سیپان شێروانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق؛لەسەر داوای فراکسیۆنی پارتی پەرلەمانی عێراق لەبارەی هێرشەکانی ئێران و تورکیا کۆدەبێتەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بڕیارە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ لەبارەی ھێرشە سەربازییەکانی ئێران و تورکیا بۆ سەر ھەرێمی کوردستان کۆببێتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی ھێرشەکانی ئێران و تورکیا دەکرێت و بڕیاری پێویست لەو بارەیەوە دەدرێت.

ھێرشی سوپای وڵاتانی تورکیا و ئێران بۆ سەر چەند ناوچەیەک لە قووڵایی خاکی ھەرێمی کوردستان بە بیانووی بوون و چالاکی پارتەکانی دژ ئەو دوو وڵاتە فراوانتربووە.
سەرەڕای ئەوەی ھێرشەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر کۆیە و زڕگوێزی سلێمانی کاردانەوەی زۆری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و لەلایەن وڵاتانی عەرەبی، ئەوروپا و ئەمریکاوە سەرکۆنەکران، بەڵام ھەڕەشە و ھێرشەکان ھەر بەردەوامن.
سیپان شێروانی، ئەندامی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بۆ ھەولێر دیارکرد:” ماوەیەکی زۆرە ھەرێمی کوردستان لەژێر ھەڕەشە و فشار و تەھدیداتی وڵاتانی دەوروبەرە، عێراق ھیچ شتێکی نەکردووە بۆ ئەو ھێرشانە، وەکو ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی پێداگریمان لەسەر ئەوە کرد کە دەبێت پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی تایبەتی ھەبێت لەسەر ئەو بابەتە، تا سنوورێک بۆ ئەو ھێرشانە دابنێت، ئەوە بوو رۆژی سێشەممە دیاری کراوە لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کە دانیشتنی تایبەت ھەبێت لەسەر ئەو ھێرش و ھەڕەشانەی کە لە سەروەری خاکی عێراق دەکرێت، بەتایبەتی لە ھەرێمی کوردستان، لەسەر ئەو بابەتە رێکاری پێویست دەگیرێتەبەر، بۆیە داوامان کردووە ھەر لە کۆبوونەوەکەدا ھەنگاوی کرداری بنرێت و بڕیاری گونجاو بدرێت.
ئەو ئەندامەی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەران، گوتیشی:” دەبێت حکوومەتی عێراق ئەو دەسەڵاتانەی ھەیەتی بۆ رێگریکردن لە دەستدرێژییەکانی ئێران و تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق و ھەرێمی کوردستان بەکاربھێنێت، پێویستە ھەرێمی کوردستان سەرپشک بکرێت بۆ ئاگادارکردنەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پێشێلکردنی سەروەری خاکی خۆی، ئەمەش کارێکی دەستوورییە.
سیپان شێروانی، ئەندامی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەران، زیاتر دەڵێ:” ھەموو ھەوڵێکیش دەدەین بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری گرنگ بدرێت، چونکە سیادەی عێراق و گەلانی عێراق لە مەترسیدان، ئێران جۆرە چەکێک بەکاردەھێنرێت، ئەوە بە مانای راگەیاندنی شەڕ دێت، بێ دەنگی عێراقیش رێگای بۆ وڵاتانی دراوسێ خۆشتکردووە کە ئەوان ھەر چیان بوێت بکەن، ھەروەھا یەکێک لە خالەکانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو خەڵکە دەبێت کە زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام ئەوەی لە ھەمووی گرنگتر پاراستنی سەر و ماڵ و ژیانی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستانە.
ئەو ئەندامەی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەران، سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا، ئاشکرای کرد:” شاند لەلایەن ھەولێر و بەغدا پێکھێنراوە لەو چەند رۆژەدا شاندی ھەرێم سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ ئەو شاندەی کە لە لایەن بەغداوە دیاری کراوە کۆدەبێتەوە، ئەجندای کۆبوونەوەکەش دیارە، رێککەوتن ھەیە لەسەر ھەموو ئەو کێشانەی کە لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەن، بەتایبەتی پێش پەسەندکردنی بودجە لە ئەنجوومەنی وەزیران رێککەوتن لەگەڵ ھەولێر بکرێت پاشان پەسەند بکرێت و رەوانەی پەرلەمان بکرێت، بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت و ببێتە یاسا.
سیپان شێروانی، ئەندامی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەران، جەختی لەوەشکردەوە:” ئەگەر لەو کابینەیەدا کێشەکانی ھەولێر و بەغدا چارەسەر نەبن، لایەنە عێراقیەکان زەرەر دەکەن و لە ھەڵبژاردنی داھاتوو وەکو ئەو لایەنانە لەناو دەچن کە بەردەوام دژی ھەرێمی کوردستان دەوەستانەوە، بۆیە ئەو لایەنانەی تازە حوکمڕانی عێراق دەکەن، ئەگەر ھەڵەکانی حکوومەتەکانی پێش خۆیان دووبارە بکەنەوە زەرەرێکی زۆر دەکەن و لە ھەڵبژاردنی داھاتوو زۆر خراپتر لە ھەڵبژاردنی ساڵی رابردوویان بەسەر دێت، بۆیە ئەگەر ئەوان دەیانەوێت لە عێراق کێشەکان نەمێنن، دەبێت لەگەڵ ھەولێر بگەنە رێککەوتن”.