بە بڕیاری سه‌رۆکی حکوومه‌ت کارکردن به‌ سیسته‌می غاز ڕاگیرا

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە کارکردن بە سیستەمی غاز ڕابگیرێ و نابێ بەهیچ جۆرێک بەکاربهێنرێت.

ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: دوای ئه‌و چه‌ند ڕووداوه‌ی له‌ به‌کارهێنانی سیسته‌می غاز و ئه‌و کاره‌ساتانه‌ی لێی که‌وه‌ته‌وه‌، له‌پێناو سه‌لامه‌تی گیانی هاووڵاتییان و لێکۆڵینه‌وه له‌ هۆکاره‌کانی ئه‌و سیسته‌مه ‌و لێکه‌وته‌کانی، دره‌نگانی ئه‌مشه‌و مه‌سرور بارزانی سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ په‌یوه‌ندییه‌کی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر، سه‌رۆکی حکوومه‌ت فه‌رمانی کرد، هه‌موو جۆرێک له‌ کارکردن به‌و سیسته‌می غازه‌ ڕابگیرێ و نابێ به‌هیچ جۆرێک به‌کار بهێنرێت.
ڕاشیگەیاند: سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ته‌واوی لایه‌نه‌کانی ڕاسپاردووه به‌دواداچوون لێکۆڵینه‌وه‌ی ورد بکرێ.
ئەوەشی خستەڕوو کە بۆیه وه‌ک پارێزگای هه‌ولێر وێڕای جه‌ختکردنه‌وه‌ له‌ بڕیاره‌کانی کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی پارێزگای هه‌ولێر، داواکارین له‌ هاووڵاتییانی سنووری پارێزگای هه‌ولێر، هه‌موو کارکردنێک به‌و سیسته‌می غازه‌ ڕابگرن و هاوکاری تیمه‌کانی به‌رگری شارستانی و پۆلیسی شاره‌وانی و نه‌وت و کانزاکان و تیمه‌کانی قایمقامیه‌ت و ناوه‌ندی قه‌یرانه‌کان بن.
ئاماژەی بەوەش داوە کە بۆیه وێڕای ته‌ئکیدکرنه‌وه‌ له‌ بڕیاره‌کانی ئه‌مڕۆی پارێزگای هه‌ولێر، له‌ ئێستاوه‌ تیمه‌کانمان ده‌ستکراوه‌ن بۆ هه‌ر ئیجرائاتێک له‌و بابه‌ته‌.