سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

په‌رله‌مانی كوردستان یه‌كه‌مكۆبوونه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نیدا ئه‌نجام ده‌دات

لەم هەفتەیەدا، په‌رله‌مانی كوردستان یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی خۆی له‌ماوه‌ی درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی یاسایی خۆی ئه‌نجامده‌دات، تاوه‌كو ئێستاش هیچ رێكارێكی یاسایی بۆ پڕكردنه‌وه‌ی شوێنی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی ده‌ستیان له‌كاركێشاوه‌ته‌وه‌، له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ نه‌گیراوه‌ته‌به‌ر.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند، چاوه‌ڕێده‌كرێت رۆژی سێشه‌ممه‌ی داهاتوو (15ـی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، په‌رله‌مانی كوردستان یه‌كه‌م دانیشتنی ئاسایی خۆی له‌ماوه‌ی درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی یاسایی ئه‌م خوله‌ی ته‌مه‌نیدا ئه‌نجامبدات.
دوای ئه‌وه‌ی رۆژی چوارشه‌ممه‌ (9ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، راپۆرتی دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای پەروەردە و فێركاری لە هەرێمی كوردستان ئاماده‌كرد، بڕیاره‌ له‌ یه‌كه‌مین دانیشتنی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان، پرۆسه‌ی ده‌نگدان له‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ به‌ڕێوه‌بچێت.
سه‌باره‌ت به‌ پرسی پڕكردنه‌وه‌ی ‌شوێنی په‌رله‌مانتاره‌ ده‌ستله‌كاركێشاوه‌كانی فڕاكسیۆنی یه‌كگرتوو و په‌رله‌مانتارێكی فڕكسیۆنی گۆڕان، له‌لایه‌ن ئه‌و كاندیدانه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مانی كوردستان زۆرترین ده‌نگیان له‌دوای په‌رله‌مانتاره‌ ده‌ستله‌كاركێشاوه‌كان به‌ده‌ستهێناوه‌، تاوه‌كو ئێستا هیچ رێكارێكی یاسایی بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌ستپێنه‌كراوه‌.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌، شێروان زرار، گوته‌بێژی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێمی كوردستان به‌ كوردستان24ی راگه‌یاند، تاوه‌كو ئێستا له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌، هیچ داوایه‌كیان ئاڕاسته‌نه‌كراوه‌ بۆ پێدانی زانیاری له‌باره‌ی ئه‌و كاندیدانه‌ی شوێنی په‌رله‌مانتاره‌ ده‌ستله‌كاركێشاوه‌كان ده‌گرێنه‌وه‌، به‌گوێره‌ی رێژه‌ی ده‌نگ له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مانی كوردستان.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، عه‌بدوڵڵا وه‌رتێ، گوته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستان به‌ كوردستان24ی راگه‌یاند، تاوه‌كو ئێستا پرسی پڕكردنه‌وه‌ی شوێنی په‌رله‌مانتاره‌كانی یه‌كگرتوو له‌ په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ ده‌ستیان له‌كاركێشاوه‌ته‌وه‌، له‌ناو بزووتنه‌وه‌دا یه‌كلایینه‌كراوه‌ته‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌و بڕیاره‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجوومه‌نی شورای بزووتنه‌وه‌یه‌ كه‌ تاوه‌كو ئێستا له‌وباره‌یه‌وه‌ هیچ بڕیارێكی نه‌داوه‌.
رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ (9ـی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، له‌ دانیشتنێكی پەرلەمانی کوردستاندا، به‌ ده‌نگی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانتاران، ماوه‌ی یاسایی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ماوه‌ی ساڵێك درێژكرایه‌وه‌ و داواشیان له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرد، له‌و ماوه‌یه‌دا بگه‌نه‌ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر كاراكردنه‌وه‌ی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان و هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن.