بڕیارە لە شەش مانگی داهاتوودا کێشەی نەوت و گاز لە نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

حکوومەتی نوێی عێراق قۆڵی لێ هەڵماڵیوە بۆ ئەوەی بە پێچەوانەی کابینەکانی پێشوو، لە ماوەیەکی دیاریکراودا کێشەی کەڵەکەبووی چەندین ساڵەی نەوت و گاز لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە دوای دامەزراندنی عێراقی فیدراڵ، لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق و ئەو مافە یاساییانەی بۆی دیاری کراوە، لە قۆناغە جیاجیاکاندا نەوت و گازی بەرهەم هێناوە و بۆ ئەو مەبەستەش دەیان کۆمپانیای باوەڕپێکراوی جیهانیی هاتوونە هەرێمی کوردستان کردووە و ملیاران دۆلاریان وەبەرهێنانیان کردووە. حکوومەتی عێراق پێی وابووە ئەوەی هەرێمی کوردستان کردوویەتی لە دەرەوەی دستوور بووە و بۆیەش بەردەوام هەوڵی داوە لەمپەری بۆ دروست بکات هەرچەندە سەرکەوتوو نەبووە.
حکوومەتی نوێی عێراق، خوازیارە دەست بۆ دۆسییە گەورەکان ببات و بە یەکلاکردنەوەیان ئەزموونێکی باش بۆ خۆی تۆمار بکات. لەیس عەبدولحسێن، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری یاسایی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند: سەرجەم کێشە و ناکۆکییەکانی پەیوەندیدار بە پرسی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، بۆ خوێندنەوەی جیاوازی هەولێر و بەغدا لە دەستووری هەمیشەیی عێراق دەگەڕێتەوە، بەڵام یەکێک لە بەرنامەکانی کاری حکوومەت چارەسەری ئەم کێشەیەیە و حکوومەت لەسەر یەکلاکردنەوەی سوورە.
ئەو هیوادارە لە مانگەکانی داهاتوودا هەولێر و بەغدا ئەو ناکۆکییەی نێوانیان بە یەکجاری چارەسەر بکەن و ئاماژەی بەوە دا کە کێشەیەکی مێژوویی نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا چارەسەر دەکرێت.
بەرنامەی کابینەی حکوومەتی نوێی عێراق کە لە ٢٧ی تشرینی یەکەم لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە دەنگی پێ درا و پەسند کرا، بە ڕوونی ئاماژەی بەو ناکۆکییانەی نێوان هەولێر و بەغدا کردووە.
لێدوانی ئەو بەرپرسە یاساییەی وەزارەتی نەوتی عێراق دوای ئەوە دێت کە جووتیار عادل، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر ڕایگەیاندبوو کە بە گوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان فراکسیۆنە جیاوازەکاندا بۆ دامەزراندنی حکوومەتی نوێی عێراق کراوە، لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا سێ یاسای گرنگ پەسند دەکرێن کە یەکێکیان یاسای نەوت و گازە.
دوو دەیەی ڕابردوو، یەکێک لە گرنگترین ئەو کێشانەی کە بەردەوام لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقدا هەبووە، پرسی نەوت و گاز بووە. ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغدا ڕێک لە کۆتاییەکانی کابینەکەی نووری مالیکی لە ساڵی ٢٠١٤ گەیشتە لووتکە و حکوومەتی ئەودەمی عێراق، لە جیاتی چارەسەرکردنی دۆسییەکە یەک لایەنە سزای هەرێمی کوردستانی دا و بودجە و مافە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی بڕی.
ساڵی ٢٠١٤ لە پرسی نەوتدا هیچ چارەیەک لەبەردەم هەرێمی کوردستان نەما جگە لەوەی کە بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و ڕێگرتن لە تەنگژەیەکی کارەساتبار، هانا بۆ فرۆشتنی نەوت ببات. حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەوتەکەی فرۆشت، بەڵام ئەوکات سەرهەڵدانی داعش و هەندێک تەنگژەی دیکەی وەک هاتنی ژمارەیەکی زۆری ئاوارە و دابەزینی نرخی نەوتی بەسەرداهات، کە وایکرد حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەنها بە پشتبەستن بە داهاتی نەوتی فرۆشراو نەتوانێت مووچە بە تەواوی دابین بکات و لە ساڵەکانی دواتردا هانای بۆ پاشەکەوت و دابەشکردنی نیوەمووچە برد و پاشتریش هەر چۆنێک بێت قەیرانەکەی تێپەڕاند.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانی بەم هەنگاوانە ڕۆڵ بگێڕێت لە بەهێزکردنی پێگەی خۆی لەسەر نەخشەی وزەی جیهان و سەرەڕای ئەوەی کە حکوومەتەکانی عێراق و دادگا جیاوازەکان چەندین سکاڵایان دژی بەرز کردەوە، بەڵام هیچ کام لە سکاڵاکان نەیانتوانی ئەوە بسەلمێنن، ئەوەی هەرێمی کورستان کردوویەتی، پێچەوانەی دەستوور و یاساکانە.
جگە لە نەوت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی داوە بچێتە سەر نەخشەی دابینکردنی گاز بۆ ئەوروپا و لەو کاتەوە ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمەڵێک کۆمپانیای گەورە کراوە و باس لە هەناردەی گازی کوردستان بۆ دەرەوە دەکرێت، ئەمەشحکوومەتی عێراق زیاتر نیگەران کردووە و لەو بابەتەشدا هەندێک هەڵوێستی دژی هەرێمی کوردستان هەبووە.
لەمەدا حکوومەتی نوێی عێراق هاوشێوەی هەمان حکوومەتە کە لە ساڵی ٢٠١٤ دا لە دژی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی وەرگرت، ئێستا گەیشتووەتە ئەو قەناعەتە بە دانوستان و بە دانانی یاسایەکی نوێی بواری نەوت و گاز لە عێراق، کۆتایی بەو کێشە مێژووییە هەڵپەسێردراوە بهێنن.

ھەواڵی زیاتر