هەندرێن ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی شیوعی كوردستان؛ پێویستە حزبەكانی كوردستان مەرجەعێكیان هەبێت ‌و سیاسەتی ئەمنی قەومی دابڕێژن

هەندرێن ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی شیوعی كوردستان، لەم دیمانەیەدا، ڕایدەگەیەنێت: پێویستە حزبە سیاسیەكان بە گوتارێكی یەكگرتوو داوای پاراستی خاك ‌و ئاسمانی كوردستان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکەن هەروا دەڵێت: دەبێت چاوەڕوانی ئەوە لەبەغدا نەكرێت تا داكۆكی لە خاكی هەرێم بكات.‏‎‏‎

  • لەبارەی دۆخی سیاسی كوردستان ‌و عێراق ‌و ناوچەكەوە تێڕوانینتان چیە؟
  • كوردستان كەوتۆتە ناوجەرگەی ڕووداوە جیهانی و ناوچەییەکان، هەرێمی کوردستان لەهەوڵی خۆپاراستنی بەردەوامدایە، دەیەوێ وەكو دیفاكتۆی دانپێنراوی فیدراڵی نەكەوێتە بەرەیەكی دژ بەرەیەكی دیكە. ڕاستییەکەی، جیهان بە قۆناخێكی هەستیار و پڕ لە گۆڕاندا تێپەڕ دەبێت، ململانێی زلهێزەكانی سەربازی و ئابوری گەیشتۆتە خاڵی بەریەك كەوتن وەک لە شەڕی ڕووسیا و ناتۆ لەئۆكرانیا دەرکەوتووە؛ بۆیە، دەكرێ بگوترێ جیهانی تاك جەمسەری بەرەو كۆتایی دەچێت و خەریكە جیهانێکی چەند جەمسەری پەیدا ببێ. بەم شێوەیەش، ئەمە بەریەك كەوتنی بەرژەوەندی گەورە هێزەكانە بەتایبەتی ئەمریكا، كە داكۆكی لەپێگەی خۆی وەك هێزی خاوەن هەژموونی جیهانی دەكا و لەبەرامبەردا، روسیا كە بەدوای خۆڕزگاركردنی دوای هەرەسی یەكێتیی سۆڤێیەت دەگەڕێ و هاوكات ئەڵمانیا و فەرەنسا وەكو دوو هێزی ئەوروپایی دەیانەوێ خۆیان لەژێر ڕەشماڵی ئەمریكا دەربازبكەن، چینش وەك جەمسەری هاوبەش، لەمەیدانەكەدایە “.
  • دونیابینی حیزبی شیوعی بۆ دۆخی هەرێمی كوردستان چیە ؟
  • وەك حزب داكۆكیمان لەكیانی هەرێمی كوردستان كردوە و پێم وایە خراپترین حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەباشترین حكوومەتی عێراق بەراورد ناکرێت، ئەمە رەنگە بەلای هەندێك كەس قسەیەك بێ لەگەڵ رەوتی موزایەداتی ناو سۆشیال میدیا نایێتەوە، بەڵام دروستی هەڵوێستمانە”.
  • زیانەکانی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمان بۆ هەرێمی کوردستان چیە؟
  • ڕاست ئەوەیە كە هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بکرایە و بەهیچ بیانوێك دوا نەخرابا. دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمان و هەروەها ئەنجومەنی پارێزگاكان و لەوانەش خوارتر، كۆنگرەی ڕێكخراو و سەندیكاكان هەمووی بەسەر یەكەوە، خراپی ڕەوشەكە پیشان دەدات. خۆ ئەگەر هەڵبژاردن دوای ئەو ماوەیەش نەکرێت، ناڵێم ڕەوشەكە تێك دەچێت، بەڵام شتێكی ئەوتۆ بۆ داكۆكیكردن لەهەوڵەكانی كوردستان بۆ خۆناساندنی بەجیهانی پێشكەوتوو نامێنێ و ساڵانێكمان دەوێت ئەوە چاك بكەینەوە، بەم وەزعەی ئێستا هەر حزبێك بیەوێ لە كاتی گونجاو بەیاسای هەڵبژاردنی گونجاو، پرۆسەی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، دەبێت بۆ ئەم ڕەوشە چاوەڕێی جێگرەوەیەكی خراپ بكات”.
