لە یەکەم کۆبوونەوەی پارێزگای هەولێر لەبارەی پێداچوونەوە بە سیستەمی سۆفاژ چەند بڕیارێکی گرنگ دەرکران و جەخت کرایەوە کە هیچ كۆمپانیا و کەسێک بەبێ وەرگرتنى ڕەزامەندى بەرگرى شارستانى، نابێت سیستەمی غازی شل بۆ چێشتخانە، نانەواخانە و ماڵان جێگیر بکات.
ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: ئەمڕۆ دووشەممە 21ـی 11ـی 2022، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر یەکەمین کۆبوونەوەى تایبەت بە پێداچوونەوە بە سیستمی شۆفاژ لە شوێنە گشتییەکان و ماڵان و بە کارهێنانى غازی ئێڵ پی جی ئەنجام درا.
ڕاشیگەیاند: لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر ئاماژەى بە ڕووداوە نەخوازراوەکەى ڕۆژی پێنجشەممە 17ـی 11ـی 2022ـی شاری سلێمانی دا کە کارەساتێکى ناخهەژێن بوو و هەمووانى لە دڵەوە نیگەران و خەمبار کرد، لەمبارەیەشەوە وێڕاى دووبارە سەرخۆشى لە کەس و کارى قوربانییانى کارەساتەکە، تیشکى خستەسەر ترس و دڵەڕاوکێى هاووڵاتییان لەدواى ڕووداوەکە بەتایبەتى ئەو شوێنە گشتیى و ماڵانەى کە سیستمی غازی شل و شۆفاژ بەکاردەهێنن، لەمبارەیەشەوە بە پێویستى زانى لە زووترینکاتدا پێداچوونەوە و بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو شوێنان بکرێت کە ئەم سیستەمە بەکاردەهێنن و جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە هەموو ئەو ماڵ و شوێنانەى کە ئەو سیستەمە دادەنێن، دەبێت بە ئاگاداری بەرگرى شارستانیى و بە کەلوپەلی ستانداردى جیهانى و لەلایەن کۆمپانیایى مۆڵەتدار و کەسانی شارەزا و ئەندازیاری باوەڕپێکراوەوە دابنرێت.
ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەش دا کە لە تەوەرێکى دیکەی کۆبوونەوەکەدا، دواى گفتوگۆ و وەرگرتنى تێبینى و ڕاو سەرنجى ئامادەبووان لەسەر ئەم پرسە، کۆبوونەوە گەیشتە ئەم بڕیارانە:-
یەکەم/ هۆشیارکردنەوەى هاووڵاتییان لە چۆنیەتى بەکارهێنانى سیستەمى غازی ئێڵ پی جی و شۆفاژ و مەترسییەکانى دانانى ئەو سیستەمە لەلایەن کەسانى بێمۆڵەت و ناشارەزا.
دووەم/ چاودێریكردنى سەرجەم ئەو کۆمپانیایانەى کە سیستمی غازی شل بۆ چێشتخانە، نانەواخانە و ماڵان جێگیر دەکەن.
سێیەم/ هیچ كۆمپانیا و کەسێک بەبێ وەرگرتنى ڕەزامەندى بەرگرى شارستانى نابێت سیستمی غازی شل بۆ چێشتخانە، نانەواخانە و ماڵان جێگیر بکات، ئەوانەشى ئێستا ئەو کارە دەکەن دەبێت لەماوەى یەک مانگ سەردانى بەڕێوەبەرایەتى بەرگرى شارستانى هەولێر بکەن.
چوارەم/ بنكهكانى بهرگرى شارستانى پێداچوونەوە بۆ هەموو ئەو شوێنانە دەکەن کە ئەم سیستەمە بەکاردەهێنن.
پێنجەم/ لیژنەکانى (قائیمقامیەت، شارەوانى، بەرگرى شارستانى و نەوت و کانزاکانى هەولێر) چاودێرى هەموو شوێنەکان دەکەن کە ئەو سیستەمەیان بۆ دانراوە.
شەشەم/ بەڕێوەبەرایەتى نەوت و کانزاکانى هەولێر چاودێرى ئەو بەنزینخانانە دەکات کە سیستەمى غازی (ئێڵ پی جی)ـیان بۆ ئۆتۆمبێل داناوە، دەبێت خاوەنى بەنزینخانانەکانیش لەماوەى دوو هەفتەدا سەردانى بەڕێوەبەرایەتى ناوبراو بکەن بۆ وەرگرتنى ڕێنمایی نوێ.
حەوتەم/ دانانى لێژنهیهك بۆ پێداچوونەوە و دانانى مەرجى زانستى لەنزیکترین کاتدا.
هەشتەم/ پارێزگاى هەولێر لەڕێگەى کۆلێژى ئەندازیاریى زانکۆى سەڵاحەدین کۆنفرانسێکى زانستى تایبەت بەسیستەمی غازی (ئێڵ پی جی) و شۆفاژ و دوورخستنەوە مەترسییەکانى لەسەر گیانى هاونیشتیمانیان ئەنجام دەدات.
نۆیەم/ دەرچوواندنى چەند فەرمانێک لەنزیکترین کاتدا بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان، لەبارەى سیستەمی غازى ئێڵ پی جی و شۆڤاژ.