ئەیاد حەسەن، سەرۆکی ژووری بازرگانیی دھۆک، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی هەولێر، رایدەگەیەنێت: ئەمساڵ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ھەرێم لەگەڵ وڵاتان زۆر باشتربووە، ئەوەش بۆ ئەو ئاسایش و ئارمییەی کوردستان دەگەڕێتەوە، ئەوەش وایکردووە کۆمپانیاکان بێنە هەرێم و کوردستان ببێتە ناوەندێکی بازرگانی گرنگ بۆ عێراق.
سەرۆکی ژووری بازرگانیی دهۆک دەڵێ: باج زیاد نەکراوە بەڵکوڕرێکخراوەتەوە، بۆ ئەوەی داھاتی ناوخۆ زیاد بکرێت و حکوومەتی ھەرێم بتوانێت مووچەی فەرمانبەران دابین بکات پرۆژە گرنگ و پێویستەکان جێبەجێ بکات.
- ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ھەرێم لەگەڵ وڵاتان لە چ ئاستێکدایە؟
- دەروازەی ئیبراھیم خەلیل، دەروازەیەکی سەرەکییە بۆ ھەرێمی کوردستان و عێراق، ئەمساڵ ئاڵوگۆڕی بازرگانی زۆر باشتر بووە، نەک ھەر لەو دەروازەیە، بەڵکو لە ھەموو دەروازەکانی ھەرێم باشتر بووە، ئەوەش پاش پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و باشبوونی پەیوەندیەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا دێت. ٨٥%ی کاڵاکان کە لە دەروازەی ئیبراھیم خەلیلەوە هاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکرێن و دواتر بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق دەگوازرێنەوە. پێشبینی دەکەین جموجوڵی بازرگانی زیاتر ببێت. تورکیاش حەز دەکات ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لە دەروازەی ئیبراھیم خەلیل باشتر ببێت، ھەروەھا داوا دەکات کۆمپانیاکانی ئەوان لە ھەرێمی کوردستان بمێننەوە، چونکە دەزانن ئاسایش و ئارامی ھەیە. ھەرێمی کوردستان ناوەندێکی بازرگانییە بۆ کەلوپەلی ئەوان و لەوێوە بۆ شارەکانی دیکەی عێراق، بۆیە ھیچ کێشەیەک نییە و بازرگانان کاری خۆیان دەکەن و بە ئاسانی کەلوپەلەکانی خۆیان دەگوازنەوە.
- کەواتە ئەو ئاسایش و ئارمییە وای کردووە کە بازرگانان و کۆمپانیاکان بێنە هەرێم؟
- بەڵێ، بێگومان فاکتەری سەرەکی بۆ پێشکەوتنی کاری بازرگانی و وەبەرھێنان، فاکتەری ئارامییە، سەقامگیری ھەرێمی کوردستانە، دامودەزگاکانی حکوومەت، بەتایبەتی ئاسایش و دەزگا ئەمنییەکان هۆی پارێزەر پشتیوانیی ئارامیی هەرێمن، دیارە ئەوەش بووە بە هۆی متمانە و دڵنیایی کۆمپانیا بیانییەکان لە هەرێمی کوردستان.
- چ وای کردووە ھەرێمی کوردستان ببێتە دەروازەیەکی ئەوەندە گرنگ بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی عێراق لەگەڵ وڵاتان؟
- ھەرێمی کوردستان چەندین دەروازەی لەگەڵ تورکیا و ئێران ھەیە، ئەمە جگە لە چەندین دەروازەی لاوەکی. ٨٠% ئەو کەلوپەلانەی لەو دەروازانەوە دەهێنرێنە ھەرێمی کوردستان، دەبرێنە شارەکانی ناوەڕاست وباشووری عێراق، ئەوەش لەبەرژەوەندی ھەرێمی کوردستانە؛ ھەر ئەوەش وای کردووە کە بە سەدان کۆمپانیای تورکیا و ئێران بێنە ھەرێمی کوردستان و کەلوپەلی ئەوان بە دەروازەکانی ھەرێمی کوردستاندا بچێتە شارەکانی عێراق.
