ڕائیب جادر – هەولێر
لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان نرخی بەشێک لە ماددە خۆراکییەکان بەرز بووەتەوە و ھاووڵاتیان داوای ئەوە دەکەن حکوومەت لە رێگای لیژنە تایبەتیەکانیەوە، چاودێری بازاڕ بکات.
چەند ڕۆژێکە، جارێکی دیکە نرخی بەشێک لە ماددە خۆراکیەکان کە ھەندێکیان خواردەمەنی ڕۆژانەن وەک زەیت، برنج، ئارد، گۆشت، ھێلکە، تەنانەت نرخی سەوزە و میوەش گرانبووە، ھۆکارەکەشی بەشێکی پەیوەندی بەوە ھەیە لە ئێستادا ھاوردە کردن بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیووە و لە پلاندایە پشت بە بەرھەمی ناوخۆ ببەسترێت لە زۆربەی بابەتەکان، ھۆکارێکی دیکەش پەیوەندی بە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئۆکرانیا و رووسیاوە ھەیە.
نرخی خۆراک لە جیھاندا بەشێوەیەکی بەرچاو روو لە بەرزبوونەوەیە، کە لە ٢٠١٤ ـەوە ھاوشێوەی نەبووە، بەرزبونەوەی نرخ تەنیا لەسەر بەرھەمی ھاوردە نییە و بەرھەمی ناوخۆشی گرتۆتەوە. فرۆشیارانیش دەڵێن، گرانبوونی زۆرێک لە ماددە خۆراکییەکان، سوودی بۆ ئێمە نەھێشتۆتەوە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە ئەگەر شت گران بوو خەڵک کەمتر روو لە بازاڕ دەکەن. ھاووڵاتییانیش دەڵێن، بازرگانەکان بە ئارەزووی خۆیان یاری بە نرخ دەکەن.
نـرخی خۆراک بـەرزە و خـەڵک نــاڕازین
ھۆکاری سەرەکی ئەم گۆرانکاری و بەرزبوونەوە زۆرەی نرخی خۆراک لە ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان، بازاڕی بەرھەمخۆر و بەکاربەرە و پشت بە ھاوردەکردن دەبەستێت، ھەربۆیە بچووکترین گۆڕانکاری لە ڕووە جیاوازەکانی سیاسی، ئابووری و ئەمنییەوە کاریگەرییەکی گەورە دەخاتە سەر نرخەکان، ئەوە ناڕەزایی ھاووڵاتیانی لێ کەوتۆتەوە. جیھاد مستەفا، دوکاندارێکی ئیدارەی سۆرانە، بۆ ھەولێر دەڵێت:” نرخی یەک کارتۆن زەیت بە ٥٨ ھەزار دینارە، جگە لەوەی یەک گونی برنجی ٣٠ کیلۆیی بە ٥٦ ھەزار دینارە، ھەر ئەوەش نا نرخی ھەموو کەلوپەلێک گران بووە، ئەوەش وای کردووە کە خەڵک روو لە بازاڕ نەکات و کەلوپەلی خۆراک ئەگەر زۆر پێویست نەبێت نەکڕێت.
مستەفا، دەشڵێ:” راستە حکوومەت باجی لەسەر زۆر کەلوپەل کەم کردۆتەوە، بەڵام باشترە کەمتر بکات، بۆ ئەوەی لە دەروازەکان بە نرخێکی گونجاو خۆراکێکی زۆر بێتە ھەرێمی کوردستان، بەوەش نرخی کەلوپەل ھەرزان دەبێت، ئەوەش وا دەکات ھەم بازاڕی ئێمە باش بێت، ھەمیش خەڵک بتوانێت کەلوپەلی رۆژانە بکڕێت.
قەبارەی بازرگانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ
شێخ مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی گشتی یەکێتی ھاوردە و ھەناردەکارانی ھەرێمی کوردستان، بۆ ھەولێر دەڵێت:” لە بازاڕ ھەندێک جار بەرز و نزمی لە نرخەکان دەبینین، ئەوە ھەموو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئالۆگۆڕی بازرگانی زۆرمان لەگەڵ وڵاتە دراوسێکاندا ھەیە، پارەی ئەوان بەرز و نزمی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت، لەو حاڵەتەدا کاڵاکانیش بەرز و نزمی بەخۆیەوە دەبینن، لەگەڵ تورکیا ساڵانە زیاتر لە ١٠ ملیار دۆلار ئالوگۆڕی بازرگانی دەکەین، لەگەڵ ئێران نزیکەی ٧ ملیار دۆلار، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە زۆربەی کاڵاکانمان لەو دوو وڵاتەوە ھاوردە دەکەین، ساڵانە نزیکەی ٢٠ ملیار دۆلار لەگەڵ وڵاتانی جیھان ئالوگۆڕی بازرگانی دەکەین، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە بازاڕی کوردستان پەیوەستە بەوان، ھەر کاتێک نرخی کەلوپەل لەو وڵاتانە گران بوو، لێرەش گران دەبێت، رەنگە زۆر کەس بپرسێت و بڵێت، دراوی ئەو وڵاتانە روو لە نزمبوونەوەیە، ئەی بۆچی نرخی کەلوپەل دانابەزێت، پاش ئەوەی وردبینیەکی چاکمان کرد، دیار بوو کە خاوەن کارگەگان کەرەستە خاوەکانیان لە دەرەوەی ئەو وڵاتانە دێنن، واتە بە دراوی ئەو وڵاتانە دەکڕن کە لێی دێنن، ئەو کاتەش بە گرانیان لەسەر دەکەوێت، ئەوەش وا دەکات کە نرخی کەلوپەل گران ببێت.
بڕیارەکانی حکوومەت
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی کابینەی نۆیەم بەردەوام چاودێری بازاڕ دەکات، بۆ ئەوەی قۆرخکاران نرخی کەلوپەل گران نەکەن، ھەر لەبەر ئەوەش لە ماوەی رابردوو چەند بڕیارێکی دەرکرد، لەوانە بەڕێژەی لە ١٠% بۆ ١٥% باجی لەسەر ١٧١ کاڵای جۆراوجۆر کەمکردەوە.
ئەو خۆراکانەی باجیان لەسەر لادراوە، بریتین لە (ئارد، برنج، شەکر، چا، رۆنی بەستووی ئاژەڵی، شیری وشکی منداڵان، نۆکی وشک، لۆبیای وشک و پاقلەی وشک، شەکری قاڵب، زەیتی رووەکی، رۆنی رووەکیی بەستوو، نیسک، فاسۆلیای وشک و ماشی وشک. ھتد).
بە گوتەی بەرپرسی لیژنەکانی چاودێریکردنی بازاڕ، کە بۆ ھەولێر قسەیان کردووە، ھەر دوکاندارێک نرخی شتومەک بەرزبکاتەوە بەپێی یاسا سزا دەدرێت، بۆیە بەردەوام چاودێری بازاڕ دەکرێت تا رێگری لە بەرزبونەوەی نرخ بکرێت.
سەرۆکی گشتی یەکیەتی ھاوردە و ھەناردەکارانی ھەرێمی کوردستان، ئاشکرای دەکات:” قۆرخکردنی بازاڕ لەلایەن ھەندێک بازرگانەوە ھۆکارێکی دیکەیە بۆ گرانبوونی نرخی کەلوپەل، دەبێت چاودێریەکی توند لەسەر بازاڕ ھەبێت، بۆ ئەوەی بازرگانان ئەو ھەڵە نەقۆزنەوە، چاودێری بازرگانی ھەوڵی داوە بازاڕ کۆنتڕۆڵ بکات، بەڵام دەبێت رۆژانە لیژنەکانی چاودێری بازرگانی و پەیوەندیدار دەربچن بۆ دیاری کردنی نرخی کەلوپەل، ھەر چەندە کاری باش کراوە، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا ١٢ ماددەی سەرەکی باج و رسووماتیان لەسەر لاببرێت، پاش ئەوە ٢٧١ ماددەی دیکە رسوومی گومرکی بۆ نیوە دابەزێنرا، ئەوەش وای کرد بازاڕ جوولەی تێ بکەوێت، بەڵام دەبێت زیاتر کار بکرێت بۆ دابەزاندنی نرخی خۆراک”.
جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا
رێکخراوی فاوی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکیدا رایگەیاند، نرخی خۆراکی جیھان روو لە بەرزبوونەوەیە، لە سەرەتای سەرھەڵدانی شەری رووسیا و ئۆکراینا نرخی خۆراک بەشێوەیەکی بەرچاو لە سەرجەم بازاڕەکانی جیھاندا بەرز بووەتەوە و لە ھەندێک وڵاتیش مەترسیی قاتوقڕیی بەدوای خۆیدا ھێناوە و خەڵکی بەشێک لە وڵاتان بە زەحمەت خۆراکی رۆژانەیان دەست دەکەوێت.