  • قسەیەك هەیە پێكهێنانی ئەم حكوومەتەی ئێستا لە عێراقدا زیاتر بە سوودی كوردستان دەبێت تا عێراق، ئێوە لەوبارەیەوە چی دەڵێن؟
  • هیچ كات حكوومەتی ئیتحادی بەقازانجی كوردستان نییە، چونكە عەقلیەتی مەركەزداری و نادیموكراتی بەسەریاندا زاڵە، بڕوایان بەدەستور و ئەو فیدراڵییە نییە. باوەڕ ناكەم ئەم حكوومەتەش لەوانی دیكە باشتر بێ، چونكە پێوەری باشتر بوون دەبێت چەسپاندنی بنەمای فیدرالیی ڕاستەقیینەیە، جێبەجێكردنی ماددەكانی دەستورە وەكو خۆی، نەك تەفسیركردنی دەستوور وەك خۆیان دەیانەوێ. ڕەنگە لەقۆناخێكدا، ئەو هێز و لایەنەنانەی كە دەیانەوێ حكوومەت لەعێراق پێك بهێنن، هەموو نەرمییەك بۆ ماوەیەك بنوێنن تاوەكو پێگەیان بەهێز دەبێ. كە بەغدا لەماوەی تەمەنی 100 ساڵییدا، لەگەڵ كوردستان هەروا مامەڵەی كردوە؛ بۆیە باشە زۆر شتی لەسەر بینات نەكرێت، بەڵكو چی بەدەست دەكەوێت، با كار لەسەر ئەوە بكرێت. مەبەستم لە ڕووی ماف و بنەما یاسایی و دەستورییەكانە، نەك بەرژەوەندی تەسكی حزبی لە پۆست و شتی ئاوادا”.
  • تائێستا هەرێمی كوردستان دەستووری نییە، بە بڕوای ئێوە هۆكارەكەی بۆچی دەگەڕێتەوە؟
  • با كەس خۆی لێ بێبەریی نەكات، چونكە دەستوور بنەمای دەوڵەتداری بۆ دادەڕشتین كە ڕەنگە لە ڕووی شكڵیشەوە بووایە، سنووری كوردستانی دیاری دەكرد و جۆری سیستمی سیاسەكەی پێناسە دەكرد، ئینجا کە بەشێوەی وەرزیی مامەڵە لەگەڵ نووسین و بڕیاردانی دەستوور كراوە، هەروەها هەر چەند جاری كە باسی دەستووری كوردستان دەكرێت، كێشەیەكی گەورە و هێرشی نابەجێ دەكرێتە سەر كوردستان، بۆیە ئەمەش بەدوور نییە لەدەستی دەرەكی، كە ئێمە بەدەستوەردانی سەرەكی دەزانین لەكاروباری كوردستان”.
  • وڵاتانی دراوسێ هەریەكەیان بەبیانویەك هێرش دەكەنە سەر کوردستان، لەوبارەیەوە دەتوانرێت چی بکرێت؟
  • بیرۆكەی دیالۆگی نیشتمانی كە هێزە چەپەكان و لام وایە زۆرینەی حزبە سیاسییەكان لە سەری كۆكن، پێویستە ئەنجام بدرێت؛ نەخشەڕێگا‌ و میساقی شەرەفی نیشتمانی مۆر بكەن بۆ ئەوەی بە یەكگرتوویی بتوانن مەرجەعێك دروست بكەن و سیاسەتی ئێستا و داهاتوو لەڕووی ئەمنی قەومی دابڕێژن، ئەمە بە دووربێ لە ململانێی حزبی، بەم شێوەیە گوتاری كوردستانی ئاراستەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بكرێ و داوای پاراستنی ئاسمان و زەوی كوردستان بكرێت، هەتا ئەگەر ئەمە پێویستی بە بڕیارێكی نێودەوڵەتیش بكات، چونكە عێراق نە سەروەری هەیە و نە دەتوانێ وەكو دەوڵەت داكۆكی لەخۆی بكات، نابێت چاوەرێی هیچ لەبەغدا و عێراق بكرێت”.
    ‏‎‏‎
  • قسەیەك هەیە كە مەترسی لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە ئەو مەترسیانە چین بەبڕوای ئێوە؟
  • هەموو ئەوانەی باسمان كرد لەسیاسەتی جیهانی و كاریگەرییەكانی ناوچەیی ‌و خراپەكارییەكانی و شكستی بونیادی دەوڵەتی عێراق لەدوای 100 ساڵی تەمەنی و ناسەقامگیریی سیاسی و ئیداری ناوەخۆیی و دەستوەردانی دەرەكی، هەموو بەیەكەوە، هەستی بەو مەترسیە دروستكردووە، بەشێكی ئەو مەترسی دروستكردنە، شەڕێکی دەروونییە لەگەڵ خەڵكی كوردستان دەكرێت بۆ ئەوەی بڕوای بەخۆی لاواز بێ و ئەزموونی دەوڵەتدارییەكەی شكست بهێنێت.