لە هەرێمی کوردستان ٨٠%ی ڕووداوەکانی هاتوچۆ بەھۆی هەڵەی شۆفێرانەوەیە

رووداوەکانی ھاتوچۆ دووەمین ھۆی مردنن لە ھەرێمی کوردستان و ساڵانەش ژمارەی مردووانی ئەو ڕووداوانە زیاتر دەبێ، بەجۆرێک، بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ھاتووچۆ لە ھەرێمی کوردستان، لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا پتر لە ١٥ ھەزار کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ مردوون، یان کەمئەندام و بریندار بوونە. ئەمە سەرباری دەیان ملیۆن دۆلار زیانی ماددی. بەرپرسانی ھاتووچۆش، دەڵێن، ٨٠%ی رووداوەکانی ھاتوچۆ بەھۆی ھەڵەی شۆفێرانەوەیە.

زۆربوونی ڕووداوەکانی ھاتوچۆ ھەڕەشەیەکی مەترسیدارە لەسەر ژیانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان، ڕۆژ نییە گوێمان لە هەواڵی ڕوودانی کارەساتی هاتوچۆ و مردن و برینداربوونی هاووڵاتیان لە شار و شارۆچکەکاندا نەبێت. بۆیە پێویستە بایەخی زۆرتربە ھۆشیاریی شۆفێران و ھێما و یاساکانی ھاتووچۆ بدرێت.
ڕووداوەکانی هاتوچۆ بۆ ڕوو دەدەن؟!
خێرایی لە ڕادەبەدەر و پەلە کردن، بێباکی و پابەندنەبوون بە ڕێسا و قانوونەکانی هاتوچۆ، نەبوونی مەرجەکانی تۆکمەیی ئۆتۆمبیلەکان و ھەندێک جاریش خراپیی ڕێگاوبانەکان و نەبوونی تابلۆو ڕێنمایی ھاتووچۆ هۆی سەرەکی ئەو ڕووداوانەن؛ ئەمە جگە لە دیاردەی بەکارهێنانی ماددەی ھۆشبەر و خورادنەوە ئەلکحوولییەکان لە لایەن هەندێک شۆفێرانەوە. بەکارهێنانی نابەرپرسانەی مۆبایل لەکاتی لێخوڕیندا و نەبەستنی پشتێنی سەلامەتی و گوێ نەدان بە قانوونەکانی هاتوچۆ.
لە وەرزی گەشت و سەیراندا ڕێژەی قوربانیان زیاد دەکات، ئەویش بەھۆی جەنجاڵی ڕێگاکان و ھاتنی گەشتیاران و شۆفێری ناشارەزا. ڕووداوە جەرگبڕەکان لە ڕێگاکانی دەرەوەی شارەکاندا دەقەومێن، بۆیە پێویستە زیاتر گرنگی بە ڕێگاکانی دەرەوەی شار بدرێت. بەگوتەی بەرپرسانی ھاتوچۆ، ڕووداوەکانی دەرەوەی شارەکان پتر لەوانەی ناوەوەی شارەکان قوربانییان لێ دەکەوێتەوە، ھۆی سەرەکیش خێرایی لە ڕادە بەدەر و سەرقاڵبوونی شۆفێرانە بە مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە لە کاتی لێخوڕیندا، ئەمەش نیشانەی کەمیی ھۆشیاریی ھاتوچۆیە لە ھەرێمی کوردستان.
ھێمن میرانی، بەڕێوبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، پرسی ڕووداوەکانی ھاتوچۆ بووەتە یەکەمینیی کارەکانی حکوومەت و وەزارەتی ناوخۆ، بە داخەوە خێرایی و پابەندنەبوون بە ڕێسا و قانوونەکانی هاتوچۆ، سەرەکیترین ھۆی ڕووداوەکانی ھاتوچۆن لە کوردستان”.
