وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، لە ڕێگەى بەڕێوەبەرایەتیی گشتى سەرچاوەکانى ئاوى هەرێمى کوردستان، دەستى کردووە بە جێبەجێکردن و تێستکردنى چەندین پڕۆژەى گرنگ کە کاریگەرییان لەسەر زیادکردنى ئاوى سەرزەوی و ئاوى ژێر زەوی و گلدانەوەى ئاو هەیە.
دکتور کاروان سەباح هەورامى، بەڕێوەبەرى گشتیى سەرچاوەکانى ئاوى هەرێمى کوردستان، تایبەت بە پێگەى فەرمى حکومەتى هەرێمى کوردستان باسى ئەو پڕۆژە گرنگانەى کابینەى نۆیەمى کرد، کە کاریگەرییەکى گەورەیان لەسەر زیادکردنى ئاوى ژێر زەوی و گلدانەوەى ئاوى سەرزەوی و هاوکاریکردنى جوتیاران و ئاژەڵداران هەیە.
پرۆژەکانى ئاودێریى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو
بە پێی داتاکانى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو کە تا ٣ مانگ بەر لە ئێستان، له كهرتی سهرچاوهكانی ئاو، چهندین پرۆژەی جۆراوجۆر ئهنجام دراون، كه بهشێكیان كارهكانیان تهواو بووه و بهشێكیشیان كارهكانیان تهواو نهبووه. واتە بە كۆی گشتی، ٧٦ پرۆژە بە گوژمەى ٥١٤ ملیار و ٨٩٣ ملیۆن دیناره هەبووە کە بەم شێوەیە دابەش کراوە:
– پڕۆژەی ئاودێری تەواوکراو: ٤ پرۆژە، به گوژمهی ٢ ملیار و ٨٩٣ ملیۆن دینار.
– پڕۆژەی تەواونەکراو کە ( ١-٩٩% )یان تەواوکراوە: ٢٤ پڕۆژە، به گوژمهی ٧١ ملیار دینار.
– پۆندی تەواوکراو: ٥ پۆند، به گوژمهی ملیارێک دینار.
– پۆندی تەواونەکراو کە (٢٠-٧١%)یان تەواوکراوە: ١٣ پڕۆژە.
– نەخشەسازی پۆند: ٣٠ پڕۆژە به گوژمهی ٤٤٠ ملیار دینار.
ـ هەرێمى کوردستان خاوەن ١٥٥ پۆندى ئاوە
دکتۆر کاروان سەباح هەورامى، بەڕێوەبەرى گشتیى سەرچاوەکانى ئاوى هەرێمى کوردستان، لەسەر پۆندەکان گوتى:”لە ساڵى ١٩٩١ـەوە تا ٦ مانگى ڕابردوو، ١١٨ پۆند لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان هەبووە، بەڵام لەم شەش مانگى ڕابردوو، سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران ڕەزامەندى لەسەر دروستکردنی ٣٧ پۆند لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان بە دوو قۆناغ داوە، کە نزیکەى ٢٦ ملیار دیناریان تێ دەچێت کە بریتین لە:
قۆناغى یەکەم: دروستکردنى ٢٣ پۆند کە ١٣ ملیار دیناریان تێچووە و بەم شێوەیە دابەش بوون بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان:
ـ پارێزگاى ههولێر: ٨ پۆند.
ـ پارێزگاى سلێمانی ٣ پۆند.
ـ پارێزگاى دهۆك: ٩ پۆند.
ـ ئیدارەى سەربەخۆ گهرمیان: ٣ پۆند.
قۆناغی دووەم: دروستکردنى ١٤ پۆند بۆ پارێزگاى هەولێر، کە ١٢.٦ ملیار دیناریان تێ دەچێت و زۆربەیان لە دەوروبەرى شارى هەولێر دروست دەکرێن، بۆ کەمکردنەوەى کاریگەرییەکانى لافاو کە لەو دوو ساڵەى ڕابردوو کاریگەریی خراپیان لەسەر خەڵک و دانیشتوانى پایتەخت هەبوو و ئەمانە تواناى گلدانەوەى ٤ بۆ ٥ ملیۆن مەتر سێ جا ئاویان هەیە.
لەبارەى کەمکردنەوەى تێچوو و دروستکردنى پۆندەکانەوە، بەڕێوەبەرى گشتیى سەرچاوەکانى ئاوى هەرێمى کوردستان باسى لەوە کرد کە:” ئێمە گۆڕانکارییەکى جۆریمان لە ئیدارەدانى دروستکردن و پڕۆژەى پۆندەکان داوە، بە شێوەیەکە کە پێشتر تێچووى هەر پۆندێک ١.٦ ملیار دینار بووە، ئێستا و لەم کابینەیەدا تێچووى هەر پۆندێکمان کەم کردووەتەوە بۆ نزیک ٧٠٠ ملیۆن دینار، کە ئەمەش دەکاتە کەمتر لە نیوەى تێچووەکەى پێشتریان، هەر بۆیەش ڕەزامەندى درا لەسەر دروستکردنى ئەو ٣٧ پۆندە، کە دەکاتە یەک لەسەر سێى کۆى پۆندە دروستکراوەکانى ٣٠ ساڵى ڕابردوو.
