چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

زانكۆی سەلاحەدین پانێلێكی تایبەت بە پرسی ئافرەتان ساز دەكات

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

سەنتەری توێژینەوەی سیاسی و ستراتیژی لە زانكۆی سەلاحەدین پانێلێكی تایبەت بە پرسی ئافرەتان بە ناونیشانی (دید و خوێندنەوەی جیاواز بۆ پرسی ئافرەت لە هەرێم و جیهان) ساز كرد كە تێدا پرسەكانی ئافرەتان لە چەند روانگەیەكی جیاوازەوە خرایە بەر باس و گفتوگۆی زانستی، ئەم پانێلە بە بەشداریی چەندین پسپۆڕی تایبەتمەند بە پرسەكانی ئافرەتان.

لە تەوەری یەكەمی پانێڵەكەدا د. ڤیان سلێمان سەرۆكی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، بابەتێكی پێشكەش كرد بە ناونیشانی (خوێندنەوەیەكی سۆسیۆلۆژیی بۆ پرسی ئافرەت لە هەرێمی كوردستان)، كە تێیدا باسی لەو باكگراوندە سۆسیۆلۆجییە كرد كە پێویستن بۆ تێگەیشتن لە پرسی ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی ئەم پرسە بەشێوەیەكی تەندروست بەڕێوە بچێت.
تەوەری دووەم تایبەت بە بابەتێكی خاتوو بەهار عەلی سەرۆكی رێكخراوی ئێمە بۆ گەشەپێدانی مرۆیی، بابەتەكە لەژێر ناونیشانی (مێژوو و شەپۆلەكانی فیمینیزم لە جیهان و هەرێمی كوردستان) تیشكی خستە سەر ئەو قۆناغانەی رەوتی فیمینیزم تێیدا گەشەی كردووە. پاشان لە رێگەی جەختكردنەوە لەسەر نمونەی هەرێمی كوردستان، دیدگای خۆی خستە روو.
لە تەوەری كۆتاییدا دكتۆر چنار ئەبوبەكر مامۆستا لە كۆلێژی زانستە سیاسییەكان، بابەتێكی پێشكەش كرد بەناونیشانی (فێمینیزم لە هزری سیاسی و پەیوەندیە نێودەوڵەتییەكان و وانەكانی بۆ هەرێم) تێیدا سەرنجی خستە سەر لایەنە تیۆرییەكانی فیمینیزم، بۆ ئەوەی لەم رێگەیەوە تێگەیشتنێكی دروست بێتە كایەوە بۆ پرسی ئافرەت لە روانگەی فیمینیزمییەوە.
لە كۆتاییشدا ئامادەبووان و قوتابیان بە پرسیار و سەرنجەكانیان بابەتەكەیان دەوڵەمەند كرد و تیشكیان خستە سەر زۆربەی رهەندەكانی پرسەكە.