ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ”دیاریکردنی من وەکوو نوێنەری کوردانی ئێزدی لە کۆمیتەی ناوەندی، گرنگیدانی سەرۆک بارزانییە بە کوردانی ئێزدی و هەمیشە خەمخۆری گەلی ئێمەیە، بۆیە ئێمە زۆر سوپاسی دەکەین بە ناوی کوردانی ئێزدییەوە.”
مەحموود ئێزدی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: ”دوای ئەوەی وەکوو نوێنەری ئێزدییەکان لە کۆمیتەی ناوەندیی پارتیدا هەڵبژێردرام، هیوادارم هەمووان پێکەوە بتوانین هاوکار بین لەگەڵ سەرۆک بارزانی و پاڵپشت بین و بتوانین ئەم قۆناغە تێپەڕێنین و خزمەتی گەلی خۆمان بکەین و ئەو ڕیفراندۆمەی پێش چەند ساڵ بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی کرا، بیگەینینە ئامانج کە ئەویش ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردییە، وەکوو کوردێکی ئێزدی بە نوێنەرایەتیی ئەوان دنیایەک مەمنوونی سەرۆک بارزانین کە گرنگی بە ئێزدییەکان دەدات و بە تەزکیەی ئەو بووینە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە سەرۆک بارزانی هەمیشە پاڵپشتی لە گەلی ئێمە و شەهیدان دەکات، بۆیە سەرۆک بارزانی بارێکی قورسی خستە سەر شانمان و هیوادارم لە ئاست ئەو کارەدا بم کە پێم ڕاسپێردراوە.”
مەحموود ئێزدی گوتیشی: ”پێشتریش من ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی بووم بە پاڵپشتیی سەرۆک بارزانی و ئێستاش بە هەمان شێوە بە پاڵپشتیی سەرۆک بارزانی بوومە ئەندامی مەکتەبی ناوەندی، ئەوەش شەرەفێکی گەورەیە بۆ ئێمە و ئەوەی لە توانای ئێمەدا بێت کەمتەرخەمی ناکەین و هەوڵ دەدەین بە هەموو ڕێگایەک خزمەتی هەموو پێکهاتەکان بکەین بێ جیاوازی، بە کوردی ئێزدی و پێکهاتەکانی دیکەشەوە، ئامانجی پارتییش ئەوەیە خزمەتی هەموو گەلی کوردستان بکەین.”
گوتیشی: ”بەرنامەی باشمان دەبێت بۆ خزمەتکردن لەگەڵ مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی تاکوو بتوانین باشترین خزمەت بە هەموو خەلکی کوردستان بکەین.”