ئەمڕۆ لە شاری هەولێر مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کردنەوەی پەیمانگەی داهێنان و نوێگەری راگەیاند.
پەیمانگەی داهێنان و نوێگەری کە بیرۆکەی مەسرور بارزانییە و سەرۆکایەتی بۆردەکەشی دەکات، تایبەت دەبێت بە رەخساندن و پاڵپشتی لە کەسانی خاوەن بیرۆکە و داهێنەر، بۆ ئەوەی بتوانن داهێنانەکانیان لەڕێگەی ئەم پەیمانگەیەوە بخەنەڕوو.
لە گوتارەکەیدا لە رێورەسمی کردنەوەی ئەم پەیمانگەیە مەسرور بارزانی رایگەیاند، وێڕای ئەوەی بەرهەم و دەستکەوتەکانی ئەم پەیمانگەیە یەکێکە لە ئامانجەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ خودی خۆشم شتێکی زۆر تایبەتە و هەمیشە هەبوونی ناوەندێکی لەمجۆرە ئاواتم بووە، راشیگەیاند، هەمیشە یەکێک لە ئامانجە سەرەکیەکانم دۆزینەوەی رێگە و دەرفەت بووە بۆ بەهرە و توانای هاونیشتیمانیان و بەتایەبتی گەنجەکانمان.
سەرۆکی حکومەت دامەزراندنی ئەم پەیمانگەیەی بە وەچەرخانێكی گرنگ بە ئاراستەی گەشەپێدانی کۆمەڵەگەی لە قەڵەمدا و رایگەیاند، کردنەوەی ئەم دامەزراوەیە بۆ پەرەپێدانی توانا و بەهرەی گەنجان و پێشخستنی ئابووریمان گرنگە، گوتیشی “ئەم پەیمانگەی ئەمڕۆ دەستبەکاردەبێت، شوێنێک دەبێت کە ژیان بە بیرۆکەکان دەبەخشێت، زانست و زانین تێیدا دەگەشێتەوە و داهێنان پەرەدەسێنێت و پاداشت دەکرێت”.
مەسرور بارزانی سەبارەت بە خزمەتگوزارییەکانی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت رایگەیاند، دەزانم لە نێوان كەرتی گشتی و كەرتی تایبەتدا بۆشاییەک هەیە كە لە رووی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانەوە، پێویستە پڕ بكرێتەوە، بۆیە كار دەكەین بۆ ئەوەی ئەم بۆشاییە پڕبكرێتەوە.
سەرۆکی حکومەت مژدەی ئەوە بە هاووڵاتیانی کوردستان دەدات، ئەم دامەزراوەیە دەرفەتێکی زێڕین بەڕووی گەنجەکان دەکاتەوە، لەلایەنی زەمینە رەخساندن و دابینکردنی کەرەستە و پاڵپشتی داراییەوە، هاوکاری بیرۆکەکانیان دەکات و پێشوازی لە هەر کەسێک دەکات کە ئامانجی داهێنان بێت یان کاتەکانی بۆ توێژینەوە و پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا تەرخانبکات.
مەسرور بارزانی نەیشاردەوە، لە رابردوودا ژینگەیەکی پێویست بۆ زۆرێک لە گەنجەکان دروستنەکراوە، هەربۆیە دامەزراوە ئەکادیمییەکانی دەرەوەی وڵات دەرفەتی گەورە و باشتریان پێشکەشکردوون و دواتر زۆرینەی بەهرەدارەکان نەیانتوانیووە بگەڕێنەوە نیشتیمان.
لەو بارەیەوە مەسرور بارزانی رایگەیاند، ئێمە شانازی بە هەر بەهرەمەندێکمان لە رەوەندی کوردستانی دەکەین، کە یەکێکن لە کاراترین رەوەند لە جیهاندا، من هیچ گلەییەکم لەو کوردانە نییە کە زۆرجار لە ناچاریدا لە قۆناغێکی ژیانیاندا بەهۆی جینۆساید، شەڕ، زوڵم و ستەمەوە ئاوارە و دەربەدەربوون، بەڵام لێرەدا داوادەکەم کە کۆچکردن و ئاوارەبوونی بەهرە و تواناکان بۆ دەرەوەی کوردستان کۆتایی پێبێت.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا ئەم پەیمانگەیە ئاسانکاری بۆ داهێنەران دەکات و رایگەیاند، کاری داهێنەرانە بەرزدەنرخێنین و پاداشتی دەکەین، ئەمڕۆ هەر هاونیشتیمانییەکی کوردستان بیرۆکەیەکی هەبێت و بیەوێت بیخاتە بازاڕەکاناوە، ئەوا لەڕێگەی ئەم پەیمانگەیەوە و بە پاڵپشتی دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەت لە هەموو کاتێک زیاتر ئاسانکاری دەکرێت و دەرفەتی زیاتر رەخساوە و بەربەست و ئاستەنگەکان کەمبووەتەوە.
ئەوەی لەم پڕۆژەیەدا زۆر جەختی لەسەر کرایەوە پاراستنی خاوەندارییەتی بیرۆکە بوو، لەو بارەیەوە مەسرور بارزانی گوتی، “پڕۆژە یاسای پاراستنی خاوەندارێتی پێشکەش دەکەین کە پێویستە بۆ پاراستنی خاوەن بیری داهێنەرانە، بۆ ئەم مەبەستەش هەنگاوی کردەیی نراوە”.