روسیا و ئۆکرانیا دوو گەورە بەرھەمھێنەری خۆراکن لە جیھاندا، یەک لەسەر سێی ھەناردەی گەنم و کەرەستە خۆراکییەکانی جیھان پێک دێنن، بە ھەڵگیرسانی جەنگی نێوانیان راستەوخۆ جیھانی تووشی کورت ھێنان کرد، ھەرێمی کوردستانیش راستەوخۆ کەوتە ژێر دەرھاویشتەکانی، ئۆکراینا و رووسیا دوو وڵاتی گەورەی بەرھەمھێنەری گەنم و دانەوێڵە و زەیتن، رووسیاش بەرھەمھێنەری پەینی کمیاوییە، کە بۆ کشتوکاڵ بەکاردێت، رووسیا بەندەرەکانی ئۆکراینای گەمارۆداوە، ئەوەش وای کردووە کە گەنم لە بازاڕەکانی جیھان کەم بێت و نرخەکەی زۆر گران بێت، ھەر بەو ھۆیەوە ھەزاران تۆن لە ماددە خۆراکییەکان توشی کێشەی گواستنەوە ھاتوون کە لەناویاندا بەشێکی ھەناردەی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەکرا، ھەر چەندە ئێستا لە ڕێگای تورکیاوە کارئاسانی دەکرێت بۆ ھاتووچۆی بازرگانی، بەڵام پێدەچێت نرخی گواستنەوە و گرانبوونی سووتەمەنیش یەکێکی دیکە بێت لە ھۆکارەکانی گرانبوونی ماددە خۆراکیەکان کە تەنیا پەیوەست نییە بە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستانەوە.
د. محەمەد نەوزاد، شارەزا لە بواری ئابووری، بۆ ھەولێر روونیکردەوە:” بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک سێ ھۆکاری لە پشتە، گۆڕانی کەش و ھەوا، ھەڵاوسانی جیھانی کە لە دوای کۆڕۆناوە سەری ھەڵدا، جەنگی ئۆکراینا و رووسیا”.
گلەیی لە کوالێتی خۆراک ھەیە
لە ھەرێمی کوردستان شەش ھەزار و ٩١١ بریکاری دابەشکردنی خۆراک و دوو ھەزار و ٨٩٥ بریکاری دابەشکردنی ئارد ھەن، مانگانە ھەر کەسێک ٩ کیلۆ ئارد، ٣ کیلۆ برنج، ٢ کیلۆ شەکر و یەک لیتر زەیتی پێدەدرێت.
عێراق ساڵانە بڕێک پارە لە بودجە تەرخان دەکات بۆ کڕینی بەشە خۆراکی مانگانە، بەڵام ئێستا خەڵک گلەییان لە کواڵێتی ئەو خۆراکە ھەیە کە وەریدەگرن، وەزارەتی بازرگانیی عێراق پاساوی خراپی کواڵێتی خۆراکەکان بۆ کەمی بودجەی تەرخانکراو دەگەڕێنێتەوە بۆ کڕینی بەشە خۆراکی مانگانە.
زکری واحید، گوتی:” پێشتر ھەموو ماددەکانی خۆراک دەدران، بەڵام ئێستا تەنیا چەند ماددەیەک دەدرێن، ئەویش بە دوو مانگ جارێک، چەندین مانگە ئارد ھەر نەدراوە، ھیوادارین ژمارەی ماددەکان زیاد بکرێت و لە کاتی خۆی ھەموو مانگێک بدرێن، بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر بازاڕ ھەبێت و نرخی خۆراک کەم بێتەوە”.
مونیر حەمید، ھاووڵاتیەکی ئامێدییە، بۆ “ھەولێر” باس لە خراپی کواڵێتی بەشە خۆراکی مانگانە دەکات و دەڵێ:” لەم چەند ساڵەی دوایی کواڵێتی ئەو ماددانەی کە دابەشدەکرێن زۆر خراپە، بەتایبەتی ئارد و برنج، ھەر بە کەڵکی نان و خواردن نایەن و زۆرجار خەڵک پێش ئەوەی وەریبگرن بە بریکارەکان دەفرۆشنەوە و لە بازاڕ ھەمان خۆراک بەس کوالێتی بەرز دەکڕنەوە.
بەرنامەیەکی باش دانراوە بۆ باشترکردنی ماددەکانی خۆراک، بەگوتەی بەرپرسانی کۆمپانیای خۆراک لە شاروشارۆچکەکان کە بۆ ھەولێر قسەیان کردووە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھیچ دەستەڵاتی لەسەر دابینکردنی خۆراکەوە نییە، حکوومەتی عێراق کاری دابینکردنی خۆراک دەکات، بەس میکانیزمی دابەشکردنەکە لەسەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، کەواتە حکوومەتی عێراق مولزەمە بە دابینکردن و ھێنان و باشترکردنی کواڵێتی ماددەکانی خۆراک”.