شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

یۆنان زەمالەى خوێندن پێشکەش بە زانکۆکانى کوردستان دەکات

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ (8ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، له‌میانی كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌گه‌ڵ كونسوڵی گشتی یۆنان له‌ هه‌رێمی كوردستان، جەخت لەسەر هەماهەنگى و ئاڵوگۆڕى زانستى، ئەکادیمى و پەرەپێدانى تواناكان له‌نێوان زانکۆ و دامەزراوەکانى هه‌رێمی كوردستان و یۆنان كرا.

لەلایەن خۆیەوە ستاڤرۆس کێریمیس، کونسوڵى گشتى یۆنان لە هەرێمى کوردستان دووپاتیکردەوە، مەبەستیانە بناغەى پەیوەندییەکى بەهێزى زانستى و ئەکادیمى لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان دابڕێژین، لەبوارى خوێندن و هەماهەنگى، بۆ ئەوەش پلانى وڵاتەکەى لەو چوارچێوەیەدا خستەڕوو.

لە دیدارەکەدا دابینكردنی ژمارەیەک زه‌ماله‌ی خوێندن بۆ فێرخوازانى هەرێمى کوردستان لەلایەن وڵاتى یۆنان گفتوگۆى لەبارەوە کرا بەتایبەت ئەو پسپۆڕى و بوارانەى پێویستى هەرێمى کوردستانە، کە ئەمەش دواى سەردانى شاندی وه‌زاره‌تی خوێندنى باڵاى هەرێم دێت بۆ ئەو وڵاتە و واژووكردنی یاداشتی لێكتێگه‌یشتنی هاوبەش بۆ پەرەپێدان و ئاڵوگۆڕى زانستى و ئەکادیمى لەنێوان هەردوولا.

لەو چوارچێوەیەشدا بڕیاردرا دواى داڕشتنەوەى مەرج و رێنماییەکان، وردەکارى زەمالەکە ئاشكرابكرێت بۆ ئەوەى فێرخوازان بەبێ جیاوازى مافى پێشکەشکردنیان هەبێت