کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر رایدەگەیەنێت، هێرشی موشەک و درۆنی ئێرانی ژیانی هاووڵاتیانی مەدەنیی بێتاوان دەخەنە مەترسیەوە و دەبێت بوەستن.
لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی هێرشی بەرەبەیانی ئەمڕۆی درۆن و مووشەکی ئێران بۆ سەر چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان کونسوڵخانەی ئەمەریکا نووسیویەتی: “شەوی رابردوو پێشێلکاریەکی دیکەی سەروەریی عێراقی لەلایەن ئێرانەوە بەخۆوە بینی. هێرشی مووشەک و درۆنی ئێرانی ژیانی هاووڵاتیانی مەدەنیی بێتاوان دەخەنە مەترسیەوە و دەبنە هۆی وێرانکردنی ژێرخانی عێراق، دەبێت ئەم هێرشە بێباکانەی سەر هەرێمی کوردستان بوەستن”.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 21/11/2022، ئێران لە رێگەی درۆن و مووشەک چەند کەمپێکی نیشتەجێبوون و بارەگای حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان کردە ئامانج. بەگوێرەی ئەو دوایین ئامار لە ئەنجامی هێرشەکەی ئێران پێشمەرگەیەکی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بەناوی (بەهزاد) شەهیدبووە.