بەبۆنەی پەنجا ساڵەی كۆچی دوایی تێكۆشەر و خەباتگێڕی كوردایەتی وەهاب ئاغای رواندزی، لەلایەن نوێنەری جەنابی سەرۆك بارزانی، سیداد بارزانی، پەردە لەسەر پەیكەری وەهاب ئاغای رواندزی لادرا.
پەیکەرەکە دەکەوێتە پێچەكانی نێوان كاولۆكان و رواندز، هەر بەهەمان بۆنەوە لەهۆڵی بۆنەكانی رواندز یادێكی شكۆدار كرایەوە كەوتاری سەرۆک بارزانی و کورتكراوەی فیلمیكی دۆكیۆدرامیتیادا پێشكەشكرا و لە پیشانگایەكی بەڵگەییشدا نزیكەی 75 وێنە و نامەی كۆنی بەڵگەیی خرانە روو، هەروەها كتیبێكی قەبارە گەورەش بە ناونیشانی (عەبدولوەهاب رواندزی، وێنە، دۆكیۆمینت،یادەوەری) بە 96 لاپەڕە پێشكەش بە مێوانان كرا كە تیایدا زۆر راستی مێژوویی تیادا پشتڕاستكراونەتەوە. لە وتارێكیشدا ئازاد جوندیانی بەناوی بنەماڵەکەیان سوپاسی پشتگیری سەرۆك بارزانی كرد بۆسازدانی ئەویادە و سوپاسی ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆك بارزانی و ئامادەبوانی كرد. هەروەها لە دووتۆی وتارەكەشیدا، جوندیانی راستەوخۆ تێكەڵبوونەوەی خۆی بە كاری سیاسی ئۆرگانی لە نێو ریزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیاند.
سەبارەت بە پەیكەرەكە لە وێنەیەکی وەهاب ئاغا وەرگیراوە كاتێك لەژووری چاوەڕوانیكردنی لەسێدارەداندا بوو، لەپشتی وێنەكەش نامەیەكی ماڵئاواییكردنی بۆ ماڵباتەكەی نووسیوە.
پەیكەرەكە لە میتاڵی (بڕۆنز) دروستكراوە و بەرزی پەیكەرەكە 3 مەترە بەمەش بەرزترین پەیكەری بڕۆنزە لەهەرێمی کوردستان.
پەیكەرەكە لەلایەن هونەرمەندی پەیكەرتاش (مەسعودی رەحیمی) دروستكراوە كە خەڵكی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی كوردستانە و هونەرمەند صەلاحیش هاوكار و دەستیاری بووە.