چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی په‌رله‌مانتارێك دەخرێتە ده‌نگدانه‌وه‌

په‌رله‌مانی كوردستان، سبه‌ی بۆ خوێندنه‌وه‌ی دوو پڕۆژه‌یاسا و ده‌نگدان له‌سه‌ر ده‌ست له‌ كاركێشانه‌وه‌ی په‌رله‌مانتارێك ده‌دات.

ئه‌مڕۆ سێشه‌م 15ی تشرینی دووه‌م، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان، بڕیاری دا به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنی ژماره‌ (13)ی ئاسایی خولی پایزه‌ی‌ ساڵی چواره‌م له ‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان، له‌ سه‌عات 10ی به‌یانیی چوارشه‌م 16ی تشرینی دووه‌م، به‌م شێوه‌یه‌ بێت:

یه‌كه‌م: خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ ئه‌م پێشنیاز و پڕۆژه‌یاسایانه‌ی خواره‌وه‌

1- پێشنیازه‌یاسای (به‌ركاركردنی یاسای فیدراڵیی واژووی ئه‌لیكترۆنی و مامه‌ڵه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان ژماره‌ 78ی ساڵی 2012).

2-  پڕۆژه‌یاسای (هه‌مواری پیاده‌كردنی یاسای به‌ڕێوه‌به‌ردنی ئه‌وقاف ژماره‌ 64ی ساڵی1966ی هه‌مواركراو له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق).

3-  پڕۆژه‌یاسای (هه‌مواری یه‌كه‌می یاسای ئه‌نجوومه‌نی شوورای هه‌رێمی كوردستان-عێراق، ژماره‌ 14ی ساڵی2008).

دووه‌م: ده‌نگدان له‌سه‌ر داواكاریی ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی ئه‌ندامی په‌رله‌مان (شایان كاكه‌ساڵح محه‌مه‌د)، له‌ ئه‌ندامیه‌تیی په‌رله‌مان به‌پێی حوكمی خاڵی (1، 2) له‌ بڕگه‌ی دووه‌می ماده‌ی (25) له‌ پێڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان.

رۆژی سێشه‌م یه‌كی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ر، فراكسیۆنی یه‌كگرتوو له‌ په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ پێنج كورسییان هه‌یه‌ كشایه‌وه‌، به‌پێی پێڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان له‌ ماده‌ی 25 و خاڵی دووه‌مدا هاتووه‌: سه‌رۆك ده‌بێت له‌ نزیكترین دانیشتنی په‌رله‌ماندا، داواكارییه‌كه‌ بخاته‌ به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌موو بارێكدا، له‌ ماوه‌ی 30 رۆژی دوای پێشكه‌شكردنه‌كه‌، ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ به‌ده‌نگی زۆرینه‌ی ئاماده‌بووان یه‌كلا بكرێته‌وه‌.

فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری، چوار په‌رله‌مانتاری گۆڕان و سێ په‌رله‌مانتاری سه‌ربه‌خۆ رایان گه‌یاند، ئه‌وان بایكۆتی  په‌رله‌مان ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێش رایان گه‌یاندووه‌ ناچنه‌وه‌ په‌رله‌مان و كاته‌كه‌ی ته‌واو بووه‌.

رۆژی نۆی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ر، په‌رله‌مانی كوردستان ته‌مه‌نی خۆی به‌ ده‌نگی 80 په‌رله‌مانتار بۆ ماوه‌ی دوو وه‌رزی یاسادانان  كه‌ ده‌كاته‌ ساڵێك و سێ مانگ، درێژ كرده‌وه‌.