تەھا مەھدی، سەرۆکی ڕێکخراوی ڕۆشنبیریی ھاتووچۆ لە کوردستان، گوتی:” ئامارەکان ئاماژەیەکی خراپ و ترسناکمان پێ دەڵێن، ڕۆژ بە |ڕۆژ ڕێژەی ڕووداو و قوربانییەکان زیاتر دەبن، شۆفێرەکان رێگاوبانەکان باش بەکارناھێنن. خاڵێکی تر خراپی ڕێگاوبانەکانە، زۆربەی ڕێگاکان ئێستەش یەک ئاراستەن، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی کارەساتی ھاتووچۆی دڵتەزێنیان لەسەر ڕووبدات.
عەقید فازل حاجی، بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لە ھاتوچۆی ھەولێر، گوتی:” ھۆی ڕووداوەکانی ھاتوچۆ بۆ سێ شت دەگەڕێتەوە، ھەڵەی شۆفێران، خراپی ڕێگاوبان و کوالێتیی ئۆتۆمبێلەکان، لەگەڵ باری کەشوھەوا. ئەوەی ئێمە بەدیمان کردووە ٨٠%ی ڕووداوەکانی ھاتوچۆ دەگەڕێنەوە بۆ ھەلەی شۆفێران، کە دەڵێین ھەڵەی شۆفێران، ھەموو شتێک دەگرێتەوە، خێرایی لە ڕادەبەدەر، بەکارھێنانی موبایل، بێئاگایی، بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر یەکێک لە ھەڵەکانە. ڕێگاوبان ئەو کاریگەرییەی نییە بەتایبەتی لە ھەولێر و دەوروبەری، چونکە ئێستا ئەو ڕووداوانەی کە دەقەومێن و مردن و برینداری زۆریان لێ دەکەوێتەوە، زیاتر لە شەقامە باشەکاندا ڕوو دەدەن تا لە شەقامە خراپەکان. بۆ نموونە، شەقامی ١٢٠ مەتری لە شەقامی هەولێر-کۆیەزیاتر ڕووداوی ھاتووچۆی تێدا ڕوودەدات .
لە ھەر ٢٤ چرکەیەکدا کەسێک دەمرێت
بە گوێرەی ئاماری ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی WHO، ھەر ٢٤ چرکە جارێک، لە دنیادا کەسێک بەھۆی ڕووداوەکانی ھاتوچۆ دەمرێت. لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسی ھاتوچۆ دەریانخستووە ٨٠٪ی ڕووداوەکان، بەھۆی خێرایی لێخوڕین و سەرقاڵبوونی شۆفێرە لەکاتی شۆفێرییدا، ھەروەھا ٢٠٪ی ڕووداوەکانیش بەھۆی خراپی رێگاوبانەکان و نزمیی ئاستی کواڵێتی ئۆتۆمبێلەکانەوەیە.
عەقید فازل حاجی، بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لە ھاتوچۆی ھەولێر، گوتیشی:” ساڵانە ڕێژەی مردن و بریندار بوون بە ڕووداوەکانی ھاتووچۆ لە زیاد بووندان، ئەوەش نەک تەنیا لە ھەرێمی کوردستان، بەڵکو لە ھەموو جیھاندا ڕێژەی مردن و بریندار بوون زیاد بووە، لە ھەندێک وڵات بۆتە ھۆکاری یەکەمی مردن.
سەرۆکی ڕێکخراوی ڕۆشنبیریی ھاتوچۆ لە کوردستان، ڕایگەیاند: ڕووداوەکانی ھاتوچۆ، بە تیرۆری سپی، یاخود ئەنفال دەناسرێت. بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی یەک ملیۆن و دووسەد ھەزار ھاووڵاتی لە سەرتاسەری جیھان بەڕوداوی ھاتوچۆ دەمرن. لە ھەرێمی کوردستانیش ڕۆژانە ڕووداوی ھاتوچۆ ھەن، بەو ھۆیەوە بەلایەنی کەم ٣ ھاووڵاتی دەمرن، تەنھا لە ساڵی ٢٠١٧، لە ھەرێمی کوردستان ٩٧٨ کەس بوونەتە قوربانیی ڕووداوەکانی ھاتووچۆ، زیاتر لە ٨ ھەزار کەسیش بریندار بوون.
