پاش جێبەجێکردنی پرۆژەی پێوەری زیرەک، وەزارەتی کارەبا بە شێوەی ئەزموونی سەرقاڵی جێبەجێکردنی سيستەمی پریپەیدی کارەبایە، کە لە بواری ئابوورییەوە بۆ هاووڵاتیان و حکومەت سوودێکی زۆری دەبێت.
لەو شوێنانەی کە سیستەمی پریپەید جێبەجێ کراوە، هاوبەشانی کارەبا پارەیەکی کەمتر بە کرێی کارەبا دەدەن و لە بری دوو کرێی کارەبا (ئەهلی و حکومی) تەنیا کرێی کارەبای ٢٤ کاتژمێری نیشتمانی دەدەن، بە بێ ئەوەی گۆڕانکاری بەسەر نرخی یەکەی کارەبای نیشتمانیدا هاتبێت.
کامیل قەزاز، بریکاری وەزارەتی کارەبا لە لێدوانێکدا بۆ پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند: “تا ئێستا سیستەمی پریپەید بە شێوەی ئەزموونی لە شەش شوێن جێبەجێ کراوە، دوو شوێن لە هەولێر و دوو شوێن لە سلێمانی و دوو شوێن لە دهۆک”.
سیستەمی پریپەید تا ئێستا لە بازاڕی لەنگە و سیتییەکی هەولێر و بازاڕی دهۆک و کۆمەڵگەی ئەڤرۆ ستی لە دهۆک و چوار ستی و عهلوەی سلێمانی جێبەجێ کراوە.
لە بازاڕی لەنگەی هەولێر ١٥٠٠ هاوبەشی کارەبا، بە سیستەمی پریپەید کارەبایەکی ٢٤ کاتژمێریان هەیە و تێچوونەکەشی لە سەریان کەمتر بووەتەوە.
لە بازاڕی دهۆک و ئەڤرۆ ستی بە گشتی ٩٣٠٠ هاوبەشی کارەبا، بەهۆی سیستەمی پریپەیدەوە کارەبای ٢٤ کاتژمێریان هەیە و پارەیەکی کەمتریش بە بەراورد لەگەڵ بەر لە دانانی سیستەمەکە بە کرێی کارەبا دەدەن.
سیستەمی پریپەید لە رێگەی پێوەری زیرەکی کارەباوە جێبەجێ دەکرێت و بە وتەی بریکاری وەزارەتی کارەبا “ملیۆنێک و ٣٠٠ هەزار پێوەری زیرەک بۆ کۆی نزیکەی ملیۆنێک ٨٠٠ هەزار هاوبەشی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بەستراون و ئەکتیڤ کراون”.
نرخی کارەبا بە سیستەمی پریپەید بە هەمان نرخی پێشووە، بەڵام کارەبایەکی ٢٤ کاتژمێری دابین دەکرێت. جیاوازییەکەی تەنیا ئەوەیە کە هاوبەشی کارەبا لە سەرەتادا کارتی یەکەی کارەبا دەکڕێت و بەهۆیەوە بە پێی پێداویستیی خۆی کارەبا بەکار دێنیت، کە ئەم شێوازە سێ سوودی گرنگی هەیە. یەکەم تێچوونی کرێی کارەبا لەسەر هاووڵاتی کەم دەکاتەوە و دووەم بارگرانیی سەر تۆڕەکانی کارەبا ناهێڵێت و سێیەم کێشەی کۆکردنەوەی داهات یان کرێی کارەبا چارەسەر دەکات، چونكه بە پێی پێویست کارەبا بەکار دەهێنرێت و کارەبا بە فیڕۆ نادرێت و کرێی کارەباش لە کاتی خۆیدا دەدرێت و لەسەر هاووڵاتی کۆ نابێتەوە.
ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبا رایگەیاند:”هەرزانترین نرخی کارەبا لە هەموو جیهاندا لە هەرێمی کوردستانە، لە قوناخی یەکەمدا هەر کیلۆ واتێکی کارەبا بۆ ماڵان دوو سەنتە. لە سیستەمی پریپەیدا، دەستکاری نرخی کارەبا نەکراوە، تەنیا ئەوەیە کە سەری مانگ کرێی کارەبایەکی ٢٤ کاتژمێری دەدات.”
