غەفوور مەخمووری سکرتێری گشتیی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK، لە پەیامێکیدا بۆ بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانی رێبەری بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی کوردستان، بەبۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەی (14)ی پارتی دیموكراتی كوردستان و هەڵبژاردنەوەی جەنابیان بۆ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، وێڕای پیرۆزبایی و هیوای تەمەن درێژی و سەرکەوتن خواستن بۆ جەنابیان، ئاماژە بە رۆڵی کاریگەرانەی سەرۆک بارزانی بۆ رێکخستنەوەی نێوماڵی کوردستان دەکات و، لەم پێناوەشدا پێشنیاری پێکهێنانی (ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی کوردستان) دەکات. ئەمەش دەقی پەیامەکەیە :
برای بەڕێزمان جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی رێبەری بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستان
سڵاوێكی برایانەی گەرم …
بەناوی خۆمان و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی سەركردایەتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK، بەبۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەی (14)ی پارتی دیموكراتی كوردستان و هەڵبژاردنەوەی جەنابتان بۆ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، جوانترین و گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابتان و بەڕێزان لە کۆمیتەی ناوەندی و تەواوی كادرو ئەندامان و جەماوەری پارتی دیموکراتی کوردستان دەكەین و هیوای تەمەن درێژی و بەردەوامی و پێشڤەچوون و سەركەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازین.
هەڵبژاردنەوەی جەنابتان بۆ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیارێکی دروستی کۆنگرەی (14)ی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، لەبەرئەوەی كوردستان و ناوچەكە لە رەوشێكی زۆر ناسك و هەستیاردان و، هەموو رۆژهەڵاتی ناڤین لەبەردەم كۆمەڵێ ئەگەرو پێشهات و گۆڕانكاری مەزندان، بۆ خۆئامادەكردن بۆ ئەم رەوشە پێویستیمان بە سیاسەتی حەکیمانی جەنابتانە بۆ رێكخستنەوەو یەکخستنەوەی ناوەندی سیاسی كوردستان و یەكڕیزی و یەكدەنگی هەموو لایەنە سیاسییەكان و تەواوی پێكهاتەكانی گەلی كوردستان، رێبەری شۆڕشی گەلی کوردستان (مستەفا بارزانی نەمر) لە شۆڕشی ئەیلوولی نیشتمانیدا هەمیشە هەوڵیداوە تەبایی و یەکڕیزی و یەکدەنگی نێوان هێزە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی گەلی کوردستان بپارێزێت و چەتری هاوبەشی هێزە کوردستانییەکان و کەسانی وڵاتپارێزو تێکۆشەرانی کوردستان بوو، بەردەوام هەوڵیدەدا ناوماڵی کوردستان رێک و یەک بێت، جەنابتان کە درێژەپێدەری رێبازی (بارزانی نەمر)ن وەك هەمیشە دەتوانن رۆڵێكی كاریگەر و مەزن ببینن بۆ کۆکردنەوەی تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و رێکخستنەوەی ناوەندی سیاسیی کوردستان، بە باوەڕی ئێمە پێکهێنانی (ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی کوردستان) دەبێتە فاکتەرێکی بەهێز بۆ یەکڕیزی و یەکدەنگی و رێکخستنەوەی نێوماڵی کوردستان، بۆ ئەمەش جەنابتان دەتوانن رۆڵێکی کارا بگێڕن، لەم پێناوەشدا ئێمە وەكو YNDK ئامادەی هەموو جۆرە هاوكاری و پشتوانییەكین.
لەكۆتاییدا؛ دووبارە هیوای تەمەن درێژی و تەندروستییەکی باش بۆ جەنابتان و پێشڤەچون و سەرکەوتنی زیاتر بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان دەخوازین و، جەختدەكەینەوە سەر پتەوكردن و پێشڤەبردنی پەیوەندی هاوخەباتی و برایانەی نێوانمان لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان و گەیشتنمان بە مافە رەواكانمان .. لەگەڵ رێزو خۆشەویستی دووبارەماندا .
هەر بژین و سەركەوتووبن بۆ كوردو كوردستان.
برای دڵسۆزتان
غەفوور مەخمووری
سکرتێری گشتیی
یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK