چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

ساسان عه‌ونی: زیاتر لە 13 هەزار كارتی زەوی له‌ هه‌ولێر دەكرێن بە سەنەد

وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كار له‌سه‌ر گۆڕینی زیاتر له‌ 13 هه‌زار كارتی زه‌وی بۆ سه‌نه‌د ده‌كات له‌ سنووری شاری هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ (10ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفتی زه‌وییه‌ كارته‌كان و گۆڕینیان بۆ سه‌نه‌د، (به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی یه‌كه‌ی گۆرینی كارتی زه‌وی بۆ سه‌نه‌د) له‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌یان دامه‌زرارندووه‌ و ئێستا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی دیكه‌ كار لەسەر گۆڕینی كارتی زه‌وییه‌كانی شاری هەولێر و دەوروبەری دەكەن.

ساسان عەونی، گوتیشی: ئێستا لە رێگەی ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌وه‌، كاره‌كانی گۆڕینی زیاتر لە 13 هەزار كارتی زه‌وی لە سنووری باغمرە شهاب، گەڕەكی ژین، بێریات و عەزە، گردجووتیار و  كەسنەزان  له‌ شاری هه‌ولێر بەرەو كۆتایی دەچێت.

وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داوای له‌ خاوه‌ن زه‌وییه‌كانیش كرد، لە ئێستاوە دەست بە ئامادەكردن و كۆكردنەوەی كارتەكانیان بكەن، لە نزیكترین كاتدا لەلایەن شارەوانییەوە ئاگادار دەكرێنەوە بۆ ئەوەی دەست بە مامەڵەكردن بكەن.

سه‌باره‌ت به‌ ورده‌كاری شوێنی ئه‌و كارتی زه‌وییانه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، 7528 كارتی زه‌وی كه‌وتووه‌ته‌ باغمرە شهاب، 3596 كارتی زه‌وی كه‌وتووه‌ته گەڕەكی ژین لە دارەتوو، 1288 كارتی زه‌وی كه‌وتووه‌ته‌ بێریات و عەزە، 638 كارتی زه‌وی كه‌وتووه‌ته‌ گردجووتیار لە بەشی كورانی نوێ و 239 كارتی زه‌وی كه‌وتووه‌ته‌ كەرتی 95ی كەسنەزان، كه‌ كۆی گشتییان زیاتر له‌ 13 هه‌زار كارتی زه‌وییه‌.

وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاندووه‌، لە داهاتوویەكی نزیكدا دەست بە جێبەجێكردنی مامەڵەكان دەكرێت و پرۆسەكەش بەردەوام دەبێت.