چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

بەشێک لە مامۆستایانی ئایینی رۆژهەڵات: پشتگیری تەواو لە داوای رەوای خەڵکمان دەکەین

مامۆستایانی ئایینی شنۆ، نەغەدە و پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا پشتگیریان لە داوا و خواستی خەڵک کرد و دووپاتیانکردەوە، “چارەنووسی ئێمە لە چارەنووسی خەڵکمان جیا نییە”.

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، دەیان مامۆستای ئایینی وێڕای ئاماژەدان بە خۆپێشاندانەکانی ئەمدواییەی شار و شارۆچکەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، رایانگەیاندووە “چەندین ساڵە داوای خەڵکی دڵسۆز لە دەسەڵاتداران لەبارەی خواستی رەوای خەڵک بۆ دادپەروەری و یەکسانی، دابەشکردنی دادپەروەرانەی پێداویستی و خزمەتگوزارییەکان بۆ هەموو خەڵک، کۆتاییهێنان بە کوشتنی خەڵکی سەر سنوور و کۆڵبەران و جێبەجێکردنی دەستووری هەمیشەیی، وەڵامنەدراوەتەوە و پشتگوێخراوە.

لە گرتە ڤیدیۆیەکەدا، مامۆستا ئەمیر خالیدی، مامۆستای ئایینی شارەدەێی جەڵدیانی سەر بە پیرانشار، بەیاننەمەکە دەخوێنێتەوە و دەڵێت: نەبوونی ئازادی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و هەڵاوسانی ئابووری، زیاتر لە هەموو کاتێک خەڵکی تووشی قەیران کردووە. بە پەیڕەویکردن لە قوڕئانی پیرۆز، ئەرکی یاسایی و ئیسلامیی دەسەڵات، پاراستنی کەرامەت و ئازادی و سەروماڵی تەواوی چینەکانی کۆمەڵگە و دابینکردنی خۆشگوزەرانی یەکسانە لەو وڵاتەدا، بەڵام بەداخەوە کێشە و نادادپەروەری بووە هۆی ئەوەی خەڵک ناڕەزایەتی دەرببڕێت. ئەوەی جێی داخە، بەرپرسان گوێیان لە دەنگی خەڵک نەبوو و بە سەرکوتکردنی فراوانی ناڕەزایەتییەکان، خەڵکیان زیاتر بێهیوا کرد.

مامۆستایانی ئایینی شنۆ، نەغەدە و پیرانشار وەک خۆیان دەڵێن، بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستای وڵات، پێنج خاڵیان ئاراستەی حکومەت و خەڵک و رای گشتی کردووە.

لە خاڵی یەکەمدا هاتووە، “بە درێژایی مێژوو، تەنیا پشتیوانی ماددی و مەعنەویی مامۆستایانی ئایینی کوردستان، خەڵک بوونە و هەر پشتیوانیش دەمێننەوە. چارەنووسی ئێمە لە چارەنووسی خەڵک جیا نییە. هەروەک چۆن لە هەموو قۆناغەکانی مێژوودا مامۆستایان بەردەوام هاوڕێ و پشتیوانی خەڵک بوونە، ئێستاش پشتیوانی تەواوی خۆمان لە ناڕەزایەتی مەدەنیانە و خواستی دادپەروەرانەی خەڵک رادەگەیەنین”.

ئەو مامۆستایانە وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بۆ بنەماڵەی قوربانیانی رووداوەکانی ئەمدواییەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، هێرش بۆ سەر سەروماڵی خەڵک و حکومەت و جنێودان و بەکارهێنانی وشەی نەگونجاو دژ بە خەڵک و بە هەر بیانوویەک، بە “ناڕەوا و دژی شەرع و یاسا” دەزانن و دووپاتیدەکەنەوە، “خەڵک هۆشیار بن، ئەگەر لەناوبردن و سووتاندنی سەروماڵی خەڵک ببێتە جێگرەوەی خواست و داوای رەوای ماف و دادپەروەی، رێگەی مەدەنیانە بەلاڕێدا دەبردرێت و دوژمنانمان پێی خۆشحاڵ دەبن. ئێمە باوەڕمان بە خۆپێشاندانی هێمنانە و دوور لە توندوتیژییە”.

ئەو مامۆستا ئایینیانە دەڵێن: داوا لە دەسەڵات دەکەین وەڵامی بۆ خواستی یاسایی خەڵک هەبێت و دەنگی ناڕەزایەتی ئەوان ببیستێ. ئەوانەی خوێنیان بۆ ئەو وڵاتەدا داوە، نابێ بە گوللـە و سەرکوتکردن وەڵام بدرێنەوە و هەر کەس لە هەر لایەک بکوژرێت، گەنجانی ئەو خاکەن و لەگەڵ کوشتنی هیچ کەسێک نین و بەمە هیچ دەردێک دەرمان نابێت”.

مامۆستایانی ئایینی شنۆ، نەغەدە و پیرانشار داوایانکردووە، هاوکات لەگەڵ بەدەموەچوونی داوا و خواستی یاسایی خەڵک، “پرۆسەی لێکۆڵینەوە لە بکوژانی گەنجان خێراتر بکرێت و دەستگیرکراوان بەزووترین کات ئازادبکرێن”.