بەكر عەبدوڵا ناسراو بە (خاڵە بەكر) ماوەی سی ساڵە لە شەقامی بێكەسی شاری سلێمانی كاری فرۆشتنی پاقلەی كوڵاو دەكات؛ ئەو بۆ “هەولێر” دەڵێ تا مابێت بەردوام دەبێ لە كارەكەی و ئێستا منداڵەكانی ڕۆژانە یارمەتیی دەدەن.
ئەو وتیشی: “لە چوار وەرزەی ساڵدا بەبێ جیاوازی لە كاتژمێر دووی پاش نیوەڕۆ پاقلە ئامادە دەكات پاشان بە ماتۆڕ دەیهێنێتە شەقامی بێكەس تا درەنگانێكی شەو، کە دنیا تاریك دەكات و بازاڕ چۆڵ دەبێت ناڕواتەوە بۆ ماڵەوە بەردەوام دەبێت لە كارەكەی”.
دەشڵێت پیشەی پاقلەفرۆشی هەڵکەوت بووە لە ژیانیدا؛ لەگەڵ ئەوەشدا مەرجی سەركەوتن لە كارەكەمدا بۆ بەردەوامی و كۆڵنەدان و ڕووخۆشی دەگەڕێنێتەوە. بە وتەی خۆی لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا رۆژێك لەسەر كارەكەی كێشەی لەگەڵ كەس نەبووە”.
خاڵە بەكر ئەوەشی وت کە بازاڕیان زیاتر بۆ وەرزی زستان و بەهار دەگەڕێتەوە بەتایبەت ئەو كاتەی پاقلەی تەڕ و سەوز پێدەگات؛ چەند بهێنن ئامادەی بكە لە سەروو دووسەد كیلۆوە دەفرۆشن بەڵام وەرزی هاوین گەرما بازاڕیان نیواونیو كەم دەكات.
ئەو ئامۆژگاری ئەو كەسانەش دەكات دەیانەوێت پاقلە ئامادە بكەن دەڵێت: “پاقلەی سەوز بیستوپێنج خولەك لەسەر ئاگر بێت ئامادە دەبێت؛ هەرچی پاقلەی وشكە چوار بۆ پێنج كاتژمێر لە ئاودا بیت و چل بۆ چل و پێنج خولەك لەسەر ئاگر بێت ئامادە دەبێت بۆ خواردن”.