سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

شه‌قامه‌كانی هه‌ولێر نۆژه‌ن ده‌كرێنه‌وه‌

ماوه‌یه‌كه‌ سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێر، ده‌ستی به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی شه‌قامه‌كانی ناو شاری هه‌ولێر كردووه‌، وای نیازه‌ له‌ داهاتی شاره‌وانییه‌كان و بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگاكان، هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی تێكچوونه‌ چاكیان بكاته‌وه‌ و چاڵ و چۆڵی شەقامەکانی پاتەخت نەهێڵن.

١٤ی تشرینی دووه‌م  پڕۆژه‌ی قیرتاوكردنی شه‌قامه‌كانی گه‌ڕه‌كی گڵكه‌ندی شاری هه‌ولێر، كه‌ پێشتر له‌لایه‌ن ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار به‌ردی بناغه‌ی داندرابوو، جێبه‌جێ كرا.

پڕۆژه‌كه‌ كه‌ به‌ گوژمه‌ی ٢١٩ ملیۆن و ٧٥٠ هه‌زار دینار جێبه‌جێ كراوه‌ و ١٥%ی تێچووه‌كه‌ی له‌سه‌ر داهاتی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێره‌، پێكهاتووه‌ له‌ کڕاندنەوە و قیرتاوكردنی شه‌قامی شه‌هید سامی و چه‌ند شه‌قامێكی دیكه‌ی گه‌ڕه‌كی گڵكه‌ند. پێگه‌ی فه‌رمیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێ، ئێستە له‌سه‌ر داهاتی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێر، ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی دیكه‌ له‌ قۆناغی جێبه‌جێ كردندان و ده‌رخسته‌ بۆ جێبه‌جێكردنی چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی پێویستیان به‌ پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری هه‌یه‌،‌ كراوه‌.

ماوه‌یه‌كه‌ سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێر، پڕۆژه‌ی قیرتاوكردن و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی شه‌قامه‌ سه‌ره‌كی و كۆڵانه‌كانی شاری هه‌ولێری ده‌ست پێكردووه‌،  ١٥%ی تێچووه‌كانی له‌سه‌ر داهاتی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێره‌ و ماوەکەی لە‌ بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگاكان خەرج دەکرێت.

هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ له‌لایه‌ن تیمه‌كانی شاره‌وانیی هه‌ولێر و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كارگه‌ی قیر و ئه‌سفڵت له‌ سنووری شاره‌وانییه‌كان به‌ڕێوه ‌ده‌چێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش كارگه‌ی قیری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێر، سه‌دان تۆن قیری به‌رهه‌م هێناوه‌.

بە گوێرەی زانیارییه‌كان، هه‌ندێك له‌و شه‌قامانه‌ی پێویستیان به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ هه‌یه‌، لە گه‌ڕه‌كه‌كانی ته‌یراوه‌ و هه‌ڤاڵان، زانیاری، عه‌نكاوه‌، ڕاپه‌ڕین، كوردستان، ئازادی، ئیسكان، شه‌قامی ٦٠ مه‌تری و ١٠٠ مه‌تری و هتدن.