پڕۆژەیەکی ستراتیژى تایبەت بە بیرى ئاو
دکتۆر کاروان سەباح هەورامى، لەسەر ئامارى بیرەکانى سەرانسەرى هەرێمى کوردستان، گوتى:”تا كۆتایی ساڵی ٢٠٢١ ئاماری بیره ههڵكهندراوهكان بریتی بووه له ٢٤ ههزار و ٤١٠ بیری جیاواز له سێكتهرهكانی ئاوی پاكی خواردنهوه، كشتوكاڵ، پیشهسازی.”
بیرەکانى تایبەت بە ئاوى خواردنەوە کە (١٢,٤٢١) بیرن، بەم شێوەیە دابەش بوون بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان:
ـ پارێزگاى ههولێر: ٤,٣٢٠ بیر.
ـ پارێزگاى سلێمانی ٦,١١٧ بیر.
ـ پارێزگاى دهۆك: ١,٤٧٧ بیر.
ـ ئیدارەى سەربەخۆی گهرمیان: ٥٠٧ بیر.
بیرەکانى تایبەت بە ئاوى کشتوکاڵى کە (١٠,٩٨٦) بیرن، بەم شێوەیە دابەش بوون بەسەر پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان:
ـ پارێزگاى ههولێر: ٤,٨٣١ بیر.
ـ پارێزگاى دهۆك: ٢,٠١٧ بیر.
ـ پارێزگاى سلێمانی: ٣,٠٢٨ بیر.
ـ ئیدارەى سەربەخۆی گهرمیان: ١,١١٠ بیر.
بیرەکانى تایبەت بە ئاوى پیشەسازی کە (٩٥٠) بیرن، بەم شێوەیە دابەش بوون بەسەر پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان:
ـ پارێزگاى ههولێر: ١٦٤ بیر.
ـ پارێزگاى دهۆك: ١١٩ بیر.
ـ پارێزگاى سلێمانی: ٤٨٨ بیر.
بەڕێوەبەرى گشتیى سەرچاوەکانى ئاوى هەرێمى کوردستان، لەسەر پڕۆژەکانیان لەم بارەوە باسى لەوە کرد کە دیراسەى چەندین پڕۆژەى گرنگیان بۆ پاراوکردنى ئاوی ژێر زەوی و سەر زەوی کردووە لە ڕێگەى دەستکرد، کە یەکێکیان بریتییە لە زیادکردنى ئاوى ژێر زەویى لە ڕێگەى بیرى دەستکردەوە کە لە ڕێگەى کۆمپانیایەکى بەریتانى کارى لەسەر کراوە و بڕیار وایە لە قۆناغى یەکەم، ٢٠ بیر لە دەوروبەرى شارى هەولێر لێ بدرێن کە شوێنەکەشیان دیارى کراوە بۆ ئەوەى ئاوى سەرزەوی شۆڕ بکرێتەوە بۆ ژێر زەوی و تێکەڵ بە کۆگاکانى ئاوى ژێر زەوی بکرێت تا ڕێژەى ئەو ئاوە زیاد بکرێت و ئەم ڕێگەیە کە ئێستا لە زۆربەى وڵاتانى دونیا باوە، بە سەرگرتنیشى لە سەرانسەرى هەرێمى کوردستان جێبەجێ دەکرێت.
دکتۆر کاروان، باسیشى لەوە کرد کە ڕێنمایی تایبەتیان بە پۆندى هەرەوەرزى دەرکردووە و لە ڕۆژنامەى وەقائیعى کوردستان بڵاو کراوەتەوە کە بە هۆیانەوە هانى خەڵک و جوتیاران دەدرێت بۆ ئەوەى لە بری پشتبەستن بە ئاوى بیر، سوود لە ئاوى باران وەربگرن و حکومەتیش هاوکارى جوتیاران و خەڵکى گوندەکان دەکات بۆ دروستکردنى ئەو پۆندانە تا هەم ئاوى ژێرزەوی و سەرزەوی زیاد بکرێت و هەمیش ئاو بۆ ئاودێریی کشتوکاڵى و مەڕدارى و گەشتیارى زیاد بکرێت کە ئەمەش گۆڕانکارى نەوعییە دووبارە لە ئیدارەدانى ئاو کە تا ئێستا لە عێراق نەبووە و هەرێمى کوردستان نەکراوە.