ئاسایشی سلێمانی: باندێکی بازرگانی ماددەی هۆشبەرمان دەستگیرکرد

ئەمڕۆ دووشەممە (21ی تشرینی دووەمی 2022)، لە راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی سلێمانیدا، ئاماژە بەوەدراوە، “لە ئەنجامی کۆکردنەوەی زانیاری و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی هەر جۆرە ماددەیەکی هۆشبەر، کە زیان بە کۆمەڵگه‌ و ئابووری ووڵاتەکەمان دەگەیەنێت، توانرا لەناو شاری سلێمانی بەفەرمانی دادوەر، لەڕۆژی 6-11-2022 باندێکی بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیربکەین”.

ئەو تۆمەتبارانەی لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکراون، دانیشتووی هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئێرانن و بریتین لە (ح ، ع ، م )، (م ، غ ، م )، (ه ، م ، ر )، (ش ، س ، ع )، (ج ، ع ، ع ) و (ف ، س ، أ).

ئاسایشی سلێمانی دەشڵێت: “لەکاتی دەستگیرکردنی ئەندامانی باندەکەدا، دەستیانگرتووە بەسەر (سێ کیلۆگرام ماددەی کریستاڵ و 50 هەزار دەنک حەپی ترامادۆڵ)، کە لە ناو سێتی کەلوپەلی چێشتخانە شاردرابوونەوە”.

تۆمەتبارەکان بەگوێرەی ماددەی 25ی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە.

ماددە هۆشبەرەکان، دەبنە هۆی لەهۆشخۆچوون و دابڕانی مرۆڤ لە ژینگەی سرووشتی خۆی، لە ئەنجامی زۆر بەکارهێنانیدا مرۆڤ ئالوودە دەبێت، ئەو ماددانە لە رێگەی دەم، دەرزی، بۆنکردن و هەڵمژینی دووکەڵەکەیەوە، دەچێتە جەستەی مرۆڤەوە و کاریگەری لەسەر کۆئەندامی هەست و دەمار دروستدەکات