خەدیجە عومەر، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان:فراکسیۆنی پارتی پێداگری کرد لەوەی ھەڵبژاردنی پەرلەمان، لە کاتی خۆیدا بکرێت، بەڵام هەندێک لایەن ڕێگریان کرد

خەدیجە عومەر، ئەندامی لیژنەی یاساییی پەرلەمانی کوردستان، لە دیدارێکدا لەگەڵ ھەولێر ڕایدەگەیەنێت، ھەندێک لایەن لەگەڵ ئەوە نەبوون ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، بۆیە بەردەوام بیانویان دەھێنایەوە و بەربەستیان دروست دەکرد. دەشڵێ، دەست لە کارکێشانەوەی ھەندێک پەرلەمانتار لە ڕووی یاسا و پەیڕەوی ناوخۆ کاریگەری نابێت لەسەر کاری پەرلەمان و بەشێوەیەکی یاسایی و ئاسایی بەردەوام دەبێت لە کارەکانی خۆی.

• دەربارەی دواخستنی هەڵبژاردن چی دەڵێن؟
-ئێمە وەکو فراکسیۆنی پارتی ھەمیشە تەئکیدمان لەسەر ئەوە دەکردەوە، دەبێت ھەڵبژاردن لە کات خۆیدا بکرێت. بۆ ئەو مەبەستە فراکسیۆنی پارتی چەندین جار لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکە کۆبوویەوە، ھەروەھا لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان چەندین کۆبوونەوە و دانیشتن کراون، بۆ ئەوەی بگەینە ڕێککەوتن و ھەڵبژاردن دوا نەخرێت و لە کاتی خۆیدا بکرێت. بەڵام ھەندێک لایەن لەگەڵ ئەوە نەبوون ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، بۆیە بەردەوام بیانویان دەھێنایەوە و بەربەستیان دروست کرد، ئەوەش وای کرد کە لەو ماوەیەدا کۆمیسیۆن کارا نەکرێتەوە. یاسای ھەڵبژاردن دەرنەکرێت. کە ھەندێک لایەنیش داوایان دەکرد یاساکە ھەموار بکرێتەوە، بەڵام کات نەما بوو، بۆیە ئەوانە ھەموو بوونە ڕێگر و نەمان توانی لە کاتی خۆیدا ھەڵبژاردن بکەین، ھەرچەندە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ١ی ١٠ی دەست نیشان کردبوو بۆ ھەڵبژاردن.

  • کەواتە کەی ھەڵبژاردن دەکرێت؟
  • لەو ماوەیەدا کە تەمەنی پەرلەمان بۆ ساڵێک درێژ کرایەوە، دەبێت لایەنەکان پێکەوە دابنیشن و گفتوگۆ بکەن و بگەنە ڕێککەوتن، بۆ ئەوەی بەربەستە یاساییەکان نەمێنن و ھەڵبژاردن لەو ماوەیەدا بکرێت. *ئایا نەمانی ھەندێک فراکسیۆن و پەرلەمانتار کاریگەری لەسەر ئەدای پەرلەمان دەبێت؟
  • دەست لە کارکێشانەوەی ھەندێک لە ئەندامانی پەرلەمان و نەھاتنی ھەندێک پەرلەمانتار بۆ پەرلەمان، لە ڕووی یاسا و پەیڕەوی ناوخۆ کاریگەری نابێت و پەرلەمان بەشێوەی یاسایی و ئاسایی بەردەوام دەبێت لە کارەکانی خۆی و یاسا دەردەکات و چاودێری کارەکانی حکوومەت دەکات تا ئەو ماوەی کە بۆ پەرلەمان دیاری کراوە کە ساڵێکە لە کارەکانی خۆی بەردەوام دەبێت.
  • چ پرۆژە یاسایەکی گرنگ لە پەرلەمانە و دەتانەوێت لەو ماوەیەدا پەسەندی بکەن؟
  • لەو ماوەیەدا کە تەمەنی پەرلەمان درێژ کراوەتەوە، کۆمەڵێک پرۆژە یاسای گرنگ ھەن کە دەبێت خوێندنەوەی یەکەم و دووەمیان بۆ بکرێت تاوەکو پەسەند بکەین. بۆ نموونە، یاسای کار خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە و لەو ماوەیەدا دەخەینە بەرنامەی کار و پەسەندی دەکەین، بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن یاسای کار، چونکە ئەو یاسایە تایبەتە بە کەرتی تایبەت و کابینەی نۆیەمیش زۆر گرنگی بە کەرتی تایبەت دەدات، ئەگەر پەسەند کرا پاڵپشتییەکی زۆر گرنگ دەبێت بۆ کەرتی تایبەت، خەڵکیش ئەوەندە ڕوو لە حکوومەت ناکەن. کاتێک حکوومەت نایەوێت مافی ئەوان بخورێت، ئیدی ئایندەی ئەوان ڕوونە و گرەنتی ھەیە و چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ کاری ئەوان ھەیە، بەوەش ئەو فشارەی لەسەر حکوومەت ھەیە کەم دەبێتەوە، بۆیە یاسایەکی زۆر گرنگە و لە بەرژەوەندی خەڵکی ھەرێمی کوردستاندایە. ھەروەھا یاسای پەروەردە، ئێمە وەکو لیژنەی یاسایی دەمانەوێت ڕاپۆرتی کۆتایی ئامادە بکەین، بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت. ئەوەی دیکە کۆمەڵێک پڕۆژە و پێشنیاز ھەن لەو ماوەیەدا کاریان لەسەر دەکەین تاکو ببنە یاسا و لە خزمەت خەڵکی ھەرێمی کوردستاندا بن. بابەتی دەستووریش، بابەتێکی زۆر گرنگە و پێویستە ھەموو فراکسیۆنەکان ھەوڵ بدەن لەو ماوەیەدا دەستوور بنووسن بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت و ھەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن دەستووری خۆی،. ئەمە مەسەلەیەکی یەکجار گرنگە بۆ ھەرێمی کوردستان. بێگومان ھەر یاسایەک لە بەرژەوەندی خەڵکی ھەرێمی کوردستاندا بێت، فراکسیۆنی پارتی بە بێ دوو دڵی کار لەسەر دەکات”.