نزیکەی دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل لە ھەرێمی کوردستان ھەن
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ھاتووچۆی ھەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا ژمارەی ئۆتۆمبێلی تۆمارکراو گەیشتووەتە نزیکەی دوو ملیۆن. سەرۆکی ڕێکخراوی ڕۆشنبیریی ھاتووچۆ لە کوردستان، دەڵێ:” لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان زۆر زیادیان کردووە.
چارەنووسی ماستەرپلان
ساڵی ٢٠١٠ حکوومەت ماستەرپلانێکی لە ڕێگەی کۆمپانیای دارولھەندەسە بۆ بە دووسایدکردنی ھەموو ڕێگە سەرەکییەکان ئامادەکرد تا لە ماوەی ٢٠ ساڵدا، واتە تاوەکو ساڵی ٢٠٣٠ تەواو بکرێن، بەڵام بەھۆی قەیرانی دارایی و پەتای کۆرۆنا، حکوومەت نەیتوانی ماستەرپلانەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکات. بەگوتەی بەرپرسانی ئاوەدانکردنەوە، تا ئێستا بە ھەزاران کیلۆمەتری ڕێگەوبانەکان دوو ساید کراون، ھەموو ھەوڵەکانیش دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەی رێگەوبانەکان باشتر بکرێن.
ھۆشیاریی ھاتوچۆ لە ھەرێمی کوردستان وەکو پێویست نییە
عەقید فازل حاجی، بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لە ھاتووچۆی ھەولێر، جەختی لەوەشکردەوە:” دەبێت خەڵک لە ڕێگەی دەزگاکانی راگەیاندن، مینبەری مزگەوتەکان، ھەتا لە رێگەی مەنھەجەکانی خوێندنیشەوە ھۆشیار بکرێنەوە، دووەمیش دەبێت قانوونەکان توندوتۆڵتر بکرێن، قانوون بە شێوەیەک بێت، کاتێک شۆفێرێک سەرپێچییەک دەکات، بەشێوەیەک سزا بدرێت، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بیر لەدووبارە کردنەوەی نەکاتەوە، چونکە ھەر ھەڵەیەک ئەگەرێکە بۆ قەوماندنی ڕووداوێکی ھاتووچۆ.
تەھا مەھدی، سەرۆکی ڕێکخراوی ڕۆشنبیریی ھاتوچۆ لە کوردستان، ئەوەشی گوت:” بەشێک لەو قانوونانەی کە ئەمڕۆ لە کوردستان کاریان پێ دەکرێت ھی سەردەمی رژێمی بەعسن، ئیدی پێویستە لەگەڵ ژیانی سەردەمدا بگونجێن،قانوون ھاتووچۆی ژمارە ٨٦ی ساڵی ٢٠٠٤ ھەموار کراوەتەوە بەڵام دەبێت دووبارە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە ھەموار بکرێتەوە، ھەروەھا دەبێت سیستەمی بیمەی سەلامەتی بۆ شوفێران و ھاووڵاتییان دروست بکرێت. ھەروەھا پێویستە لە قوتابخانەکاندا وانەی ھۆشیاری بخوێندرێت، ئەمرۆ لە بەشێکی زۆری زانکۆکانی جیھان، بەشی تایبەتیان لەسەر ھاتوچۆی ڕاست و گونجاو هەیە، ئەمە دەبێت لە کوردستانیش ھەبێت. دەبێت ڕێکخراوەکانیش کاری جددی بکەن، زیاتر ڕۆشنبیری و ھۆشیاریی ھاتوچۆ بڵاوبکەنەوە. چالاکییەکانیان فراوانتر بکەن، چونکە ھەر کاتێک سەلامەتی ھاتوچۆ بوو بە مەنھەجی خوێندن لە قوتابخانە و زانکۆکان، خەڵک ھۆشیارتر دەبێت و بەوەش ڕووداوەکانی ھاتووچۆ کەمتر دەبن.

ھەواڵی زیاتر