چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

کەمداگەڕانی ئاوی ژێر زەوی و زیانی بۆ گوندنیشان

بناو یاخود ئاوی ژێر زەوی ئەو ئاوەیە کەوا لەژێر ڕووکەشی زەوی و بەدیاریکراوی لەنێو کونە بۆشە خۆڵییەکان و لەنێو جێگا شکاوەکانی کەڤردا ھەیە. ھەرکاتێک ئاوی سەر زەوی دەچێتە نێو قووڵایی خاکەکە ئەوا بە ئاوی ژێر زەوی یاخود بناو پێناسە دەکرێت. ئەو ئاوەشی کە دەچێتە ژێر زەوی ڕاستەوخۆ کون و کەلێنە بۆشەکان پڕدەکاتەوە. ماددەی ڕەق نەبوو (وەک خۆڵ)یان ھەر تەنێک بە چینی ئاوھەڵگر یان ئاوە کۆگای ژێرزەوی بانگ دەکرێت ھەرکاتێ توانستی گلدانەوەی بڕە ئاوێکی ھەبێت.

لە چەند ساڵی رابردوودا ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە هەرێمی کوردستان بەهۆی کەمداگەڕانی رێژەی باران، لە دابەزینی بەردەوامدا بووە. سەرۆكی لیژنەی رێگەپێدانی بیر لە ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێت، ئەو ئاوەی لەژێر زەوی دەردەهێندرێت 100 هێندە زیاترە لەو ئاوەی لە رێگەی بارانەوە دەچێتەوە ژێر زەوی.

 لەبارەی دەرکەوتنی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی دەستەی ژینگە دەڵێت: “ئەوەی دەرکەوتووە زیاتر کەمداگەڕانی ئاوی سەرزەوییە بەهۆی کەمیی بارانبارین بۆ نموونە ئاوی رووباری دیجلە و فورات بە رێژەیەکی یەکجار زۆر کەمیکردووە بۆیە خەڵک کەمترین کاری کشتوکاڵیان لە دەوروبەری ئەو رووبارانە کردووە ئەوەش وایکردووە نەتوانن پێداویستییە خۆراکییەکانیان دابین بکەن. بۆیە کۆچی پێچەوانە دەستی پێ کردووە و ئەو خەڵکەی بەمەبەستی ئاوەدانکردنەوە چووبوونە گوندەکان ئێستا بەناچاری لەبەر بێئاوی کۆچ دەکەنەوە بۆ شارەکان.”

گوتەبێژی دەستەی ژینگە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمساڵ تا ئێستا کەمترین رێژەی باران باریوە لەچاو ساڵانی رابردوو بەشێوەیەک کە ساڵان لەم کاتەدا رێژەی بارانبارین ئەوەندە زۆر بووە پەڵەی داوە. بەڵام نابێ بێ ئومێد بین، چونکە کەمیی بارانبارین حەوت ساڵ یان هەشت ساڵ جارێک بۆ ماوەی دوو ساڵ لەسەر یەک دووبارە دەبێتەوە، هەندێک جار باران بە رێژەیەکی زۆر دەبارێت وەک ساڵەکانی 2018-2019 کە هەموو بەنداوەکان سەرڕێژ و پڕ ئاو بوون.

 گوتەبێژی دەستەی ژینگە گوتی: “دەبێت هەرێمی کوردستان (پۆند-بەنداو)ی زیاتر دروست بکات بۆ پارێزگاریکردن لە ئاوی بەفر و باران، هەروەها دروستکردنی کارگەیەک بۆ مردەوژیکردن یاخود ریسایکلینگی ئاوی بەفیڕۆچووی ئاوەڕۆکان و پاککردنەوە و بەکارهێنانەوەی بۆ ئاودانی رووبەری سەوزایی و سەوزەڵانی ناوشار.

ئەمساڵ بەهۆی کەمکردنی رێژەی باران و وشکەساڵییەوە حکوومەت پلانێکی پێشوەختەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی کێشەی کەمئاوی راگەیاند لەوانەش لێدانی ژمارەیەک بیر. بەشدار سابیر بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی گووتی: ئەو پلانە بە چارەسەر نازانێت و دەڵێت: “لێدانی 283 بیر بۆ رووبەڕووبوونەوەی کەمئاوی چارەسەرێکی کورتخایەنە و من بە چارەسەری ریشەیی نازانم، لەبەر ئەوەی ناکرێ بۆ شارێکی گەورەی وەک هەولێر پشت بە ئاوی ژێرزەوی ببەسترێت. چارەسەر ئەوەیە پشت بە ئاوی سەرزەوی ببەستین، لەبەر ئەوەی ئاوی سەرزەویمان هەیە و لە هەولێریش نزیکە”.

 بەشدار سابیر گوتی ئەمساڵ ساڵێکی سەخت دەبێت بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە، پێویستە بە هەموو شێوەیەک بەکارهێنانی ئاوی ژێرزەوی بۆ هەموو بوارەکان رابگیرێت و ئاوی سەرزەوی بکرێتە جێگرەوە.

بۆ ئەوەی مەترسییەكانی ئاو كەمبكرێتەوە پێویستە هەنگاوی پێویست بۆ پاراستنی ئەو سامانە بگیرێتەبەر، نەهێشتنی زیادەڕەوی و نەهێشتنی بیری نایاسایی و ڕێگریلێكردنی، هەروەها پاراوكردنەوەی ئاوی ژێر زەوی لەڕێی پاڵاوتنەوەی ئاو، یان نەهێشتنی بیر لە شوێنی پاراوبوونەوە، ئیدارەكانمان لەگەڵ دۆخی ئێستای خزمەتگوزاری خەڵك ڕێك بخەینەوە، لە كۆتاییشدا گرنگی بدرێت بە لایەنی زانستی و توێژینەوەكانی تایبەت بە ئاوی ژێر زەوی.