پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

پشتیوان سادق: رۆژێك له‌ڕۆژان پارتی نه‌یگوتووه‌ به‌پێی داهاتی نه‌وتی شاره‌كان پاره‌ ته‌رخانبكرێت

پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی ئاشکرایکرد، لە 94%ی داهاتی ده‌رهێنان و هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له‌ دهۆك و هه‌ولێره‌، گوتیشی: رۆژێك له‌ڕۆژان پارتی نه‌یگوتووه‌ به‌پێی داهاتی نه‌وتی شاره‌كان پاره‌ ته‌رخانبكرێت.

پشتیوان سادق، وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ئیداره‌ی حكومه‌ت لە پارێزگای سلێمانی ناتوانێت یان ناچێت پاره‌ی ئاو و كاره‌با كۆبكاته‌وه‌، له‌ هه‌ولێر 70% ی پاره‌ی ئاو و كاره‌با كۆده‌كرێته‌وه،‌ له‌ سلێمانی 30% ی كۆده‌كرێته‌وه‌.

لەبارەی داهاتی نەوتی شارەکانی هەرێمی کوردستانەوە، پشتیوان سادق جه‌ختی لەوەکردەوە‌، 94%ی داهاتی ده‌رهێنان و هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له‌ دهۆك و هه‌ولێره، گوتیشی: رۆژێك له‌ڕۆژان پارتی نه‌یگوتوه‌ به‌پێی داهاتی نه‌وتی شاره‌كان پاره‌ ته‌رخانبكرێت.

لەلایەکی دیکەوە، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دهۆک رایگەیاند، ئەو کێشەیەی سلێمانی بە دەستییەوە دەناڵێنێت، خەریکن دەیکەنە ئەستۆی پارتی، لەکاتێکدا پارتی هیچ دەسەڵاتێکی ئیداری و ئەمنی لە سلێمانی بەدەست نییە.

لەبارەی نیگەرانییەکانی یەکێتییەوە، رێبەر ئەحمەد گوتی: تا ئێستا تیمی یەکێتی لە حکومەت بە ئێمەیان نەگوتووە لە چی ناڕازین، ئەگەر کێشەیەکی سیاسی هەیە پێویستە بە ئێمە بگوترێت، پێویست ناکات لە راگەیاندنەکانەوە گلەیی لە پارتی بکرێت لە کاتێکدا لە کۆبوونەوە فەرمییەکان باسی هیچ ناکرێت.

سەبارەت بە دروستکردنی هێزێکی تایبەت بە دەروازە سنوورییەکان، رێبەر ئەحمەد رایگەیاند، لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە هێزێکمان دروستکرد بۆ دەروازە سنوورییەکان، بەڵام لە سلێمانی پێیان راگەیاندین، ئەگەر هێز بجووڵێنن بۆ خاڵە سنوورییەکان شەڕی ناوخۆ دروست دەبێت.

لە بەرانبەردا، مه‌لا به‌ختیار له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان یەکێتی و پارتییەوە ئاماژەی بەوەدا، به‌دووری ده‌زانێت كێشه‌كانی نێوان یه‌كێتی و پارتی بگه‌نه‌ ئاستی شه‌ڕی ناوخۆ، هەروەها زه‌مینه‌ی گفتوگۆ و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان هه‌یه‌، گوتیشی: ئه‌گه‌ر یه‌كێتی گله‌یی له‌ پارتی هه‌یه‌، با له‌گه‌ڵ پارتی دابنیشێت و گفتوگۆ بكه‌ن، ئه‌گه‌ر گله‌یی له‌ حكومه‌ت هه‌یه‌، با له‌نێو حكومه‌ت دابنیشێت و گله‌ییه‌كانی بكات.