لە بازاڕی لەنگەی هەولێر، بۆ نموونە کاسبکارێک کە مانگێکی دیاریکراو ١٤٨ هەزار دیناری تەنیا داوەتە کرێی کارەبای ئەهلی، جگە لە کرێی کارەبای نیشتمانی، ئێستا ئەم کاسبکارە بەهۆی پریپەیدەوە مانگانە بەتەواوەتی تەنیا ٣٢ هەزار دینار دەداتە کارەبایەکی ٢٤ کاتژمێری و بۆ هەموو شتێکیش دەتوانێت بەکاری بێنێت.
ئەندازیار قارەمان مەولوود، سەرۆکی لیژنەی بەدواداچوونی موەلیدە ئەهلییەکان لە پارێزگای هەولێر بە پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند:”لە مانگی ئابی ئەمساڵ هەر ئەمپێرێکی کارەبای ئەهلی لە دەوروبەری بازاڕی لەنگە ١٩ هەزار و ٢٥٠ دینار بووە، هەر هاوبەشێکی کارەبا بە سێ ئەمپێری کارەباوە ٥٧ هەزار و ٧٥٠ دیناری تەنیا بە کارەبای ئەهلی داوە، لە کاتێکدا ئەم بڕە لەناو بازاڕی لەنگە بۆ هەر هاوبەشێکی کارەبا سفر بووە و تەنیا کرێی کارەبای ٢٤ کاتژمێری نیشتمانیی داوە. ”
سیروان محەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی بە پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی راگەیاند: “لە قەیوان ستی و پاشا ستی، سیستەمی پێدانی کرێی کارەبای هەزار و ٤٨٣ هاوبەش کراونەتە پریپەید، لە بەرزاییەکانی سلێمانی هەزار و ٤٤ هاوبەش و لە بەرزاییەکانی قەیوان هەزار و ٣٠ هاوبەش و لە بازاڕی عەلوە ٣٥١ هاوبەش بە سیستەمی پریپەید مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت”. تاوەکو ئێستا لە سلێمانی بە گشتی ٣ هەزار و ٩٠٨ هاوبەش بەهۆی سیستەمی پریپەیدەوە کارەبایەکی ٢٤ کاتژمێریان دەبێت.
بە هۆی سیستەمی پریپەیدەوە، کێشەی وەرگرتنی کرێ و قەرزی کارەبا لە نێوان وەزارەتی کارەبا و هاوبەشانی کارەبا چارەسەر دەکرێت و وەزارەتی کارەبا بودجەیەکی باشتری بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانی لەبەر دەستدا دەبێت، یەکێک لەوان پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی کارەبایە.
ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبا رایگەیاند:” لە کۆتایی ئەم مانگە وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی ٥٠٠ مێگاوات کارەبا لە بازیان بەگەڕ دەخرێت. ”
ژێرخانی کارەبای هەرێم توانایی بەرهەمهێنانی زياتر لە ٧ هەزار مێگاوات کارەبای هەیە، بەڵام ئێستا تەنیا ٣ هەزار و ٥٠٠ مێگاوات کارەبا بەرهەم دێت. بە چارەسەرکردنی شێوازی وەرگرتنی کرێ و قەرزی کارەبا لە رێگەی سیستەمی پریپەیدەوە، توانای ئاستی ئێستای بەرهەمهێنانی کارەبا بەهۆی جێبەجێکردنی پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا یان دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنان بەرز دەبێتەوە. لە ئەنجامی جێبەجێکردنی پرۆسەی پریپەیدەوە کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا لە شوێنەکانی دیکەش زیاتر دەبێت، تا ئەو کاتەی کە بە جێبەجێکردنی سیستەمی پریپەید، کارەبای هەرێمی کوردستان دەبێتە ٢٤ کاتژمێر.