بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر داوای فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە هێرش و هەڕەشەكانی ئێران بۆ سەر هەرێمی كوردستان ئەنجام بدات.
لەمبارەیەوە شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری پارتی راگەیاند، كۆبوونەوەكە ڕۆژی سێشەممە بەڕێوە دەچێت و لەسەر داوای فراكسۆنی پارتی بووە.
ڕوونیشی كردەوە كە ئەوان وەك فراكسیۆن بڕیاریان داوە لە كۆبوونەوەكەدا داوای هەڵوێستی جددی و بڕیاری یەكلاكەرەوە لە حكوومەتی فیدڕاڵی بكەن تاوەكوو بە جددی لەبارەی هێرشەكانی ئێران بۆ سەر هەرێمی كوردستان بێتە سەر هێڵ و ئەو هێرشانە ڕابگرێت.
گوتیشی: ”ئەگەر حكوومەتی عێراق بە جددی نێتە سەر هێڵ، وەك فراكسیۆنی پارتی هەڵوێستمان دەبێت.“
لەم ماوەیەی دواییدا ئێران بە ئاشكرا و فەرمی، لە ڕێگەی مووشەك و درۆنەوە، چەندانجار هێرشی كردۆتە سەر بنكە و بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە هەرێمی كوردستان كە بەهۆیەوە چەندان كەس شەهید و بریندار بوون، دوایین هێرشیش لە كۆتایی هەفتەی رابردوو ئەنجام درا.