكه و باره‌گاكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران له كۆیه، کۆمەڵە لە زڕگوێزی سلێمانی و بۆ ماوه‌یه‌كیش سنووری سیده‌كانی تۆپباران كرد. له‌و هێرشانه‌دا له كۆیه دوو كه‌س شه‌هید و شه‌ش کەسی تر بریندار بوون و زیانی مادیش به‌ر باره‌گاكانی هه‌ردوو حزب كه‌وت.
پێشتریش له رۆژی چوارشه‌ممە ٢٨ی ئه‌یلوول، ئێران بە هەمان شێوە بە هێرشی مووشەکیی و درۆن، بارەگاکانی حزبی دیموكرات له كۆیه، پارتی ئازادیی كوردستان له شێراوەی پردێ و كۆمه‌ڵه‌كان له زڕگوێزی كردبووە ئامانج. کە ده‌یان شه‌هید و برینداری لێ كه‌وته‌وه و سه‌دان خه‌ڵكی سڤیل ژیانیان كه‌وته مه‌ترسییه‌وه و ماڵه‌كانیان چۆڵ كرد.
جگە لە هێرش بۆ سەر حزبە کوردییەکان، ئێران لە رابردوودا راستەوخۆ یان لە رێی میلیشیاکانی، بەردەوام مەترسی بۆ سەر فڕۆکەخانە، دانیشتووانی مەدەنی و وێستگەکانی کارەبا دروست کردووە.