نەتەوە یەکگرتووەکان، هێرشە مووشەکیەکەی ئێران بۆ سەر کۆیە و زڕگوێز ئیدانە دەکات و بە پێشێلکردنی سەروەری عێراق لە قەڵەمی دەدات.
لە راگەیەندراوێکدا نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەڵێت: “ئێمە ئیدانەی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەکەین، کە پێشێلکردنی سەروەریی عێراقە”.
لە راگەیەندراوەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان هاتووە: “عێراق نابێت بۆ یەکلا کردنەوەی کێشەکان بەکار بێت، دەبێت رێز لە یەکپارچەیشی بگیرێت، گفتوگۆ لەنێوان عێراق و ئێراندا سەبارەت بە پرسە ئاسایشییە دوولایەنەکان تاکە رێگەی بەرەوپێشچوونە”.
سەر لە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 14/11/2022، ئێران چەند مووشەکێکی ئاراستەی بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە و حزبی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە زڕگوێز کرد، بەگوێرەی ئامارەکان لە ئەنجامی هێرشەکانی ئێران پێشمەرگەیەکی حزبی دیموکرات شەهیدبووە و هەشت کەسی دیکەش بریندارن.