چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

ئیمارات هەوڵدەدات بەرهەمی کشتوکاڵیی کوردستان بکاتە بڕاندێکی جیهانی

کۆمپانیایەکی ئیماراتی لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەستی بە جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی ستراتیژیی بواری کشتوکاڵ کردووە و دەیەوێت بە پشتبەستن بە نوێترین تەکنەلۆژیا، پەرە بە کشتوکاڵی کوردستان بدات و بەرهەمەکەی بکاتە بڕاندێکی جیهانی.

ئەمڕۆ (یەکشەممە 13ـی تشرینی دووەم) بەردی بناغەی یەکەم قۆناغی پڕۆژەکە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ داندرا.

گۆهدار شێخۆ، رایگەیاند : یەکەم قۆناغی پڕۆژەکە، بواری چاندن و ناوەندێکی لێکۆڵینەوەی کشتوکاڵی لەخۆ دەگرێت بۆ ئەوەی خەڵکی ئێمە و دەرچووانی کشتوکاڵیمان فێربن لە داهاتوودا کەرتی کشتوکاڵی زیاتر پەرە پێبدەن.

پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای (ئەکرۆتێک)ـی ئیماراتییەوە جێبەجێدەکرێت. لەو پڕۆژەیەدا جەخت لەسەر راهێنانی جووتیاران و دەرچووانی بەشی کشتوکاڵ، کەمکردنەوەی رێژەی بەکارهێنانی ئاو لە کشتوکاڵدا و بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانی دەکرێتەوە.

ئەو کۆمپانیایە راهێنان بە جووتیاران و دەرچووانی بەشی کشتوکاڵی دەکات بۆ ئەوەی بە نوێترین تەکنەلۆژیا و زانستی سەردەمیانە، کاری خۆیان بکەن و پەرە بە کەرتی کشتوکاڵی کوردستان بدەن.

هەر وەک کۆمپانیاکە رایگەیاندووە، تەکنەلۆژیا لە شێوەی کاری ئەواندا رۆڵی سەرەکی دەبینێت و بە بەکارهێنانی سیستەمێکی نوێی کشتوکاڵی، دەکرێت بەکارهێنانی ئاو بە رێژەی 70٪ کەمبکرێتەوە.

کۆمپانیاکە لە تەواوی پڕۆژەکاندا و بۆ دابینکردنی کارەبا، سوود لە وزەی خۆر دەبنێت و دەیەوێ لە رێگەی باشترکردنی کوالێتی بەرهەم و رێژەکەی، بەرهەمی کشتوکاڵیی کوردستان بکاتە بڕاندێکی جیهانی.

گۆهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، سەبارەت بە قۆناغی دووەمی پڕۆژەی کۆمپانیای (ئەکرۆتێک) گوتی: لە قۆناغی دووەمدا پێنج هەزار دۆنم لە دەشتی سندیان، پڕۆژەی کشتوکاڵیان لێدەکرێت. ئامانجی سەرەکی ئێمە ئەوەیە بتوانین کەرتی کشتوکاڵی و گەشتوگوزار لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ پەرەپێبدەین و خەڵکمان لێی سوودمەند بێت.

بە گوێرەی لێدوانی بەرپرسانی کۆمپانیاکە و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بە هۆی جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیەوە 2500 هەلی کار دەڕەخسێندرێت.