چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

وه‌ڵامێک بۆ بافڵ تاڵه‌بانی

وه‌ڵامێک بۆ بافڵ تاڵه‌بانی چاوپێکه‌وتنی که‌ناڵێکی راگه‌یاندن، بافڵ تاڵه‌بانی چه‌ند شتێکی ناڕاستی گووت، لێره‌دا هه‌ندێکی بۆ راست ده‌که‌ینه‌وه‌:

١- هیچ که‌سێک له‌ پارتی، قسه‌ی به‌ به‌ڕێز (مام جه‌لال) نه‌گوتووه‌، ئه‌گه‌ر راست ده‌که‌ی، به‌ڵگه‌یه‌کمان پێبده‌.

٢- هێز نه‌براوه‌ته‌ سه‌ر ماڵی (قوباد تاڵه‌بانی) و راستیه‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌: ئێوه‌ چونه‌ته‌ سه‌ر ماڵی (مامۆستا ئه‌ژی ئه‌مین) و دایکی به‌و ته‌مه‌نه‌وه‌ ده‌ستگیرکراوه‌، پاشان هێناوتانه‌ته‌ سه‌یته‌ره‌ی دێگه‌ڵه‌ و فڕێتان داوه‌، مامۆستا ئه‌ژی به‌ ته‌له‌فون قسه‌ی به‌ قوباد تاڵه‌بانی گوتووه‌، هێزی نه‌بردووه‌ته‌ سه‌ر ماڵه‌که‌ی، راستیه‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌ ماڵی قوباد و مامۆستا ئه‌ژی چه‌ند مه‌ترێکیان به‌ینه‌ و نزیکن له‌ یه‌که‌وه.

٣- کۆمپانیاکانی پاککردنه‌وه‌ی سلێمانی، سه‌رجه‌میان یه‌کێتین و شه‌ریکی ئیداره‌ی گشتی یه‌کێتین، پاره‌یان نه‌بڕدراوه‌، هه‌موو ئه‌و پارانه‌یشی وه‌ریانگرتووه‌، به‌ وه‌سڵ و پسووله‌ هه‌یه‌ له‌ وه‌زاره‌تی دارایی و بانکه‌کان.

٤- ئه‌وه‌نده‌ نازانستی مه‌به‌، نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان وا زوو کۆتایی نایه، تا زیاتر له‌ په‌‌نجا ساڵی تریش به‌رده‌وام ده‌بێت.

٥- زۆر هه‌وڵتدا هێز و بۆ هه‌ندێک خه‌ڵک دروست بکه‌ی، چ له‌ جه‌وهه‌ر ئاغا یان ئه‌و قه‌رزار و قۆڵبڕه‌ی ناوی هونه‌ره‌، دوایینجاریش زۆر موجامه‌‌له‌ی (کاک ئه‌دهه‌م)ت کرد، به‌ڵام هێشتاش تێنه‌گیشتووی ئه‌وانه‌ هیچ پێگه‌ و کاریگه‌رییه‌کیان نییه‌.

٦- پارتی نایه‌ت له‌گه‌ڵت دابنیشێ، وه‌هاب و دژه‌تیرۆره‌که‌شت بێن له‌ هه‌ولێر کاری تیرۆریستی بکه‌ن، ده‌بێت وه‌هاب و داواکراوان ته‌سلیم به‌ دادگا بکه‌ی، ئینجا بێی له‌گه‌ڵ پارتی دابنیشی.

٧- به‌ چ ئه‌قڵ و مه‌نتقێک، ده‌ڵێی دادگا دادگا نییه‌ و ئیعترافی پێ ناکه‌م؟ ده‌زانی به‌س مافیا و له‌یاسا ده‌رچوو، وا به‌ دادگا ده‌ڵێت؟ تۆ چۆن سه‌رۆک حزبێکی وه‌ها دژی دادگا قسه‌ ده‌که‌ی؟

٨- چیتان پێده‌کرێت بیکه‌ن، له‌ به‌غدا هه‌موو شتێکت کرد دژی پارتی و کورد، تا شکای و کاندیدی تۆ (به‌رهه‌م ساڵح) ده‌رنه‌چوو. له‌ کوردستان دژی پارتی هه‌موو شتێکت کرد، هه‌موو کونسوڵگه‌ری و هاوپه‌یمانه‌کانمان ده‌زانن، هیچ نه‌ما نه‌یکه‌ی، بۆیه ئێستا که‌ شکستتان هێنا له‌ هه‌موو شتێک، تازه‌ ده‌ته‌وێ خۆت شه‌ریف بکه‌ی؟

٩- هه‌موو شکستێکی سلێمانی، له‌ ئه‌ستۆی یه‌کێتی و تۆیه‌، هه‌ر شتێک له‌ هه‌ولێر و دهۆک هه‌بێت، پارتی لێی به‌رپرسه‌، بۆیه بڕۆن ئیداره‌ی سلێمانی بده‌ن، بزانین پێتان ده‌کرێ؟