- تا چەند دەروازە سنوورییەکان کارئاسانی بۆ بازرگانان دەکەن؟
- کابینەی نۆیەم ھاوکارێکی باشی کەرتی تایبەتە. بۆ نەھێشتنی رۆتین لە داوودەزگەکانی حکوومەت و پێدانی مۆڵەتی بازرگانی و مۆڵەتی وەبەرھێنان کاری باش کراوە، ھەر لەبەر ئەوەشە حکوومەت بەردەوام پشتگیریی کەرتی تایبەت دەکات. لەم بوارەشدا دەست بە پڕۆژەی وەبەرھێنان و دروستکردنی ناوچەی پیشەسازی کراوە، تاوەکو ئابووری ھەرێم ھەمەڕەنگ بێت و تەنیا پشت بە کەرتی پتڕۆڵ نەبەستێت . لە داهاتوودا کەرتەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ و گەشتوگوزاری دەبنە سەرچاوەی گەوەرە و گرنگی داھات بۆ ھەرێمی کوردستان. بێگومان گەشەپێدانی ئەو کەرتانە دەبنە مایەی پەیدابوونی هەلی کار. پلانی حکوومەت بەتایبەتی کابینەی نۆیەم، ئەوەیە پاڵپشتی ئابووریی ھەرێمی کوردستان، بە هەموو کەرتەکانییەوە بکات.
- بۆچی نرخی کەلوپەلی خواردن گران بووە؟
- گران بوونی نرخی کەلوپەل تەنیا لە ھەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو ئەوە لە دەرەوەی ئیرادەی ھەرێمی کوردستانە، شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا کاریگەری ھەبووە نەرێیی لەسەر ئابووریی جیهان هەیە، ئەوەش وای کردووە کە نرخی کەلوپەل گران ببێت. لە هەموو جیهان نرخی شمەک گران بووە، ئەوەش کێشەیەکی جیھانییە نەک تەنها تایبەت لە ھەرێمی کوردستان. حکوومەتی ھەرێم لە ڕێگەی چاودێریی بازرگانی و تەندروستییەوە دەیەوێت ڕێگە لە گرانبوونی نا ئاسایی بگرێت. تیمەکانی ئەوان بەردەوام لەناو بازاڕدان، بۆ ئەوەی کۆنتڕۆلی نرخ بکەن، کۆنتڕۆڵی خۆراک بکرێت و کەلوپەلی ماوەبەسەرچوو نەمێنێت. بەڵام ھەندێک شت ھەیە گرێدراوە بە سیاسەتی بانکی ناوەندییەوە، بۆ نموونە ئەمڕۆ دۆلار گران بووە، شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا ھەیە، ئەوە ھەموو بە یەکەوە گرێدراون؛ ئەوەش لە دەرەوەی ئیرادەی ھەرێمی کوردستانە، سەرەڕای ئەوانەش، نرخی شمەک لە بازاڕەکانی هەرێم سەقامگیرە.
*کەواتە لیژنەکانی چاودێریی بازرگانی توانیویانە بازاڕ کۆنتڕۆل بکەن؟
- ئەو لیژنانە پەیوەندییان بە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی و بەرێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانییەوە ھەیە، چاودێریی بازرگانی لە ھەموو پارێزگا و ئیدارە و قەزاکان ھەیە. تیمەکانی ئەوان بەردەوام بەناو بازاڕدا دەسووڕێنەوە، ئەوەش بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نرخی خۆراکە، ئەگەر ببینن کەسێک نرخی کەلوپەلی بەرزکردۆتەوە سزا دەدرێت. ھەروەھا چاودێریی تەندروستی لە ھەموو پارێزگا و قەزاکان ھەن، ئەوانیش سەردانی بازاڕ دەکەن ھەر شتێک ببینن بە کەڵکی خواردن نایەت یان ماوەی بەسەرچووە فڕی دەدەن و ئیجرائات وەردەگرن.