هەرێمی کوردستان گەشبینە لەوەی لەگەڵ عێراق، کێشەکانی بواری نەوت و گاز چارە بکات

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە سەرچاوەکانی قسەی دوو بەرپرسی باڵای حکومەتی عێراق و بەرپرسێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، گەشبینیییەک هەیە لەوەی لەگەڵ حکوومەتی نوێی عێراقدا کێشەکان چارە بکرێن. گەشبینییەکە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە حکوومەتی نوێی عێراق بتوانێ یاسای نەوت و گاز دەر بکات و لە چوارچێوەی ئەو یاسایەشدا ئەو کێشەیەی هەیە لە نێوان هەردوو حکوومەت چارە بێت. سەرۆک وەزیرانی عێراق پابەندیی پێشان داوە بۆ چارەی ئەو کێشانە بەوەی لە پەرلەمان پڕۆژەیاسای نەوت و گاز پەسند بکرێت بەڵام هێشتا ئەوە ئاستەنگێکی بەردەم حکوومەتی نوێی عێراقە .

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ڕاسپاردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ١٤ـی ئۆکتۆبەردا هەڵوێستی خۆی بەڕوونی ڕاگەیاند کە دەبێت مافی هەرێمی کوردستان وەکو قەوارەیەکی دان پێدانراو لەبەرچاو بگیرێت. ئەو هەڵبەز و دابەزینەی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە پەیوەندی هەردوولا هەبووە بەیەکجاری چارە بکڕێت، بەتایبەت لە دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق کە هەرێمی کوردستان بڕیارەکەی بە نادەستووری دانا و ڕەتی کردەوە.
محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، بەڵێنی داوە لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی حکوومەتەکەیدا یاسای نەوت و گاز پەسند بکرێت. ئەو یاسایەش دەبێتە بنەمای چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. هەرچەندە پڕۆژەیاسای نەوت و گاز 15 ساڵە لە پەرلەمانی عێراقە بەڵام مشتومڕی سیاسی ڕێگەی نەداوە ئەو پڕۆژەیاسایە پەسند بکرێت و بەو هۆیەشەوە داهاتی زۆری نەوتی عێراق، بەشێکی بە گەندەڵی دەبرێت و بێ سەروبەرییەک لەو پرسەدا دیارە. لە هەرێمی کوردستانیش یاسایەکی تایبەت بە نەوت و گاز هەیە و لە سەر ئەو بنەمایە هەرێمی کوردستان نەوت هەناردەی دەرەوە دەکات، کۆمپانیاکانیش لە سەر ئەو بنەمایە کارەکانیان دەکەن.
بە گەڕانەوە هەردوولا بۆ سەر مێزی گفتوگۆ، هەرێمی کوردستان ئامانجییەتی لە حکومەتی نوێدا دەربارەی بودجە بگاتە ڕێککەوتنێکی کۆنکرێتی. ئەم حکوومەتەش هاوشێوەی حکومەتەکانی ڕابردوو نەبێت کە کۆمەڵێک بەڵێن و ڕێککەوتن جێبەجێ نەکران. شایستەکانی هەرێمی کوردستانیش بەپێی پڕۆژەیاسای بودجە نەنێردراوە کە دەبوو گوێرەی ڕێککەوتنی پێشوو مانگانە 200 ملیار دینار کە کەمترین شایستەی هەرێمی کوردستانە بنێردرێت.
لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق و شایستەکانی هەرێمی کوردستان، ساڵانە لە بودجەی گشتیی عێراق زیاتر لە ٪14ـی بودجە بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت کە بەپێی ئەو داهاتە بێت ئێستا لەبەردەستی عێراقە، مانگانە دەبێت ٪14ـی کۆی گشتیی بودجە بۆ هەرێمی کوردستان بێت. بەڵام ڕێککەوتنی پێشوو دەربارەی نەوت و پاش دەرکردنی پارەی نەوتی هەناردەکراو لە هەرێمی کوردستان، بڕیادرابوو مانگانە ئەو پارەیەی دەمێنێتەوە بنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان کە 200 ملیار دینار بوو، بەڵام ئەویش نەنێردرا .
بە گوتەی ئەندامانی لیژنەی دارایی، دەبێت لەو مانگەدا بودجە بنێردرێت بۆ پەرلەمان، بە پێچەوانەوە پەسندکردنی دوا دەکەوێت و هەر دواکەوتنێکیش کاریگەری دەخاتە سەر خەرجکردنی لە ساڵی داهاتوودا. بودجەی ساڵی داهاتووی عێراقیش نرخی خەمڵێنراوی بەرمیلێک نەوتی بە 70 بۆ 80 دۆلار داناوە. عێراق لەکاتێکدا لە ٪95ی داهاتەکەی لە نەوتە، داهاتی مانگانەی دەگاتە زیاتر لە 9 ملیار دۆلار، یەدەگیشی گەیشتووەتە 85 ملیار دۆلار، ئەوەش گەورەترین بودجەی دوو دەیەی ڕابردوودوە.

ھەواڵی زیاتر