شاخەوان عەبدوڵڵا پێشنیارێکی نوێ بۆ وەستاندنی هێرشە سەربازییەکانی سەر کوردستان دەخاتەڕوو

بڕیارە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رۆژی سێشەممەی داهاتوو لەبارەی هێرشە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە. شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، پێشنیارێکی دەستووریی نوێ بۆ وەستاندنی ئەو هێرشانە دەخاتەڕوو.

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران رایگەیاند دەبێت حکومەتی عێراق ئەو دەسەڵاتانەی هەیەتی بۆ رێگریکردن لە دەستدرێژییەکانی ئێران و تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەکاربهێنێت. پێویستە هەرێمی کوردستان سەرپشک بکرێت بۆ ئاگادارکردنەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پێشێلکردنی سەروەری خاکی کە ئەمەش کارێکی دەستوورییە.

هێرشی سوپای وڵاتانی تورکیا و ئێران بۆ سەر چەند ناوچەیەک لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان بە بیانووی بوون و چالاکی پارتەکانی دژبەری حکومەتەکانی ئەنقەرە و تاران، فراوانتربووە.

سەرەڕای ئەوەی هێرشەکانی ئەمدواییەی سوپای پاسداران بۆ سەر کۆیە و زڕگوێزی سلێمانی کاردانەوەی زۆری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و لەلایەن وڵاتانی عەرەبی، ئەوروپایی و ئەمەریکاوە سەرکۆنەکران، بەڵام هەڕەشە و هێرشەکان هەر بەردەوامن.

بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی ئەسیۆشێتدپرێس، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران، ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەم لە بەغدا بووە و لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی حکومەتی بەغدا کۆبووەتەوە. ئاژانسەکە بڵاویکردووەتەوە، قائانی بە پێویستی زانیوە پارتە دژبەرەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان چەک بکرێن و سوپای عێراق لەسەر سنوورەهاوبەشەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان جێگیربێت و ئەگەر ئەو دوو مەرجە جێبەجێنەکرێن، هەڕەشەی هێرشی وشکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستانی کردووە.

تا ئێستا هەڵوێستی حکومەتی بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە، تەنیا “سەرکۆنەکردن” بووە و ئەمەش نیگەرانی بەشێک لە عێراقییەکانی لێکەوتووەتەوە.

زاڵمای خەلیلزاد باڵیۆزی پێشووتری ئەمەریکا لە عێراق بە پێویستی دەزانێت، حکومەتی بەغدا “ئیرادە و خواستی خۆی” بۆ چارسەرکردنی ئەو کێشەیە بە خەڵکی خۆی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نیشان بدات.

خەلیلزادە ئەوەشی گووت: ئەگەر عێراق ئامرازی پێویستی بۆ پاراستنی سەروەری خۆی لەبەردەستدا نییە، دەبێ داوای هاوکاری لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات.

ھەواڵی زیاتر