پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

تەنیا لە سلێمانی دانانی بەردی بناغەی كرێچییان ئەگەری دواکەوتنی هەیە

دەستپێكردن بۆ دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كرێچییان لە تەواوی شار و شارۆكەكان ئێستە كاری تێدا دەكرێ‌، لە دوو هەفتەی داهاتوودا لە سێ‌ شوێنی هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی ئەو پرۆسە گرنگە بۆ كرێنشینان دەست پێ‌ دەكات، بەڵام لە سلێمانی بەهۆی ئەوەی زۆربەی زەوییەكان موڵكی هاووڵاتییانن، كوژاندنەوەیان و كردنیان بە موڵكی شارەوانی و تەواوكردنی رێكارەكانی بۆ دەكرێ‌ كات دەخایەنێت.

ئەمساڵ حكوومەت بۆ باشتركردنی ژیانی هاووڵاتییان بڕیاری داوە، یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كرێچییان دروست بكات، بەپێی ئەو پلانەی دانراوە 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بە قەرزی درێژخایەن بە هاووڵاتییان دەدرێ‌.

ئەمڕۆ سێشەم هەشتی تشرینی دووەم، سامان كانەبی ئەندامی كۆمەڵەی كرێنشینان راگەیاند، لە سەرجەم شار و شارۆكەكان دەست كراوە بە دروستكردن و ئامادەكاری یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كرێچییان.

زیاتر گوتی، كەمكردنەوەی 20 هەزار كرێچیی راستەقینە زۆر گرنگە و پێویستە بەرپرسانە لەگەڵ ئەو بابەتە مامەڵە بكرێ‌، ئێستەیش بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا بەردی بناغەی دروستكردنی ئەو یەكانە لە سەنتەری سۆران دابنرێ‌.

باسی لەوەش كرد، تەنیا لە سلێمانی ئەگەری دواكەوتنی كارەكان هەیە، ئەویش ئەركێكی قورس لەسەر شارەوانی هەیە و كاریان زۆرە.

بە گوتەی ئەو بەرپرسەی كرێنشینان، ئێستە شارەوانیی سلێمانی سنووری تانجەڕۆ و تاسڵووجەی بۆ كرێچییان ئامادە كردووە، بەڵام كێشە ئەوەیە زۆربەی زەوییەكان موڵكی هاووڵاتییانن و كوژاندنەوەیان بۆ دەكرێ‌، تا بكرێن بە موڵكی شارەوانی و تەواوكردنی رێكارەكان كات دەخایەنێت.

لە هەرێمی كوردستاندا 120 هەزار هاووڵاتی فۆڕمی كرێچییان پڕ كردووەتەوە، كۆمەڵێك پێوەر دیاری كراوە تا كەسانی شیاو لەو پرۆسە گرنگە سوودمەند بن.