په‌رله‌مانی كوردستان به‌ توندی ئیدانه‌ی بۆردومانه‌كانی ئێران ده‌كات

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (21ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، په‌رله‌مانی كوردستان نیگه‌رانی خۆی له‌ باره‌ی دوایین هێرشی مووشه‌كی و درۆنی هێزه‌كانی ئێران بۆسه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌كی هه‌ردوو پارێزگای هه‌ولێر و سلێمانی ده‌ربڕی و تێیدا هاتووه‌، “بەتوندی ئیدانەی ئەم ھێرش و پەلامارە بێپاساوانە ده‌كه‌ین”.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستاندا، جه‌خت له‌سه‌ر پێویستی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ سەرجەم درواسێکان لەسەر بنەمای رێز و بەرژەوەندیی ھاوبەش، دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی یەکتری و پابەندبوونی تەواو بە یاسا و رێسا نێوەدەوڵەتییەکان، كردووه‌ته‌وه‌.

هه‌روه‌ها پەرلەمانی کوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، “ھێرش و پەلاماری سەربازی لەھەر لایەکەوە بێت، ئیدانه‌ی دەکەین و پێمانوایە چارەسەر و میکانیزمی سەربازی نەک ھیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات، بەڵکو ئاسۆی چارەسەری و ئاشتیی ناوچەیی دەخاتە مەترسیی زیاترەوه‌”.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی په‌رله‌ماندا، داوا لە حکومەتی فیدراڵ كراوه‌، بە ئەرکی دەستووریی خۆی بۆ پاراستنی سەروەریی عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە ھەستێت و ھەموو رێگایەکی دیپلۆماسی بۆ  ئەو ئامانجە بگرێتەبەر .

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به‌ ئەرکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێوەدەوڵەتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داناوه‌، بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەیی و جیھانی و بەرگرتن لە پەرەسەندنی ناسەقامگیری.

كاتژمێره‌كانی سه‌ره‌تای رۆژی (21ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، قه‌ڵای دیموكرات له‌ كۆیه‌، بنكەكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان لە بانەگەور و زڕگوێز له‌ سلێمانی و كه‌مپی كوردانی رۆژهه‌ڵات له‌ شاره‌دێی به‌حركه‌ له‌ پارێزگای هه‌ولێر بۆردومانكرا.

ئه‌م هێرشانه‌ش دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ سەرلەبەیانی رۆژی (14ـی تشرینی دووەم/نۆڤێمبه‌ری 2022)، له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ هێرشکرایە سەر بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردسانی ئێران لە زڕگوێز، كه‌ بووه‌هۆی گیان له‌ده‌ستدانی دوو كه‌س و برینداربوونی هه‌شت كه‌سی دیكه‌.

هه‌روه‌ها رۆژی (28ـی ئەیلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، بارەگا و کەمپی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیلی حزبی دیموکراتی کوردستان لە کۆیە، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە سلێمانی و پارتی ئازادی کوردستان (پاک) لە پردێ، بوونە ئامانجی هێرشی درۆن و تۆپخانەكانی سوپای پاسدارانی ئێران، له‌ ئه‌نجامدا 18 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و 51 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون