ئەمڕۆ دووشەممە 14/11/2022، کونسوڵخانەی کەنەدا لە هەولێر لە پەیامێکدا رایگەیاندووە: “بەردەوامی هێرشەکانی ئێران بە مووشەك و درۆن بۆ سەر هەرێمی کوردستانی عیراق جێگەی قبووڵکردن نیە”.
دەشڵێت: “ئەم جۆرە هێرشانە سەروەری عیراق پێشێل دەکەن و ژیانی هاووڵاتییان دەخاتە مەترسیەوە و هیچ چارەسەرێك پێشکەش بە داوا ڕەواکانی هاووڵاتییانی ئێران بۆ گۆڕانکاری ناکات”.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر بنکە و بارەگای حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچەکانی کۆیە و سلێمانی (زڕگوێز)، کە بە هۆی ئەو بۆردومانەوە دوو ئەندامی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران شەهید بوون و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.