هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

دەستەی مافی مرۆڤ سەركۆنەی توندوتیژی هێزە تەناهییەكانی سلێمانی دەكات

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، سەركۆنەی توندوتیژی هێزە تەناهییەكان دەكات بەرانبەر قوتابیان و ڕۆژنامەنووسان لە سلێمانی.

ئەمڕۆ دووشەم 14ی تشرینی دووەم، دەستەی مافی مرۆڤ لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاندووە، دوای ئەوەی ژمارەیەك قوتابی لە سلێمانی گردبوونەوەیان كرد بۆ داواكردنی مافە ڕەواكانی خۆیان، دواتر توندوتیژی لێ كەوتەوە، بۆیە دەستەی مافی مرۆڤ وێڕای ئەوەی پشتیوانی داواكانی قوتابیان دەكات پشتگیری هەموو جۆرە ڕێكارێكی مەدەنی دەكەن.

دەستەی مافی مرۆڤ دووپاتی لەوە كردووەتەوە كە سەركۆنەی هەموو جۆرە گرژی و توندوتیژیەك دەكەن كە لەلایەن هێزە تەناهییەكان بە گازی فرمێسك ڕژێن و لێدان ڕووبەڕووی قوتابیان و ڕۆژنامەنووسان بوونەتەوە و دواتریش ژمارەیەكیشیان لێ گیراوە. 

دەستەكە داوا دەكەن كە هێزە تەناهییەكان خۆیان بەدوور بگرن لە بەكارهێنانی توندوتیژی و ئەشكەنجەدان و لایەنی پێوندیداریش مافەكانی قوتابیان دابین بكات.