قەبارەی هاوردە لەئێرانەوە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کەمی کردووە

ئاماری هەناردەی بازرگانیی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق لە ماوەی حەوت مانگی ڕابردوو، کەمی کردووە و ئاستی هەنارەدە لەو حەوت مانگە هێشتا نەگەیشتۆتە نیوەی ئاستی هەناردەی ساڵی رابردوو. دۆخی سیاسی و ناوخۆی ئێران و هاتنی وڵاتانی نوێ بۆ ناو بازاڕەکانی عێراق بە گرنگترین هۆی ئەو دابەزینە هەژمار دەکرێن.

بەپێی نوێترین ئاماری ژووری هاوبەشی بازرگانیی نێوان عێراق و ئێران، ئەو وڵاتە لە ساڵی رابردوودا مانگانە، بە تێکڕا بەهای ٦٠٠ ملیۆن دۆلار شتومەکی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ڕەوانە کردووە، بەڵام ئەو ڕێژە لە مانگەکانی ڕابردوودا بۆ ٤٢٠ ملیۆن دۆلار دابەزیوە. لە سەرەتای نەورۆزەوە تا کۆتایی یەکەم مانگی پاییزی ئەمساڵ، واتە لە ماوەی حەوت مانگدا بە بەهای چوار ملیار و ٢٩ ملیۆن دۆلار کاڵا و شتومەک بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ڕەوانە کراوە.
سەید حەمید حسێنی، ئەندامی ژووری هاوبەشی بازرگانیی عێراق و ئێران، سەبارەت دابەزینی ئاستی هەناردەی کاڵاکانی ئێران بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و جێگرتنەوەی کاڵاکان بە کاڵای وڵاتانی تر، هەندێک پاساو دەهێنێتەوە، بەڵام پاساوی سەرەکی نین و پێشبینیشی کردووە لە شەش مانگی داهاتوودا ئێران قەرەبووی ئەو پاشەکشەیەی لە هەناردەی بازرگانی بکاتەوە.
ئەوڕوونی کردۆتەوە کە دابەزینی ئاستی ناردنی کاڵا، نەک لە ڕووی بەهاوە بەڵکوو لە ڕووی کێشی کاڵاشەوە دابەزیوە و شتومەکی کەمتر ڕەوانەی بازاڕەکان کراوە.هەرچەندە ئەو بۆ میدیا فەرمییەکانی ئێران پێشبینی کردووە قەبارەی هەناردەی مانگانە لە مانگەکانی داهاتوودا بۆ ٧٥٠ تا ٨٠٠ ملیۆن دۆلار بەرز بکرێتەوە بەڵام بە وردی دیاری نەکردووە ئەوە بە چ شێوەیەک دەکرێت.
هەر بە گوێرەی ئامارەکەی ژووری بازرگانیی ئێران، ساڵی ڕابردوو، ئەو وڵاتە بە بێ ئەو کارەبایەی بە عێراقی فرۆشتووە، بە بەهای نۆ ملیار دۆلار هەناردەیان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان هەبووە و لای وایە ڕاستە هەناردەی حەوت مانگ نەگەیشتووەتە نیوەی ئاستی هەناردەی ساڵی ڕابردوو، بەڵام ئەوەندەش دانەبەزیوە نەتوانرێت لە مانگەکانی داهاتوودا قەرەبوو بکرێتەوە.
هاوکات باس لەو هۆکارانەکراوە کە کاریگەرییان لە کەمبونەوەی هەناردە هەبووە و بەگوتەی ئەندامی ژوورەکە، پرسی دامەزراندنی حکوومەتی نوێی عێراقە کە پێیان وایە حکوومەتی پێشتر ئەو ڕێوشوێنانەی ئاسان نەکردووە کە بەهۆیەوە دەکرا کاڵای زیاتر هەناردە بکرێت.
پێویستە بگوترێت ئێران، لە ساڵانی ڕابردوودا هەموو هەوڵێکی خۆی داوە تا بتوانێت پێگەی بازرگانیی خۆی لە عێراق بەهێز بکات و تەنانەت پێش وڵاتانی تورکیا و چین بکەوێتەوە، کەچی تورکیا و چین زۆر لە پێشەوەی ئێرانن و تەنانەت هەندێک ڕکابەری نوێ وەک سعوودیە و ئیمارات هاتوونەتە ناو بازاڕەکە کە لە داهاتوودا ڕۆڵیان زیاتر دەبێت.
وڵاتێکی وەک چین تەنیا لە حەوت مانگی ڕابردوودا دوو هێندەی ئێران هەناردەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان هەبووە. هەناردەی پێداویستی ئەلیکترۆنی یەکێک لەو بابەتانەیە کە وایکردووە چین ڕۆڵی زیاتر لە بازاڕەکانی عێراق بگێڕێت.
تورکیا هەر لە زووەوە زیاتر لە ئێران ڕۆڵی هەبووە و ئێران لە ڕووی ئاستی هەناردەوە نەیتوانیوە ڕکابەری بکات.
بەرپرسەکەی ژووری بازرگانی ئێران دەڵێت، سێ جۆر کاڵا وایکردووە ئێران نەتوانێت ڕکابەریی تورکیا بکات یەکەمیان زێڕە کە هەر لە لایەن تورکیاوە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دابین دەکرێ، دووەمیان جلوبەرگ و سێیەمیان ماددە پلاستیکییەکانە، بەڵام لە کاڵاکانی تر تورکیا نەیتوانیوە ڕکابەریی ئێران بکات.
ئەو گلەیی لە حکوومتی ئێران کردووە کە سەرەڕای ئەوەی کە بە وڵاتێکی پێشکەوتوو لە بواری بەرهەمی پێترۆکیمیایی هەژمار دەکرێت، کەچی نەیتوانیوە لە بازاڕەکانی دەرەوە رۆڵ بگێڕێت و لە پرسی جلوبەرگیشدا ئێران خۆی زیاتر هاوردەکارە، چ بگا بەوەی کە بەرهەمەکە بۆ عێراق دابین بکات.
جێی باسە لە ساڵی ٢٠١٩ لەسەردەمی حەسەن |ڕوحانیدا، پلان هەبوو قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئێران لەگەڵ عێڕاق بۆ ٢٠ ملیار دۆلار بەرز بکرێتەوە بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٢ ئامانجی ئێران ئەوەیە بیگەیەنێتە نۆ ملیار دۆلار و ئەمەش بە واتای پاشەکشەی ئێران لە پرسی هەناردە لە قەڵەم دەدرێت.
ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی سزای توند بووەتەوە و لە دوو مانگی ڕابردووشدا دۆخێکی تایبەتیی بەسەر ئێراندا زاڵە و خۆپێشاندان تەواوی پارێزگاکانی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە. سەرجەم کەرتەکانی ئابووری پاشەکشەیان کردووە. هەردوێنێ دامەزراوەیەکی ناوخۆیی ئێران ئاشکرای کرد کە لە دوو دەیەی ڕابردوودا ٢٥% لە ژمارەی جووتیارانی ئێران کەمی کردووە.
سەرووی ٦٠%ی ئەو کاڵایانەی ئێران ڕەوانەی بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانی دەکات لە ڕێی دەروازە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستانەوەن. عێراقیش وڵاتێکی هاوردەییە و ساڵانە قەبارەی هاوردەکەی لە جیهاندا دەگاتە سەرووی ٥٠ ملیار دۆلار و بۆیەش وڵاتان هەوڵ دەدەن لەو بازاڕەدا پشکی سەرەکییان بەرکەوێت.

ھەواڵی زیاتر