چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

ساسان عەونی: گرفتی زەویی سندووقی چارەسەركرا

مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رەزامەندی لەسەر چارەسەركردنی كێشەی زەوییە سندقووكییەكان دا.

ئەمڕۆ چوارشەممە (16ـی تشرینی دووەم) ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند: لەپێناو بەرژەوەندیی هاووڵاتییان و خەڵكی كەمدەرامەت، گرفتی ئەو زەوییانەی بە زەویی سندووقی ناسراون، چارەسەركران.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار روونیكردەوە: مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رەزامەندی لەسەر چارەسەركردنی كێشەی زەوییە سندقووكییەكان دا و بۆ ئەم مەبەستە، رێكارە یاساییەكانی پەسەند كرد كە لە بەرژەوەندیی خەڵكی كەمدەرامەتە و پاش ئەو بڕیارە دەتوانن بەپێی یاسا و دوای گرتنەبەری رێكارەكان، لەم بڕیارە سوودمەند ببن.

ماوەی چەندین ساڵە، هاووڵاتییانی سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی سۆران و شارەوانییەكانی دەوروبەری شاری هەولێر، داوا دەكەن گرفتی زەویی سندووقییان بۆ چارە بكرێت. حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، پارێزگای هەولێر، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و سەرۆكایەتیی دیوانەوە، ئەم پێشنیازەیان خستە بەردەم سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەویش رەزامەندی لەسەر دا.