چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

تا ئێستا كەس نازانێ چەند كونسوڵ چوونەتە كۆبوونەوەكەی بافڵ تاڵەبانی و چییان پێ گوتووە؟

ڕۆژی چوارشەممەی كۆتایی هەفتەی رابردوو (9ی 11ی 2022) میدیای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بانگەشەی ئەوەیان كرد كە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی حزبەكە و داڵدەدەری تۆمەتبارانی كەیسی تیرۆركردنی هاوكار جاف، لەگەڵ كونسوڵی وڵاتان كۆ دەبێتەوە، بەڵام پێچەوانەی هەموو كۆبوونەوەكانی پێشوو كە بافڵ تاڵەبانی حەز بە بڵاوكردنەوەی كۆمەڵێك وێنەی خۆی (بە سینگدەرپەڕاندنەوە) بەرامبەر بە خەڵك دەكات، ئەمجارە نە وێنە و نە هیچ زانیارییەك لەبارەی كۆبوونەوەكە بڵاو نەكرایەوە.

چاودێران پێیانوایە بڵاونەكردنەوەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە بۆ دوو ئەگەر دەگەڕێتەوە:
یەكەم: ژمارەیەكی یەكجار كەمی كونسوڵ و نوێنەری وڵاتان چوونەتە كۆبوونەوەكەی بافڵ تاڵەبانییەوە و زۆرینەیان ئامادە نەبوون بچنە كۆبوونەوەیەكەوە كە تیرۆریست و داڵدەدەری تیرۆریستان تێیدا بەشدار بن.
دووەم: لە كۆبوونەوەكەدا كونسوڵەكان باوەڕیان بە ڕوونكردنەوەكانی بافڵ تاڵەبانی نەكردووە و دژی ئەوە بوون لە دەرەوەی دادگا، كەیسی تیرۆر بە رێگەی فشاری سیاسی دیزەبەدەرخۆنە بكرێت.

ئێستا كە چوار ڕۆژ بەسەر ئەو كۆبوونەوەیەدا تێپەڕ دەبێت زۆربەی سەركردە باڵاكانی یەكێتییش نازانن چەند كونسوڵ چوونەتە كۆبوونەوەكەی بافڵ تاڵەبانییەوە و كێ بوون؟ یاخود لە كۆبوونەوەكەدا چییان بە بافڵ تاڵەبانی گوتووە؟ بەڵام ئەوە ڕوونە كە بڵاونەكردنەوەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە و هیچ وێنەیەك، نیشانەی شكستخواردوویی كۆبوونەوەكەیە كە لە ترسی ئیحراجبوون، نایانەوێت هیچی لەبارەوە بڵێن.

ئەمە لە كاتێكدایە تا ئێستا كونسوڵخانەی هیچ وڵاتێكیش لە هەرێمی كوردستان، وێنەیەك یان كورتە زانیارییەكیان لەسەر كۆبوونەوەیەكی لەم شێوەیە بڵاو نەكردووەتەوە، تەنانەت وەك چالاكییەكیش ئاماژەیان پێ نەداوە، ئەمەش گومانەكان زۆر زیاتر دەكات بەوەی كە تەنانەت ئەگەر چەند كونسوڵخانەیەكیش بەشداریی كۆبوونەوەكەیان كردبێ، ئەوا لە ئاستی فەرمانبەری هەرە ئاسایی كونسوڵخانەكان بووبێت.