شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

پۆلیسی پارێزگای هەولێر ..دوو برا ویستوویانە فێڵ لە پۆلیس و دادگا بکەن بەڵام ئاشکرا بوونە دەستگیر کران.

هۆگر عه‌زیز، گوته‌بێژی پۆلیسی هه‌ولێر له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رای گەیاند، دوای ئه‌وه‌ی رۆژی 6ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022، ئۆتۆمبێلێكی تاكسی له‌ ژنێكی سووری به‌ ناوی (نه‌سرین ئیبراهیم حه‌سه‌ن)ی ته‌مه‌ن 28 ساڵان ده‌دات له‌ناو شاری هه‌ولێر له‌سه‌ر شه‌قامی (هه‌ولێر – كۆیه‌)، دوای رووداوه‌كه‌ش هه‌ڵدێت و به‌هۆی نه‌بوونی مۆڵه‌تی شۆفێری كه‌سێكی دیكه‌ له‌بری ئه‌و کە برای بووە خۆی راده‌ستی پۆلیس كرد.

گوتیشی، دوای لێكۆڵینه‌وه‌ دەرکەوت ئه‌و كه‌سی خۆی راده‌ستی پۆلیس كردووه‌، شۆفێری ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ نه‌بووه‌، بۆیه‌ توانرا تۆمه‌تباری راسته‌قینه‌ به‌ناوی (أ. ن. ك) كه‌ ته‌مه‌نی 19 ساڵه‌، بدۆزرێتەوە و ده‌ستگیر بکرێ.

روونیشی کردەوە، ئه‌و كه‌سەی خۆی وه‌ك شۆفێری تاكسییه‌كه‌ ناساندبوو ناوی (ص. ن. ك)ه‌ و برای تۆمه‌تباری سه‌ره‌كییه‌ كه‌ به‌هۆی نه‌بوونی مۆڵه‌تی شۆفێری هه‌وڵی به‌لاڕێبردنی په‌ڕاوی لۆكۆڵینه‌وه‌یان داوه‌، ئێستاش هه‌ر‌دووكیان به‌ بڕیاری داده‌وه‌ر راگیراون و په‌ڕاوه‌كانیان ره‌وانه‌ی دادگا كراوه‌ به‌پێی مادده‌ی (24ی هاتووچۆ).