سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

رێبەر ئەحمەد: بە فەرمانی سەرۆکی حکومەت ئەگەر پێویست بکات بریندارەکان دەنێرینە دەرەوەی وڵات

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی شاری سلێمانی کرد، بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە رووداوی تەقینەوەکەی سلێمانی و رەوشی قوربانییەکان.

شەوی رابردوو لە گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی سیستەمی غازی خانوویەک تەقیەوە و بەهۆیەوە خانووەکە رووخا، لەئاکامدا 15 کەس گیانیان لەدەستدا و 12ـی دیکەش برینداربوون.

سەبارەت بە رووداوەکەی شەوی رابردوو، رێبەر ئەحمەد بە کوردستان24ـی راگەیاند، بە فەرمانی سەرۆکی حکومەت ئەگەر پێویست بکات بریندارەکان دەنێرینە دەرەوەی وڵات.

لەبارەی بەدواداچوونی سەرۆکایەتی حکومەت بۆ دۆخەکە، رێبەر ئەحمەد بە گوتی: مەسرور بارزانی راستەوخۆ چاودێری و سەرپەرشتی بابەتەکەی کردووە، هەروەها لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی قسەی کردووە، لەهەمانکاتدا لەگەڵ دامودەزگاکان لەسەر هێڵ بووە.

وەزیری ناوخۆ جەختی لەوەکردەوە، سەرۆکی حکومەت تەنانەت رێنمایی ئەوەشی دابوو، بە شێوەیەکی پسپۆڕانە مامەڵە لەگەڵ پاشماوەی خانووەکان بکرێت، بۆئەوەی کەمترین کەس گیانی لەدەستبدات.

رێبەر ئەحمەد هەرێمی کوردستان دەستخۆشی لە تیمەکانی تەندروستی کرد کە لەکاتی پێویستدا ئەرکی خۆیان جێبەجێکردووە، گوتیشی: سەرۆکی حوکمەت ئێمەی راسپاردووە بێین لە نزیکەوە سوپاسی دامودەزگاکانی شاری سلێمانی بکەین کە وەک تیم ئەرکی خۆیان راپەراندووە.

لەبارەی رەوشی قوربانییەکانەوە، رێبەر ئەحمەد رایگەیاند، بەداخەوە 15 کەس بوونە قوربانی و 12 کەسی دیکە برینداربوون، ئێستا کەس لەژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکەدا نەماوە، هەموومان هاوخەمین لەگەڵ شاری سلێمانی، هیواخوازین بریندارەکان تەمەن درێژبن و بە تەندروستییەکی باشەوە بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.

سەبارەت بە دابیکردنی پێداویستی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی کارەساتی هاوشێوە، رێبەر ئەحمەد رایگەیاند، مەسرور بارزانی ئێمەی راسپاردووە، ئەو پێداویستییانەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەمجۆرە کارەساتانە بەکاردەهێندرێن بۆ پارێزگای سلێمانی دابین بکرێن.

وەزیری ناوخۆ داوای لە پارێزگاری سلێمانی کرد، تیمێکی تایبەت بۆ رووداوی هاوشێوە دروستبکەن، کە بتوانن باشتر لەپێشوو مامەڵە لەگەڵ رووداوەکان بکەن.

جگە لە دابینکردنی خەرجی چارەسەری بریندارەکان لەلایەن مەسرور بارزانییەوە، رێبەر ئەحمەد راشیگەیاند، سەرۆکی حکومەت ئامادەیی دەربڕیووە بۆ دابیکردنی پێداویستییەکانی خانەوادەی قوربانییەکان.