مەسرور بارزانی لە درێژەی گوتارەکەیدا کە ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی ناوخۆی و بیانی ئامادەی بوون رایگەیاند، خەڵکی کوردستان نامۆ نییە بە داهێنان، لەبیرمە لە سەرەتای ساڵانی 1990ـەکاندا لە هەندێك لە لادێکان بە دانانی بزوێنەری بچووک وزەی کارەبایان بە جووڵەی ئاوی رووبار و جۆگەکان بەرهەمدەهێنا.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا، 30 ساڵ بەسەر دامەزراندنی حکومەتی هەرێمدا تێپەڕیووە، بەڵام هێشتا پێداویستییەکانمان لەڕووی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری نەهاتووەتەدی، چونکە بەهۆی پێشکەوتنی بوارە جیاجیاکانی ژیان، رۆژانە خواست لەسەر وزە زیادیکردووە.
ئەم رێورەسمە هەلێک بوو بۆ ئەوەی سەرۆکی حکوومەت باس لە وزەی پاک بکات، لەو بارەیەوە رایگەیاند، ئەمڕۆ لەسەر ئاستی جیهاندا خواست لەسەر وزەی پاك لە زیادبووندایە و ئومێدمان وایە بە هاوكاریی داهێنەران و وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و هاوكاری و پاڵپشتیی سەرمایەدارانی دەرەكیش، بتوانین لە داهاتووێكی نزیكدا بەهۆی تەكنەلۆجیای ژینگەدۆست رێژەیەكی بەرچاوی پێداویستیمان بۆ وزە دابین بكەین و بەو رێگەیەش بەشدارییەكی كاراتر لە پاراستنی ژینگە و كەشوهەوای گۆی زەویدا بكەین.
هەر لەبارەی دابینکردنی وزەی پاک، پێشخستنی زانست و تەکنەلۆژیا سەرۆکی حکومەت رایگەیاند، هاوبەشەكانمان لەم ئاڵنگارییە تێدەگەن، لە سەردانەكانی ئەمساڵم بۆ ئیمارات سەرسامبووم بەو وڵاتە بەهێزە كە لە ماوەی كەمتر لە 50 ساڵ بونیادنراوە، بەڵام متمانەبەخۆبوون و وزەی كۆمەڵگە و مۆدێلەكەی مایەی سەرنجبوون. دەوڵەتە مۆدێرنەكان لە سەرانسەری ناوچەكە و ئاسیادا بەهۆی دیدێكی هاوبەشەوە بۆ دروستكردنی دەوڵەتێك كە بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی هاووڵاتیانی خۆی، لە پێشەنگی داهێنانەكانیدا بێت، دەستیان بە پەرەپێدانی وزەی پاك و پێشخستنی دیزاین و زانست و تەكنەلۆژیا و كولتوور كردووە، ئەوانەی زوو دەستیان پێكردووە، ئێستا لە پێشەنگی داهێنانی جیهانیدان، من مۆدێلی هاوشێوەم لە سەرانسەری كەنداودا بینیوە، ئەم دەستكەوتانەیان جێگەی دەستخۆشییە.
سەرۆکی حکومەت رێز و پێزانینی بۆ داهێنەرانی کورد لە ناوخۆ و دەرەوە هەیە و رایگەیاند، دەمەوێت بە رێز و پێزانینەوە ئاماژە بە رۆڵی داهێنەرانەی ئەو كوردە بەهرەمەندانە بكەم كە ناوخۆی کوردستان و دەرەوە ناسیومن و هاوبەشن لە دیدگەكەمان و باوەڕیان بە تواناكانی گەلەكەمان هەیە. راشیگەیاند بەپێی توانا هەوڵیداوە بیانبینێت و گوێیان لێبگرێت.
سەرۆکی حکومەت باسی لە رۆڵی خاوەنكاران، قوتابیان و بازرگانان كرد، لەو بارەیەوە رایگەیاند، ئەوان ئامادەن گۆڕانكاری لە ناوچەكەماندا بكەن، خواست و ئیرادەی ئێمەیان بەهێزتر كردووە و تەنانەت كاریگەرییان لەسەر سیاسەتەكانی حكوومەتیشدا هەبووە، هەندێكیان پێشتر سەرمایە و وەبەرهێنانیان لە بەریتانیا و ئەمەریكا و ئەوروپا راكێشاوە بۆ ئەوەی یارمەتیدەربن لە پەرەپێدانی بیرۆكەكانیان، رۆڵەكانی گەلەكەمان لە دەرەوەی وڵات خەڵاتی بەناوبانگیان لە بواری جیاجیای زانستیی وەك فیزیا و بیركاری و ئەندازیاریدا بەدەستهێناوە، هەندێكیان كۆمپانیایان لە بواری تەندروستی و خۆراك و كەرتەكانی دیكەدا دروست كردووە كە ئێستا بەهاكەی ملیارەها دۆلارە.
لە کۆتایی گوتارەکەیدا سەرۆکی حکومەت رایگەیاند، لەو باوەڕەدام كە ئەم شوێنە دەبێتە شوێنی كۆبوونەوەی عەقڵی گەورە كە توانا و كۆشش و ئامانجەكانیان تێیدا یەك دەگرنەوە، لەسەر ئەم خاكە هەموومان دەتوانین بوێر بین و خەونی گەورە ببینین.
پەیمانگەی داهێنان و نوێگەری لەلایەن بۆردێکی پێنج کەسییەوە بەڕێوەدەبرێت کە مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی بۆردەکە دەکات و هەریەک لە (سەرباز نەجیب عوسمان، باز کەریم بەرزنجی، ئازاد نەجار، سەعد تەیب حەسەن) ئەندامی بۆردی بەڕێوەبەرانن.