ئەم هەفتەیە شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی بودجە دەچێتە بەغدا

بڕیارە لە ماوەی 20 ڕۆژی داهاتوودا پڕۆژە یاسای بودجە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ئامادە بکرێت و بنێردرێت بۆ پەرلەمان، شاندێکی هەرێمی کوردستانیش لەو هەفتەیەدا بۆ گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە، دەچێتە بەغدا.

بە گوێرەی گوتەی ئەندامانی لیژنەی داراییی لە پەرلەمانی عێراق، پڕۆژە یاسای بودجەی 2023ـی عێراق لەماوەی کەمتر لە سێ هەفتەی داهاتوودا دەنێردرێت بۆ پەرلەمان، لیژنەی دارایی پەرلەمان و حکومەت، بەپێی گوتەی ئەندامانی لەژێر گوشارێکی زۆردان بۆ ئامادەکردنی ڕەشنووسی پڕۆژە یاساکە، هەرچەندە لەبەردەم حکومەت و پەرلەماندا کاتێکی کەم ماوە بۆ پەسندکردنی، بەڵام هەوڵەکان چڕ کراونەتەوە بۆ ناردنی پڕۆژەیاساکە و گفتوگۆ لەسەری لە پەرلەمانی عێراق .

پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2023 دا
شاندێکی هەرێمی کوردستان لەو هەفتەیەدا سەردانی بەغدا دەکات، نێوەرۆکی سەردانەکە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، لەسەر ئەو پرسانەن کە پەیوەستن بە هەرێمی کوردستان، لەوانە، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگەکانی 11 و12 هەروەها پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2023، ئامانجی هەرێمی کوردستان ئەوەیە لەگەڵ حکوومەتی نوێی عێراقدا لەسەر بودجە بگاتە ڕێککەوتنێکی کۆنکرێتی و هاوشێوەی حکومەتەکانی ڕابردوو نەبێت کە کۆمەڵێک بەڵێن و ڕێککەوتن جێبەجێ نەکران. شایستەکانی هەرێمی کوردستانیش بە گوێرەی پڕۆژەیاسای بودجە نەنێردراوە کە دەبوو بەپێی ڕێککەوتنی پێشوو مانگانە 200 ملیار دینار، کە کەمترین شایستەیی هەرێمی کوردستانە بنێردرێت، بەڵام حکوومەتی عێراق لەوەشدا بە تەواوی نەینارد و ئەمساڵ تەنیا دوو مانگ ئەو بڕە پارەی نارد، لەکاتێکدا پێشتر بە پێی بودجە دەبوو مانگانە ئەو پارە بنێردرێت. ئێستا کە حکوومەتێکی نوێ دەست بەکار بووە، هەرێمی کوردستان بە نیەتێکی نوێ و ئامانجێکی دیاریکراو دەست بە گفتوگۆکردن دەکات لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق و شایستەکانی هەرێمی کوردستان.
ساڵانە لە بودجەی گشتیی عێراق زیاتر لە ٪14ـی بودجە بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت کە بەپێی ئەو داهاتەی ئێستا لەبەردەستی عێراقدایە، مانگانە دەبێت ٪14ـی کۆی گشتیی بودجە بۆ هەرێمی کوردستان بێت، بەڵام بەپێی ڕێککەوتنی پێشوو لەسەر نەوت و پاش دەرکردنی پارەی نەوتی هەناردەکراو لە هەرێمی کوردستان بڕیار درابوو مانگانە ئەو پارەیەی دەمێنێتەوە، واتە 200 ملیار دینار، بنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەویش نەنێردرا .

گەورەترین بودجە لەمێژووی عێراقدا
بودجەی ساڵی داهاتووی عێراق، پێشبینی دەکرێت یەکێک لە گەورەترین بودجەکان بێت لە مێژووی عێراقدا، وا خەمڵێنراوە کە قەبارەی بودجەکە بگاتە نزیکەی 120 بۆ130 ملیار دۆلار، بەپێی گوتەی ئەندامانی لیژنەی دارایی، بەرزیی نرخی نەوت و کەمبوونەوەی خەرجیی لەگەڵ مشتومڕی دامەزراندنی حکوومەتی نوێ وای کردووە دۆخی دارایی عێراق بەراورد بە ڕابردوو باشتر بێت، پێشتر عێراق بە شەڕی داعش و کەمیی نرخی نەوت، بودجەکەی تووشی کێشەی گەورە دەهات، بەڵام ئێستا ئەوانە نەماوە و داهاتی مانگانە زۆر بووە و لە دۆخێکی باشدایە.
کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم پەرلەمانی عێراق کابینەی محەمەدد شیاع سوودانی پەسندکرد، بەوەش کۆتایی بەساڵێک مشتومڕی نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق، بە تایبەت لایەنە شیعەکان هێنا.
سەرەتای ئەو مانگەش، وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند” دەستیان کردووە بە ئامادەکردنی بودجە و بەم زووانە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی دەنێرن.”
بەپێی گوتەی ئەندامانی لیژنەی دارایی، دەبێت لەو مانگەدا بودجە بنێردرێت بۆ پەرلەمان، بە پێچەوانەوە، پەسندکردنی دوا دەکەوێت و هەر دواکەوتنێکیش کاریگەریی دەخاتە سەر خەرجکردنی لە ساڵی داهاتوودا. بودجەی ساڵی داهاتووی عێراقیش نرخی خەمڵێنراوی بەرمیلێک نەوتی بە 70 بۆ 80 دۆلار داناوە. عێراق لەکاتێکدا لە ٪95 ی داهاتەکەی لە فرۆشی نەوتە، داهاتی مانگانەی دەگاتە زیاتر لە 9 ملیار دۆلار، یەدەگیشی گەیشتووەتە 85 ملیار دۆلار، ئەوەش گەورەترینە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا. لە مانگی ڕابردووشدا عێراق ڕۆژانە سێ ملیۆن و 382 هەزار بەرمیل نەوتی فرۆشتووە ، لە فرۆشتنی نەوتیشدا مانگانە 9 ملیار و 250 ملیۆن دۆلاری دەستکەوتووە، لەسەر بنەمای نرخی بەرمیلێک نەوت بە 88 دۆلار. لە مانگەکانی پێشووشدا لەوەش زیاتر بوو و مانگانە 10 ملیار دۆلاری دەست دەکەوت ئەوەش زۆرترین داهات بوو لە ماوەی 70 ساڵی رابردوودا ،یەدەگی زێڕیشی تاوەکو مانگی رابردوو گەیشتە 130.4 تۆن .

ھەواڵی زیاتر