چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

34 رۆژە هاوكار جاف تیرۆر كراوە و یەكێتی تۆمەتبارانی كەیسەكە رادەستی یاسا ناکات

 ڕۆژی 7ی تشرینی یەکەمی 2022 لە كۆڵانێكی گەڕەکی سەربەستیی شاری هەولێر، ئۆتۆمبێلێكی جۆری تۆیۆتا لاندگرۆزەر، بەهۆی بۆمبی لكێندراوەوە، لە هەوڵێكی تیرۆریستییدا تەقێنرایەوە و لەو رووداوەدا ئەفسەرێکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاریی سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە ناوی (عەقید هاوکار عەبدوڵا ڕەسوول) شەهید بوو، چوار سەرنشینی دیکەش کە پێکهاتبوون لە هاوسەری و دوو منداڵەکەی و خوشکێکی بریندار بوون.

لەمبارەیەوە شەوی 12ی 10ی 2022ش، دوای لێكۆڵینەوەی ورد، ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا كە ماوەكەی 27 خولەك بوو و لە پەیجی فەرمیی خۆی و لە ڕێی میدیاكانی كوردستانەوە بڵاو كرایەوە، ئەنجامی لێکۆڵینەوەی کردەوە تیرۆریستییەکەی ڕۆژی 7ی تشرینی یەکەم و تیرۆركردنی عەقید هاوكار جافی بڵاو كردەوە.

لە تۆمارە ڤیدیۆییەكەدا، كە دانپێدانانی چەند تاوانبارێكی بەشداریی ئەو كردەوە تیرۆریستییە و چەندین دیمەنی كامێراكانی چاودێریی وردی ئەو رووداوەی لە سەرەتاوە تا كۆتایی لەخۆ گرتبوو، ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی هه‌ولێر و بكه‌رانی سه‌ره‌كیی تاوانه‌كه‌ی ئاشكرا كردووە، كە لە سەروویانەوە وه‌هاب هه‌ڵه‌بجه‌یی به‌رپرسی دژه‌تیرۆری سلێمانی و كارزان محه‌مه‌د ره‌شید به‌رپرسی هه‌واڵگریی دژه‌ تیرۆری سلێمانی، بڕیاردەرانی ئەو كردەوە تیرۆریستییە بوو، لەگەڵ هەریەكە لە لوئەی محەمەد رەزا – فەرماندەی فەوجی دژەتیرۆری گەرمیان، عاسی رەشید حوسێن – كارمەندی دژەتیرۆر لە سلێمانی، دڵشاد زیاد ئەحمەد – ئەفسەری دژەتیرۆر لە سلێمانی، وریا خالید عەلی – كارمەندی دژەتیرۆر لە سلێمانی.

لە ڤیدیۆكەدا دانپێدانانی راستەوخۆی تۆمەتباران دەبیندرێت، كە چۆن له‌لایه‌ن تیمێكی دژه‌ تیرۆری سلێمانی هێرشەكە ئەنجام دراوە و راسته‌وخۆ وه‌هاب هه‌ڵه‌بجه‌یی به‌رپرسی دژه‌ تیرۆری سلێمانی و كارزان محه‌مه‌د ره‌شید به‌رپرسی هه‌واڵگریی دژه‌ تیرۆری سلێمانی، فەرمانیان داوە بۆ ئەنجامدانی هێرشەكە.

رۆژی 19ی 10ی 2022 كە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، وەهاب هەڵەبجەیی و هەموو ئەو تۆمەتبارە داواكراوانەی دەستیان لە تاوانی تیرۆكردنی عەقید هاوكار جاف، ئەفسەری ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری، هەبوو، بە فەرمی فەسڵ كردووە و چیتر هیچ پەیوەندییەكیان بە دەزگاكەوە نەماوە.

ئێستا 34 ڕۆژ بەسەر ئەو تاوانەدا تێدەپەڕێت، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە بانگەشەی ئەوە دەكات گوایە حزبێكی سۆسیال دیموكراتە و باوەڕی بە مافەكانی مرۆڤ و بنەما دیموكراسییەكانی سەردەم هەیە، كەچی ئامادە نییە تۆمەتبارانی ئەو كەیسە رادەستی یاسا بكات و لە ڕێگەی ناشەرعیی جۆراوجۆرەوە، هەوڵی دیزەبەدەرخۆنەكردنی كەیسەكە دەدات.